Skip to content

لێکۆڵینەوەیەک لەسەر مێژووی گۆرانی “ئامینێ سەیدی”

توێژینەوە: سەعید عەبدی

ئاوڕێک ڵە بەیتی خەزێم

جاری وایە گۆرانێک بە دەیان جار دەبیستین و هەروا بە سووک و هاسانی لێی دەگوزەرێین و نازانین باسی چ ڕووداوێکە. یەکێک لەوانە کە زۆر جاران گوێمان داوەتێ بەڵام بە دڵنیاییەوە نەمانزانیوە ئاماژە بە چیدەکات گۆرانی “ئامین و ئامین ئامینێ سەیدی” بەدەنگی خوالێخۆشبوو مامۆستا (محەممەدی ماملێ)یە کە بەندەکانی بەشێکن لە بەیتی کۆنی (خەزێم).

بەڵام من منداڵ بووم و ئەو دەقەم لە ڕادێۆ بەغدا بەشی کوردی ، لە گۆرانێکی کۆنی کوردی (تیپی کەرکووک) بیستبووە کە لانیکەم ٤٥ ساڵ دەبێ خوێندراوە و هەموو بەندەکانی، دەقی کورتکراوەی بەیتی (خەزێم)ِـه و دڵنیام زۆر جاران گوێبیستی بووینە بە بێ ئەوەی بزانین ئەوە بەشێکە لە بەیتی {خەزێم}.
لێرەدا پێناسەیەکی کورت و سـەرەکیمان هەیە بەسەر ئەم بەیتە و هیوادارم بە دڵی ئێوەی هێژا بێت.

بەیتی خەزێم

بەیتی خەزێم بەیتێکی زۆر کۆنی دڵداری کـوردییە و کاتی خۆی ئەم بەیتە کۆڕی شایی و هەڵپەڕکێی، گەرم و گوڕ کردبوو. خەزێم وەک بەیتەکانی تری کـوردەواری ناچێت. “خـەزێم” باسی ئەوینداری کوڕەدۆم و کچە دۆمێکی کۆچەرە. عەشقی کوڕەمیر و کچە وەزیر نییە و کـوڕە دۆم بە وتەی مامۆستا هێمن ؛ کوڕێکی قیت و قۆز و گورج و گۆڵە و لە سەروەت و سامانی دونیا، تەنها شـڕە دەوارێکی هەیە و کەرێکی پشت بریندار و جووتە کەوێکی ڕاونەکەر و بژیو و دمەدۆی لە ڕێگای شایەری و بەند هاویشتنی شایی و هەڵپەڕکێ دابین دەبێت و کچە دۆمیش، یەکێکی دەم و چاو ڕەشی سووتاو لە بەرتاوێیە بەڵام خۆێن شیرین و گوند بە گووند دەگەڕێ هەتا چەند دانە زارجۆ بنێشت و خولخولە و مەزرەق و تەشی و شانەی دار و بێژینگ بفرۆشێت و جارجارەش کوڕەتیوی کوچە و کۆڵانان دەست بزێوی لەگەڵ دەکەن. ڕۆژێک لە ڕۆژان کوڕە دۆم بە دۆستەکەی دەڵێت :ئەمڕۆ شایی هەیە بچم یان نا؟کچە دەڵێ : بەڵێ بچوو.
کوڕەدۆم دەچێتە شایی و، هەڵپەڕکێگەرم دەبێت بەڵام هەرچی ڕووانی کۆنەدۆستەکەی نەبینی و هەربۆیەش کۆڕی شایی بە ڕەفیقەکەی سپارد و گەڕایەوە لای کچەدۆم. هەرای کرد :

  • هۆی ئازیزەکەم ؛ گلێنەی چاوم بۆ نەهاتی بۆ شایی؟
    کچە دۆم چاوەڕەشەکانی هەڵێنا و بە گریانەوە وتی :
  • کراسم نییە پێی بچمە شایی.
    کوڕەدۆم جوابی دایەوە :
  • ئەوە دەچمە بازاڕ و بۆت دەکڕم.
IMG_9033

لەمەوبەدوا کوڕە دۆم دەبێتە کەسێکی تر و بەیتبێژ جووتە باڵێکی لێهەڵداوەسێ و دەیکاتە کوڕێکی ساماندار کە بە هەموو قوماشێک ڕازی نییە و نیو گەز پارچەی کیمخوا و خارا و کەتانی هیندی، بە سێسەد سکەی زێڕ دەکڕێت؛
سەد وەستا لە (لاجان) بانگ دەکات شێست لە (موسڵی) ، چل لە (تارانێ) و شێست شاگرد لە (شنۆیە). کراس بە زوویی حازر دەبێت، سەنگی سەر مەمکانی لە زومڕۆت و داوێنی لە لەعل و گوڵی لالە.
موژدە بـۆ یار دەباتەوە کە کراس حازرە بەڵام بە پێچەوانە کچە دۆم کە تا ئێستا بە هـۆی نەبوونی کراس دەگریا، ئەمجارە بە کراسی ئەتڵەس و حەریر قایل نابێت و کوڕە دۆم ناچار دەبێ چەندین سەید و مەلا و ڕدێن سپی بنێرێتە لای کچە دۆم !! و ئەوەش دەسکردی بەیتـبێژە بۆ داپۆشینی کەم و کوڕییەکانی هەژاری ئەم جووتە دڵدارەیە و درێژەپێدانی بەیتەکە و بە نۆعێک {ئێغڕاق} و هەڵکێشانە و ڕاستەقینە بە پێچەوانەیە.
دیارە سەرئەنجام کچەدۆم، بە تکا و ڕەجا ڕازی دەبێ بێتە شایی. کچە دۆم کراسی دیلانێ دەپۆشێ و بـۆ جوانیش {خەزێمێک} دە لووتی دەکات و کورد وتەنی : (“بە هەشتان نەدەچووە دە داوەتێ و بە نـۆیان نەداهاتەوە دەر”) و هەتا ئـێوارێ کەیف دەکات و هەڵدەپەڕێ.
ئێوارێ ماندوو مردوو لە شایی دەگەڕێتەوە و جل و بەرگەکانی لەبەر دەکا و دەستێک بە لووتی دەکێشێ و لە نەکاو تێدەگا کە [خەزێم] لە وەختی هەڵپەڕین دا بزر بووە :

ئەگەر ئاوێنەی بۆ خۆی هێناوە
تەماشا دەکا ڕەنگی سووتاوە
لە کەپۆی نواری*، خەزێم نەماوە.

کوڕەدۆم بە بیستنی ئەم هەواڵە دەگەڕێتەوە شوێنی هەڵپەڕین و هەموو کەلێن و قوژبنێک دەگەڕێ بەڵام خەزێم نادۆزێتەوە. بەیتبێژ لێرەدا بۆ جارێکی دیکە پەنا دەباتە بەر شێوەی {ئیبداع} و {ئێغڕاق} و دیسانیش کوڕەدۆمی چڵکن و ڕەش و ڕووت دەکاتە کەسێکی خاوەن دەسەڵات و دەستڕۆیشتوو تا ئەو ڕادەیە کە فەرمان دەدا بە پاشای بابان بۆ ئەوەی کە لە هەموو شوێنێک، جاڕ بکێشن و خەڵک ئاگادار بکەنەوە کە خەزێمی کەپۆی کچە دۆم بزر بووە!دیسانیش کوڕە دۆم باڵی بەرزەفڕ لە خۆی دەنێ و دەڵێ :(دەچمە ئیسفەهان خەزێمێک دێنم) کوڕە دۆم لە خەیاڵیدا بەوەش ڕازی نابێت و فەرمان دەدا هەتا خەزێم دەدۆزرێتەوە دەبێ هەموو خەڵک تازیە ڕابگرن :

تازیەی ڕابگرن هەتا حەوت ساڵان
{ـ پاک سەرو دەبڕم ماڵ بێ بە تاڵان}

تەواوی شار و گوندەکان بە خاتری بزر بوونی خەزێم تازیەبار دەبن و شادی لە وڵات هەڵدەگیرێ و تەنانەت دەوڵەتی عوسمانیش بەو هۆیە تازیەبار دەبێت! و ئەوەش شتێک نییە جگە لە هەڵکێشان لە لایان بەیتبێژ. ڕۆژها تێدەپەڕێ تا ئەوەی کە هەواڵ لە موسڵ ڕا دێت کە خەزێمیان دۆزیەوە :

تەتەرێک لە لای موسڵ هاتەوە
مزگێنیم لە تۆ ، ئەی هەرە لاوە
خەزێم بزر بوو ئەوە بیندراوە

چەند دێرێک لە بەیتی خەزێم” بەپێی گۆرانی خەزێم، :

ڕۆژێک لە ڕۆژان، سەر لە سپیانێ
یارم ڕاوەستا، لە ژێر هەیوانێ
بە دوو چاوی ڕەش، دەکا گریانێ
بۆچی دەگریێ ، هۆ کیژە جوانی؟
چ کراسم نینە، پێی بکەم دیلانێ
ڕۆژێک لە ڕۆژان، چوومە باژێری
دیتم دەڵاڵێک، کراس دەگێڕی
لێم معامەلەت کرد، بە سێسەد زێڕی
چوار پێنج زێڕم دا، کراسم کڕی
موژدە بۆ یارێ، کراس هاتەوە
نە کورت نە درێژ بێ،
لەسەر پانیلان هەر قالبڕێژ بێ
ئەکەر کورتیشە، تێی بکاتەوە
ئەگەر درێژە، لێی پکاتەوە ..

(توێژینەوە: سەعید عەبدی)
تابڵۆی سەرەکی شاکاری مامۆستا ئیرەج قادری ئازەرە

سەرچاوەکـان: چاوخشاندنێک بە سەر کتێبی

ــ تحفە مظفریه ـ اسکارمان ۱۹۰٥ ـ آلمان 

ـ گەشتێک بە ناو بەیت و گۆرانییەکانی کوردی

*(نواری: چاوی لێکرد)

خەزێم بە دەنگی م.محەمەد ماملێ کە بە (ئامینێ سەیدی) ناوی دەرکردووە

خەزێم بە دەنگی ئیبراهیم سابیر


بابەتی پێوەندیدار