کۆچى دوايى کەسايەتيى نيشتمان پەروەر و ئايينى کورد، مامۆستا مەلا ڕەشيد قەرەنى زادە:
بەداخەوە مامۆستا مەلا ڕەشيد قەرنى زادە ئيمام جومعەى پێشووى شارى مەهاباد دواى تووشبوون بە نەخۆشيەکى درێژ خايەن ماڵئاوايى لە زێد و نيشتمان کرد.
مامۆستا کەسايەتيەکى زانا لە بوارى ئايينى بوو و هەروەها لە بوارى وەرگێڕان و نووسيندا چالاک بوو. خوالێخۆشبوو هەردەم لەگەڵ خەم و شادى گەلەکەى دا دەژيا و تا دوايين ساتەکانى تەمەنى سەربەرزانەى خەڵكيىبوونى خۆى پاراست و لە پێناو پلە و پايە، ملکەچى ويست و داواى ناڕەوا نەبوو و ديارە نرخەکەشى تەريکخرانەوە لە لايەن دەسەڵاتەوە بوو. هەست و بيرى مامۆستا نەتەنيا لاى زێدەکەى موکريان و مەهاباد بەڵکوو دەگەڵ بەشەکانى ديکەى نيشتمانيش تێکەڵاو بوو شەريکى خۆشى و ناخۆشيان بوو.
لە کاتێکدا زۆر لە بيرۆکە دينيەکان وەک ئامراز کەڵکيان لێ وەردەگيرێ و کەسانێک لەوڵاتانى گەشە نەسەندوو بە ئامانجى نەرێنى و دژ بە خەڵک بەکارى دێنن، بەڕێز مامۆستا هاوکات لەگەڵ ڕاپەڕاندنى کاروبارى ئايينى، نەتەوەخوازى لە سەردێڕەکانى ژيانى دانابوو و خۆشەويستى وڵاتى بە گوێى گەلەکەى دا وەک ئەرکێکى ئايينى دەچرپاند.
وتارى مامۆستا لەڕێوڕەسمى ئەسپاردە کردنى (محەممەد ماملێ) دەرخەرى ئەو ڕاستييەن. بێگومان لە ڕابردوو و ئێستا دا گەلى کورد هاوخەباتى بۆ دەستەبەرکردنى مافە نەتەوايەتيەکانى دەگەڵ ڕەهەندى ئايينى تێکەڵاو کردووە و لە حوجرە و مزگەوتەکان کەسانى گەورەى بۆ ئەو مەبەستە پەروەردە کردووە.
ئەو ڕاستييە لە سەردەمی کۆمار و پێشەواى نەمر دا گەيشتە لووتکە و ديارە دواتريش بووەتە هەوێنى زۆر بزاڤ و جوڵانەوەى کورد. بەو پێيە بە لەدەستچوونى ئەو زاتە مەزنە خەسارێکى گەورە بەر کۆمەڵگاى کوردەوارى کەوت.
ئێمە وەک دەستەى بەڕێوەبەڕى مەڵبەندى هونەرى ماملێ خۆمان بە هاوبەشى خەمى دەزانين و لە خوداى بێ هاوتا داواکارين ڕووحى بەبەهەشتى بەرين شاد بێ. هيوادارين نموونەيان زۆر بێ، ڕێگاى بە بوونى مامۆستايانى خاوەن هەڵوێست پڕ ڕێبوار بێ.
مەڵبەندی هونەریی ماملێ
13/07/2018