Skip to content

ژیاننامەی محەممەدی ماملێ

43-708x1024
لە ڕاستەوە: هاشم ماملێ، سەعید ماملێ و محەممەدی ماملێ

ناوی ماملێ بە هۆی خزمەت و هەڵوێست و هاودەردییەکی کە بنەماڵەی ماملێ لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەی کورددا هەیانبووە، ناوێکی ناسراوە. بە هۆی هەندێک تایبەتمەندی حاشاهەڵنەگر و لەبەرچاوگرتنی زەمەنی تایبەت و چەند فاکتەرێکی بەرچاو، مامۆستا محمد ماملێ لە ناو نەتەوەی کورددا ناسراوترین ئەندامی ئەو بنەماڵەیە. لە زۆر گۆڤار و ڕۆژنامە و کۆڕ و پەرتووکاندا نووسەران و چالاکڤانانی رامیاری و کولتووری هەوڵیان داوە تا ئەو بنەماڵەیە بە گشتی و مامۆستا محمد ماملێ بە تایبەتی بناسێنن. یەکەم کەس کە پەرتووکی لە سەر ئەو هونەرمەندە نەتەوەییە[1] نووسی، ڕێزدار و مامۆستای هونەردۆست ”محمد حسن احمد” بوو. ڕێزدار سمایلی ماملێش لە دواییدا پەرتووکی خۆی لە سەر بنەماڵەی هونەرمەندی ماملێ و زۆر تایبەتمەندی مامۆستا محمد ماملێ لە ژێرناوی توێشەبەرەی هونەری ماملێ بڵاو کردەوە. لە دواییدا هێژا هیوا قارەمانی پەرتووکێکی لە سەر ئەم مامۆستا کوردپەروەرە و بەرهەمەکانی بە چاپ گەیاند. لە پەرتووکی مێژووی مەهاباد نووسینی مامۆستای هێژا سید محمد صمدی لە چەندین بەشی جۆراوجۆردا زانیاری لە مەڕ مامۆستا ماملێ دەست دەکەوێ.

ڕێزدار ”فریدون حکیم زادە”ش لە پەرتووکی خۆیدا ئاماژەیەکی بە مامۆستا محمد ماملێ کردووە. نووسین و بیرەوەری زۆر بە نرخ لە سەر ئەو بنەماڵەیە و مامۆستا محمد ماملێ تا ئێستا بڵاو کراوەتەوە بەڵام بە هۆی نەبوونی ئازادی لە نێوخۆی وڵاتدا و دەستڕانەگەییشتنی زۆر کەس بە سەرچاوەی جێی متمانە، کاریگەری خۆی داناوە و هەر بۆیە دەکرێ لە سەر ئەو بنەماڵەیە زۆرتر بنووسرێت. بنەماڵەیەک کە دیاری پیرۆزی وەک مامۆستا محمد ماملێی پێشکەش بە نەتەوەی کورد کردووە، ناوبانگ و جوانییەکانیان تەنیا بە هونەر و دەنگخۆشی نەبەستراوەتەوە، هەر چەند کە مرۆڤ پێویستە قەڵەمی شازادەیەکی وەک شەڕەفخانی بەدلیسی هەبێ تا بتوانێ لە سەر بەرزایی و گەورەیی ماملێ بنووسێ.

Kak-Motaleb-Kak-Mohammad-Kak-Cefer
لە ڕاستەوە: جەعفەر ماملێ، محەممەد ماملێ و موتەلیب ی ماملێ


میرزا سعید کوڕی مام مستەفا کوڕی میرزا علی (ناسراو بە مام علی) یەک لە ئەندامانی کۆنی بنەماڵەی ماملێ لە ناوچەی موکریانی کوردستان بوو. لەو سەردەمدا کە کوردستان لە هەر چەشنە فێرگەیەکی زانستی، خزمەتگوزارییەکی حکومەتی ناوەندی و زۆر پێداویستی سەردەم بێبەر بوو، میرزا سعید ژیانی بنەماڵەی لە ڕێگەی دوکانداری و کرین و فرۆش لە ناوچەدا بە سەربەرزی دابین دەکرد.[2]،[3] کاتێک کە حکومەتی ناوەندی کاری تۆمارکردنی ناو و ناسناوی لە کوردستان دەست پێکرد، بە هۆی نائاگایی و ناشارەزایی بەرپرسی حکومەتی هەڵەیەک رووی دا و مام علی بە ماملێ تێگەییشتبوو.[4] ناوی ماملێ لەو ڕۆژەوە وەک ناسناوی ئەو بنەماڵەیە ماوەتەوە و موکریانی گوتەنی لە زاران زۆر خۆشە.
میرزا سعید ماملێ کەسایەتییەکی سەرنجڕاکێشی هەبووە. لە کوردستانێکدا کە بە هەموو جۆرێک ئاسایەش و هێمنی لە جەماوەری کورد خەوشەدار کرابوو، لە هەر دەرفەتێکی گونجاودا کەڵکی وەردەگرت تا شێعری کوردی بخوێنێتەوە و بە تایبەتی حەزیی زۆر لە شێعرەکانی وەفایی بوو.[5]،[6]،[7] لە ماڵێدا گۆرانی بۆ منداڵەکانی دەکوت و جیا لە دەربڕینی دەنگی خۆش و ڕەسەنی، وانەکانی گۆرانی گوتنەوەی بە منداڵەکانی دەدا. لە سەردانێکدا کە سید علی اصغر کوردستانی بۆ شاری مەهابادی کردبوو، جیا لەوە کە سید علی اصغری هونەرمەند، خۆشی لە دەنگی میرزا سعیدی هاتبوو، کەسایەتی ناوبراویش زۆر سەرنجی مامۆستا کوردستانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو. دەگێڕنەوە کە مامۆستا سید علی اصغر کوردستانی میرزا سعید ماملێی لە باوەش گرتبوو و فەرمووبووی:

<< مام سعید خودا شاهیدە من بە دڵ عاشق بە دەنگی تۆم>>.[8]

یەکەم کوڕی ئەو میرزا حسین ماملێ لە ساڵی ١٩٠٩ی زایینی هاتە سەر دونیا[9] کە وەک باوکی بۆ ژیری و دەنگخۆشی ناوی بەدەر کردبوو. میرزا سعید ماملێ جیا لەم نازدارەی پێنج کوڕی دیکەی بە ناوەکانی محمد، هاشم، حەسەن، مطلب و جعفر و کچێکی بە ناوی طوبی هەبوو.[10] شێوەی هەڵس و کەوتی میرزا سعید لە ناو بنەماڵە و بایەخ بە کەسایەتی ژن و ڕێزلێنان لە گەورە و بچووکی کاریگەرییەکی زەقی لە سەر منداڵەکانی دانابوو، بە شێوەیەک کە تا میرزا حسین لە ژیاندا بوو، مامۆستا محمد ماملێ وە نێو گۆڕەپانی هونەر نەکەوت، هەر وەکی کە مامۆستا جعفر ماملێ تا کاتێک کە مامۆستا محمد ماملێ لە ژیاندا بوو، ئەو نەریتەی پاراست و بە شێوەی فەرمی گۆرانی نەگوت.[11] مامۆستا محمد ماملێ خۆی لە ناو کۆڕی بنەماڵەییدا دانی بەوە دانابوو کە ئاستی هونەرمەندی و دەنگخۆشی میرزا حسین ماملێ یەکجار بەرز بوو و فەرمووبووی کە ئەو هەرکات وەک مامۆستایەک سەرنجی میرزا حسینی دابوو و وانەی لێ هەڵگرتبۆوە.[12] مەخابن بە هۆی نەبوونی بوار لەو سەردەمدا، ئێستا هیچ بەرهەمێکی ئەو هونەرمەندە لە بەر دەستدا نییە.

کاپیتان محەممەدی مەولودی ناسراو بە محەممەدی مەولودە چرچی


مامۆستا محمد ماملێ کە ناودارترین هونەرمەندی دەنگخۆشی ئەو بنەماڵەیە بووە، لە ڕێکەوتی ٢-٦-١٩٢٥ی زایینی لە شاری مەهاباد لە گەڕەکی خرێ هاتە سەر دونیا.[13]،[14]،[15]،[16]،[17] بە پێی ئەو زانیارییانەی کە مامۆستا سید محمد صمدی کۆی کردوونەتەوە، مامۆستا محمد ماملێ یەکەم گۆرانی خۆی لە ساڵی ١٩٣٨ی زایینی بە فەرمی خوێندبوو[18] و یەکەم گۆرانییەکی کە گوتبووی بە ناوی <<ڕۆیی بە جێی هێشتم>>[19] ناسراوە.
محمد ماملێ تەنیا مامۆستایەکی هونەرمەند و خۆشخوێنێکی شارەزا نەبوو. ئەو هەر لە سەردەمی گەنجێتییەوە دەگەڵ کاروانی نیشتمانپەروەرانی نەتەوەکەی کەوت. دوایین ژنێکی کە لە ڕووی ئەڤین و خۆشەویستییەکی لە ڕادە بەدەرەوە خواستی، کچی یەک لە قارەمانانی کورد بە ناوی محمد مولودی بوو کە زۆر کەس لە سەری دواون.[20] قارەمانێک کە چەکی شەڕەفی پێشمەرگایەتی کۆماری سەربەخۆ و مستقلی کوردستانی[21] لە شان کردبوو. کاپیتان محمد مەولودی کە ئەندامی ک.ژ.ک (حدک) بوو، لە دواییدا لە سەردەمی کۆماردا ئەرکی ئاسایەش و پاراستنی مەهابادی بە دەستەوە بوو.[22] مامۆستا محمد ماملێ بە هەمان شێوە یەک لە پێشمەرگەکانی دەوڵەتی جمهوری کوردستان بوو[23] و تا ئەو ڕۆژەی لە ژیاندابوو لە سەر ڕێبازی پێشەوای کوردان، جەنابی حضرتی قاضی محمد (محمد همام قاضی) وەفادار ماوە. گیانبەخت کاک دوکتوور قاسملوو لە مەڕ مامۆستا محمد ماملێ فەرمووبووی:

<< کاک محمد، هونەرمەندێکی گەورەی سیاسی کوردە، چونکە هەمووکات لەگەڵ هەستان و کەوتندا ئاشنایە>>.[24]

زۆر سیاسەتوان و کەسی ناسراو و خۆشەویستی نەتەوەی کورد لە سەر مامۆستا محمد ماملێ بۆچوونیان دەربڕیوە. کۆی هەموو دیمانەکان و نووسینەکان ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە کە ماملێ کەسێکی نەتەوەیی بوو و هیچکات خۆی لە نەتەوەکەی و ئازارەکانیان دوور نەکردەوە. ڕەوانشاد مامۆستا کریم حسامی هەموو بۆچوونەکانی لە دەقێکدا کورت کردبۆوە و فەرمووبووی:

<< کەسایەتی و رەفتار و ئەخلاق و نیشتمانپەروەری و هونەرمەندی و وشە شیرین و جوانەکانی ماملێ لە یاد و زەینمدا زیندوون و لە بیر ناکرێن >>.[25]

مامۆستا محمد ماملێ لە هزر و کردەوەدا نەتەوەیی بوو. ڕێزی لە هەر تاکێکی کورد بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕادەی دارایی و زانایی و ڕەچەڵەکی دەگرت. کوردستانی بوو و ئەڤیندارانی کۆڵنەدەری ڕێبازی نەتەوەیی لای ئەو زۆر خۆشەویست بوون. هەرکات پاڵپشتی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەکەی لە هەر شوێنێک دەکرد. یەک لە جوانترین کۆرپەکانی بە ناوی گیانبەخت نەجات ماملێ[26] دەگەڵ کۆمەڵێک لاوی بێتاوانی دیکەی شاری مەهاباد ئێعدام کران. هەر چەند کە ئەو هیچکات گەرەکی نەبوو لەدەستدانی گیانبەخت نەجاتی کوڕی بپەژرێنێ، بەڵام ماملێ سەرەڕای پەژارەیەکی زۆر، لە بەرانبەر سیستەمی جەنایەتکاری کۆماری اسلامی ایران[27] نەچەمێوە و هیچ بایەخ و شرعییەتێکی بەو حکومەتە دژە مرۆڤییە نەدا. ئەو هیچکات ئامادە نەبوو کە لە سەر تێلێویزیۆنی ئەو حکومەتە دۆگماتیستە گۆرانییەک بخوێنێ و هەر بۆیە لە دڵی نەتەوەکەیدا ماوە.
ماملێ لە هونەریشیدا کوردایەتی خۆی دەنواند و جارجار کە بەرهەمێکی لە نەتەوەیەکی دراوسێ وەردەگرت، ڕۆحییەکی کوردانەی پێ دەبەخشی. بۆ وێنە گۆرانییەک کە پێشتر بە فارسی گوترابوو لە دواییدا لە لایەن مامۆستا محمد ماملێ لە سەر شێعری مامۆستا هێمنی موکریانی گوترابۆوە. مامۆستای هونەرمەند کاک عزیز شاڕوخ لەم پێوەندییەوە فەرمووبووی:

<< کاک محمد بە لەوتێکی وەها مامۆستایانە و بە هێز بە تواناییەوە گوتوویەتی کە حاڵەتی گۆرانی کوردی و مێلۆدی کوردی داوەتێ >>.[28]

هونەرمەندی ڕەسەنی ئەردەڵانی، عباس کەمەندی کە خەڵاتی ماملێی ساڵی ٢٠١١ی زایینی پێشکەش کرا، لە بروسکەیەکدا کە بۆ مەڵبەندی هونەری ماملێی ناردبوو، نووسیبووی:

<< له‌ یادم ناچێ کاتێکی که‌ ره‌خنه‌م له‌ به‌رێزیان گرت که‌ بۆ مێلۆدی ترکیتان به‌ کوردی وه‌رگه‌راندۆته‌وه‌ و ده‌یڵێنه‌وه؟ به‌رێزیان زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کییان کرد و فه‌رموویان: گومانی تێدا نییه‌ که‌ به‌ هۆی پێكه‌وه‌ژیانی‌ میژوویی کورد و تورک و ئه‌رمه‌نی له‌و ناوچانه‌دا که‌ تێیدا ده‌ژین زۆر خاڵی هاوبه‌شیان تێدا به‌دی ده‌کرێت ، به‌ڵام بۆچی ئێوه‌ وا بیر ناکه‌نه‌وه‌ که‌ ئه‌م مێلۆدییانه‌ پێشتر کوردی بوون و کراون به‌ ترکی یا ئه‌رمه‌نی . که‌ پێیدا هاتمه‌وه‌ زانیم که‌ حه‌ق به‌ ده‌ستی به‌رێزیانه‌ و بێده‌نگیم لێ کرد . محه‌مه‌د ماملێ سه‌ره‌ڕای هونه‌ری مۆسیقا ، له‌ هونه‌ری خوشویستن و میوانداریش دا ، کوردێک و موکرییه‌کی ڕه‌سه‌ن بوو، من له‌ خزمه‌تیاندا زۆر هه‌ستم به‌ خۆشحاڵی کرد و تامم لێ بینی>>.

ئەم وێنەیە لە ساڵی ١٣٤٧لە زیندانی ورمێ گیراوە

ماملێی نیشتمانپەروەر چەندین جاران لە لایەن حکومەتی دژە مرۆڤی پاشایەتی محمد رضا سوادکوهی[29] بە دیل گیرابوو کە زۆرینەی سەرچاوەکان تەنیا باسی زیندانی ورمێ دەکەن، بەڵام ئەو لە شاری مەهابادیش زیندانی دیبوو.[30] جارێکیان لە بەرواری ٢٩ی ٢ی ١٩٤٧ی زایینی لە سەر ئەوە بەدیل گیرابوو کە شێعری بەناوبانگی لایە لایەی مامۆستا هەژاری موکریانی بە گۆرانی گوتبوو.[31] یەک لەو بیرەوەرییانەی کە لە مێشکی مامۆستا جعفر ماملێ ناسڕێتەوە ئەوە بوو کە مامۆستا محمد ماملێ پاش ڕووخانی کۆماری سەربەخۆی کوردستان بە دیل گیرابوو. ماملێ ئەو جارەیان لە سەر تاوانی شاردنەوەی ئاڵایەکی کوردستان زیندانی کرابوو کە هیچکات نەکەوتە دەست ڕێژیمی ایران.[32]

مامۆستا محمد ماملێ لە ناو کۆمەڵگادا تێکەڵ بە هەموو خۆشی و ناخۆشی و گرفتەکانی خەڵکی خۆی بوو. ئەو هەرکات دەگەڵ خەڵک هاودەرد بوو. کاتێک کە تیمی تۆپێنی پێی فارس و ترکان دەهاتن تا خۆیان لە بەرانبەر قارەمانانی مەهابادی تاقی کەنەوە، ماملێ لە گۆڕەپاندا ئامادە دەبوو و ورەی بە شار و یاریزانان دەدا. خۆی بە هیچ شێوەیەک پێ زۆر نەبوو و بزەی سەر لێوی پێشکەش بە هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگا بە گەورەو بچووکەوە دەکرا. کاک هیوا قارەمانی کە لەم پێوەندییەوە زەحمەتی دیمانەیەکی زۆری کێشاوە، لە زمان دۆستانی نزیکی ئەو هونەرمەندە نازدارە نووسیوێتی:

<< تایبەتمەندییەکانی کاک محمد لە باری کەسایەتی ئەو ئینسانەوە ڕوون و ئاشکران…..ئینسانێکی زۆر گەورە بووە، هەروەها زۆر بە ڕوحم بووە و سەرەڕای ئەوانە ”عزت نفس”یشی هەبوو، بە ڕاستی کاک محمد شەڕەف و پیاوەتی خۆی هیچکات و بە هیچ قیمەتێک نەفرۆشت >>.[33]

یەک لەو فاکتەرە گرنگانەی کە لە بنەماڵەی ماملێدا پێویستە سەرنج و بایەخی پێویستی پێ بدرێ، شوێن و کاریگەری ژن لەو بنەماڵە دایە. دایکە حەبیب کە هەرکات ماملێکان زۆر بە جوانی قسەی لە سەر دەکەن، یەک لە ژنەکانی میرزا سعید ماملێ بوو کە هیچ منداڵێکیان بە یەکەوە نەبوو. دایکە حەبیب ئەڤینێکی وا ڕاستەقینەی بە منداڵەکانی میرزا سعید بەخشیبوو کە هەموویان وەک دایکی خۆیان سەیریان دەکرد و حوڕمەتێکی تایبەتییان بۆی هەبوو. ئەو کەسێک بوو کە پاش کۆچی دوایی میرزا سعیدی دەنگخۆش، یاریدەدەری منداڵەکان بوو تا گۆرانییەکانی باوکیان بە دروستی بڵێنەوە. ڕەخنەگر و ساغکەرەوەیەکی دڵسۆز بوو و توانی منداڵەکان ڕا بهێنێ تا هونەر و شێوازی ماملێ تەمەن درێژ بمێنێتەوە. ژن بە گشتی لە ناو بنەماڵەی ماملێدا جێگە و پێگەی تایبەت و بەرچاوی هەیە. ئازادی و بوێری لە فاکتەرە سەرەکییەکانی کچان و ژنانی ئەو بنەماڵەیە بووە. ئەوە ژنانی ناو بنەماڵەی ماملێ بوون کە پشتیوانی بێچاوەڕوانی پەرە سەندنی هونەری ماملێکان بوون. لە بواری هەڵوێستی نەتەوەییشەوە وێنە زۆر بۆ هێنانەوە لە بەر دەستدا هەیە. بۆ وێنە لە ساڵانی ڕابردوودا تێلێڤیزیۆنی کۆماری اسلامی ئێران زۆری هەوڵ داوە کە یای ئامە، هاوسەری نیشتمانپەروەری مامۆستا محمد ماملێ دیمانەیەکیان دەگەڵ بکا، بەڵام ئەو لەو پەڕی بوێری و وەفاداری بە ڕێبازی مێرد و باوک و نەتەوەکەی ڕێگەی پێ نەداون کە بچنە خزمەتی.

درێژەی هەیە.

سۆران کرباسیان
ئوسلۆ – خاکەلێوەی ٢٠١٢


سەرچاوە/ژێدەر

[1] بە شێوەی فەرمی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان مامۆستا محمد ماملێی وەک هونەرمەندی نەتەوەیی کورد پێناسە کردووە. چاوخشاندنێکیش بە بەرهەمەکان، هەڵوێستەکان و ژیانی مامۆستا محمد ماملێ ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئەو کەسێکی نەتەوەیی بوو، کەسێک بوو بۆ کورد و کوردستان ژیا.

[2] میرزا سعید ماملێ دوکانی گۆشتفرۆشی هەبوو. لە دواییدا چوو لە نێو بازەرگانی تووتنی ناوچە. لەو سەردەمدا تووتنی زۆر شاری دەورووبەر وەک پیرانشار و سەردەشی دەچۆوە مەهاباد. جار جار بە پێی زەمەن و وەرزی تایبەتییەوە کاری کرین و فرۆشی خوری دەکرد بەڵام زۆرتر سەرقاڵی تووتنی ناوچە بوو. ئەم زانیارییانەم لە هاوڕێ و برای مامۆستا محمد ماملێ، هێژا کاک جعفر ماملێ وەرگرتووە.

[3] هیوای قارەمانی، یادی بەخێر، چاپەمەنی رەهرەوی مەهاباد، ١٩٩٩ی زایینی، ژمارەی شابک ٠-٠٩-٦٨٠٦-٩٦٤، لاپەڕەی ٢١

[4] دیمانەی نووسەر دەگەڵ ڕێزدار مامۆستا کاک جعفر ماملێ

[5] سید محمد صمدی، نگاهی بە تاریخ مهاباد، انتشارات رهرو مهاباد، چاپ اول، ١٩٩٤، لاپەڕەی ٣٨٢

[6] فریدون حکیم زادە، ساوجبلاغ مکری (مهاباد در آیینەی اسناد تاریخی)، انتشارات مرکز نشر فرهنگی هیوا-مهاباد، چاپ اول، ٢٠١٠، شمارە شابک ٧-٣٢-٧٩٧٠-٩٤٦-٩٧٨، لاپەڕەی ٧٠٧

[7] دیمانەی نووسەر دەگەڵ ڕێزدار مامۆستا کاک جعفر ماملێ

[8] هیوای قارەمانی، یادی بەخێر، چاپەمەنی رەهرەوی مەهاباد، ١٩٩٩ی زایینی، ژمارەی شابک ٠-٠٩-٦٨٠٦-٩٦٤، لاپەڕەی ٢٢

[9] سید محمد صمدی، نگاهی بە تاریخ مهاباد، انتشارات رهرو مهاباد، چاپ اول، ١٩٩٤، لاپەڕەی ٣٨٤

[10] محمد حسن احمد، بازی بێران یا ژیان و گۆرانییەکانی محەمەدی ماملێ، بەرگی یەکەم، ١٩٨٣ بغداد، چاپخانەی الحوادث، لاپەڕەی ٨

[11] دیمانەی نووسەر دەگەڵ ڕێزدار مامۆستا کاک جعفر ماملێ

[12] دیمانەی نووسەر دەگەڵ هێژا کاک وریا ماملێ

[13] محمد حسن احمد، بازی بێران یا ژیان و گۆرانییەکانی محەمەدی ماملێ، بەرگی یەکەم، ١٩٨٣ بغداد، چاپخانەی الحوادث، لاپەڕەی ٧

[14] هیوای قارەمانی، یادی بەخێر، چاپەمەنی رەهرەوی مەهاباد، ١٩٩٩ی زایینی، ژمارەی شابک ٠-٠٩-٦٨٠٦-٩٦٤، لاپەڕەی ٢٨

[15] سید محمد صمدی، نگاهی بە تاریخ مهاباد، انتشارات رهرو مهاباد، چاپ اول، ١٩٩٤، لاپەڕەی ٣٨٢

[16] فریدون حکیم زادە، ساوجبلاغ مکری (مهاباد در آیینەی اسناد تاریخی)، انتشارات مرکز نشر فرهنگی هیوا-مهاباد، چاپ اول، ٢٠١٠، شمارە شابک ٧-٣٢-٧٩٧٠-٩٤٦-٩٧٨، لاپەڕەی ٩٣

[17] لە چەند سەرچاوەیەکدا خوێندبوومەوە کە گوایە مامۆستا محمد ماملێ لە گەڕەکی ئەرمەنیان (یەک لە گەڕەکەکانی شاری مەهابادە) لە دایک ببوو. مامۆستا جعفر ماملێ لەم پێوەندییەوە فەرمووی کە ئەوان بە منداڵیش بە گەڕەکی ئەرمەنیانیان نەدەزانی و خۆی و کاک محمد لە گەڕەکی خڕێ لە دایک بوون. محمد حسن احمد کە هۆگرێکی مامۆستا ماملێ بووە لە زمانی خۆیەوە هەمان زانیاری بڵاو کردۆتەوە. هێژا هیوا قارەمانی و ڕێزدار سید محمد صمدی بە هەمان شێوە لە نزیکەوە خودی مامۆستا محمد ماملێیان بە دەیانجار بینیبوو کە ئەوانیش لە پەرتووکەکانی خۆیاندا هەر ئاماژەیان بە گەڕەکی خڕێ کردووە.

[18] سید محمد صمدی، نگاهی بە تاریخ مهاباد، انتشارات رهرو مهاباد، چاپ اول، ١٩٩٤، لاپەڕەی ٣٨٢

[19] محمد حسن احمد، بازی بێران یا ژیان و گۆرانییەکانی محەمەدی ماملێ، بەرگی یەکەم، ١٩٨٣ بغداد، چاپخانەی الحوادث، لاپەڕەی ٨

[20] بڕوانە ژمارە ٥٩ی گۆڤاری مەهاباد کە لە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی دەرچوو، هەروەها بڕوانە لاپەڕەی ٣٣٥ی پەرتووکی کورد و کوردستان نووسینی کمال مظهر، رحیم سابیریش رەوانشاد محمد مەولودی وەک یەک لەو نیشتمانپەروەرە کوردانە هەڵبژاردووە کە پەرتووکی خۆی پێ پێشکەش کردووە. بڕوانە رەحیم سابیر، حکومەتی میللی کوردستان، چاپەمەنی چوارچرا، چاپە یەکەم، سلێمانی ٢٠١١

[21] بۆ زانینی بەشێک لە ڕاستییەکانی کۆماری کوردستان بڕوانە نامیلکەیەک کە نووسەری ئەم دێڕانە لە ڕێکەوتی دووی ڕێبەندانی ٢٠١٢ی زایینی بڵاوی کردۆتەوە.

سۆران کرباسیان، کۆماری سەربەخۆ و ”مستقل”ی کوردستان؛ گەڕانەوە بۆ ڕاستییەکان

http://www.kurd.no/komar.pdf

[22] فریدون حکیم زادە، ساوجبلاغ مکری (مهاباد در آیینەی اسناد تاریخی)، انتشارات مرکز نشر فرهنگی هیوا-مهاباد، چاپ اول، ٢٠١٠، شمارە شابک ٧-٣٢-٧٩٧٠-٩٤٦-٩٧٨، لاپەڕەکانی ٦٢٧ و ٧٠٧

[23] دیمانەی نووسەر دەگەڵ هێژا کاک وریا ماملێ و ڕێزدار مامۆستا کاک جعفر ماملێ

[24] کاک سمایلی ماملێ لە نووسینەکانی خۆیدا ئاماژەی بەو قسەی گیانبەخت کاک دوکتوور کردووە. مەخابن ئێستا ئەم پەرتووکەم لە بەر دەستدا نییە بەڵام لە یادداشتەکانی خۆمدا دەقی گوتەی ئەو زانا کوردەم نووسیبۆوە.

[25] ئەم زانیارییەشم لە ڕووی یادداشتەکانی خۆم نووسیوەتەوە کە کاک سمایلی ماملێ بڵاوی کردبۆوە. ناوبراو خۆی زانیارییەکەی لە ژمارەی ١٥ی ڕۆژنامەی پەیام وەرگرتبوو کە بە بۆنەی چلەی ماتەمینی محمد ماملێ لە ژێر ناوی شینگێڕی بڵاو ببۆوە.

عەبدولڕەحیم ماملێ (نەجات) کوڕی لەسێدارەدراوی محەممەدی ماملێ

[26] گیانبەخت کاک نەجات ماملێ یەکەم کوڕێک بوو کە لە ژیانی هاوبەشی یای آمین (ئامە) و مامۆستا محمد ماملێ لە ساڵی ١٩٦٦ی زایینی بەرهەم هات. لە سەردەمێکدا کە کۆماری ئیسلامی ئێران تەواوی زەختی خۆی بۆ سەرکوت و بە فەرمی نەناساندنی پرسی کورد بەکار دەبرد، سەرچاوەی ژیانی زۆر کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتبوو ژێر مەترسییەوە. لەو کاتەدا کاکە نەجات دەگەڵ ئامەی قارەمان و بوێر دوکانی بەڕێوە دەبرد و حوڕمەتی ماملێی ناوداریان دەپاراست کە ئامادە نەبوو بە هیچ شێوەیەک ڕوی خۆش بە حکومەتی ناوەندی نیشان بدا. ماملێی کوردان میوانی لە هەموو کوردستانەوە بۆ دەچوو و لەو سەردەمدا گیانبەخت کاک نەجات و یای ئامە هەموو هەوڵی خۆیان دا تا ناوداری دەنگخۆشی کورد لە لای میوانەکانی هەست بە شەرم نەکا. کەسێک کە باوکی ماملێی نەتەوەیی بێ و لە دایکێکی وا قارەمان و قارەمانزادە بووبێ، ئاساییە کە خاوەن پەروەردەیەکی نەتەوەییش دەبێ. ئەو دەگەڵ کۆمەڵێک پەپوولەی جوانی دیکە تەنیا بە تاوانی کوردبوونیان لە ساڵی ١٩٨٢ی زایینی ئێعدام کران. ئەوەی کە دەورووبەری لە سەری دەیگێڕنەوە تەنیا باس لە ژێری و وشیاری و لەسەرەخۆیی ئەو گیانبەختەیە. ئێعدامکردنی کاک نەجات ماملێ کاریگەری زۆری لە سەر بنەماڵەی ماملێ و هونەر دانا. ڕۆحی شاد بێ و یادی هەر بە خێر.

[27] سیستەمی جەنایەتکار بۆ پێناسەکردنی حکومەتی کۆماری اسلامی ایران بە شێوەی فەرمی لە لایەن دادگای میکۆنووس بەکار بردراوە. بە هۆی ئەوە کە ئەم دادگایە شرعییەتی نێونەتەوەیی هەبووە، هەر بۆیە لێرە بە پێویست زانراوە کە ئەم دەستەواژەیە بەکار ببردرێت.

[28] هیوای قارەمانی، یادی بەخێر، چاپەمەنی رەهرەوی مەهاباد، ١٩٩٩ی زایینی، ژمارەی شابک ٠-٠٩-٦٨٠٦-٩٦٤، لاپەڕەی ١٧

[29] ترکێکی دانیشتووی آذربایجان کە لێکۆڵەری مێژوویی بوو، بۆ یەکەمجار ناسناوی ”پهلوی” بۆ خۆی هەڵبژارد و بە ناوی محمود پهلوی ژیانی دەکرد. ناوبراو لە یەکەم ژمارەی گۆڤاری پروین کە لە ساڵی ١٩١٥ی زایینی بڵاو بۆوە، بابەتێکی بە ناوی ”محمود پهلوی” لە سەر کتێبخانەی اسکندریە بڵاو کردەوە. ساڵی ١٩٢٤ی زایینی لە لایەن زۆردارێکی حکومەتی بە ناوی ”فرج اڵڵەخان بهرامی” نامەیەک بە دەستی ”محمود پهلوی” گەییشت و بە ڕاشکاوی فەرمان درابوو کە چیتر بۆی نییە ناسناوی پهلوی بەکار ببا. ئەو بڕیارەش لە لایەن رضا سوادکوهی پاشای ئەوکاتی ایران درابوو کە ناسناوی پهلوی بۆخۆی هەڵبژاردبوو و حەزی نەدەکرد کەس ئەو ناوە بەکار ببا. محمود پهلوی بەم هۆیەوە ناوی خۆی وەک ناسناویش بەکار برد و بە ناوی ”محمود محمود” درێژەی بە ژیان و نووسین دا. بنەماڵەی سوادکوهی لە شێواندنی مێژووی نەتەوەکانی ناو ایراندا بە بنەڕەتی کاریان کرد و هەوڵی شاردنەوەی زۆر ڕاستییان دا. ئێمە لە نووسیندا هەوڵ دەدەین کە بە پێی ڕاستییەکان مێژوو بخەینە بەر چاوی جەماوەر و هەر بۆیە ناسناوی سوادکوهی بۆ ئەو باوک و کوڕە ڕاسیست و دیکتاتۆرە بەکار دەبەین کە لە ڕەچەڵەک و ڕاستییەکانی ژیانیان نزیکترە. یەک لە پەرتووکە بە نرخەکانی ”محمود محمود” لە ژێر ناوی ”تاریخ روابط سیاسی ایران و انگلیس در قرن نوزدهم” لە هەشت بەرگاندایە کە لەو پەرتووکەدا لە سەر بەکرێگیراوی ئەو باوک و کوڕە کەمی نەدرکاندووە. بۆ زانیاری زێدەتر لەم پێوەندییەوە بۆ وێنە بڕواننە نووسینەکانی دوکتوور فریدون آدمیت و محمود کثیرایی و علی دهباشی

[30] دیمانەی نووسەر دەگەڵ ڕێزدار مامۆستا کاک جعفر ماملێ

[31] فریدون حکیم زادە، ساوجبلاغ مکری (مهاباد در آیینەی اسناد تاریخی)، انتشارات مرکز نشر فرهنگی هیوا-مهاباد، چاپ اول، ٢٠١٠، شمارە شابک ٧-٣٢-٧٩٧٠-٩٤٦-٩٧٨، لاپەڕەی ٧٠٤

[32] دیمانەی نووسەر دەگەڵ ڕێزدار مامۆستا کاک جعفر ماملێ

[33] هیوای قارەمانی، یادی بەخێر، چاپەمەنی رەهرەوی مەهاباد، ١٩٩٩ی زایینی، ژمارەی شابک ٠-٠٩-٦٨٠٦-٩٦٤، لاپەڕەی ٢٠

بابەتی پێوەندیدار