Skip to content

هاشم ماملێ

43-708x1024
لە ڕاستەوە هاشم ماملێ، سەعید ماملێ و محەمەدی ماملێ

هاشم ماملێ کوڕی سەعید و فاتم لە ساڵی ١٣٠٨ی هەتاوی لە دایکبووە. پاشی خڕەکەبوون دەبەر دەرس خوێندن دەنرێت و تا پۆلی چواری سەرەتایی لە خوێندنگا دەبێ.  ژیانی باوکیی بەردەوام هەڵکشان و داکشانی بەخۆیەوە بینیوە و چەند جاران نابووت بووە و هەستاوەتەوە، هەم دراوی کەوتۆتە دەست و هەمیش دەستکورت و بێپارە ماوەتەوە.  ئەو دۆخەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هەموو ئەندامانی بنەماڵەی سەعید ماملێ داناوە. کاک هاشم بەناچار بۆ یارمەتیدان بۆ بژێوی ژیانی بنەماڵەکەیان دەست لە خوێند هەڵدەگرێت و یاریدەی باوک و براکانی دەکات. زۆر زوو تواناکانی خۆی تاقی دەکاتەوە و دەبێت بە شۆفیرێکی قابیل.

لە کاتی ڕەشبگیری بە ئیجباری دەیگرن و بەهۆی قابیلبوونی لە ئاژۆتنی ماشێن دەیکەن بە شۆفیری فەرماندەی قشڵەی (سەربازخانە) مەهاباد. ئەو سەردەم ژمارەی ماشێنەکان لە کوردستان دا کەم بوون، یا دەوڵەت ماشێنی هەبوو یان دەوڵەمەند و دەستڕۆیو. پاش تەواوبوونی سەربازیش لەلای عەزیز ئاغای مامەش کە دەبێتە ئامۆزای کاک سێمانی شاوەلێ وەک شۆفیری جیپەکەی ئەو کار دەکات. (خوالێخۆشبوو کاک سێمان لەوبارەیەوە ئاوا دەفەرمێ) [1] دەگەڵ ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان وەک پێشمەرگە دەبێتە شۆفیری ماشێن لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

“ویلیام ئیگلتۆن جونیۆر” لە پەڕتووکی “جمهوری ١٩٤٦ کوردستان”دا و لە لاپەڕەی ١٨٤ کە مامۆستا “سەید محەممەد سەمەدی” وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، وێنەیەکی چاپ کردووە کە محەممەد ماملێ ئەو کتێبەی هەبوو و بە خۆشحاڵییەوە بە مناڵەکانی و بە میوانانی پێشان دەدا و دەیگوت ئەو شۆفیرە هاشمی برامە بەڵام، بەڕێز کاک حەسەنی قازی بۆچوونێکی تری هەیە. بەڕێزیان لە زمان بەڕێز (کەریم مەنسووری قازی) دەفەرمێ کە ئەو کەسەی بە جلوبەرگی قەرەیەخە، پاڵی بە کامیۆنەکەوە داوە هاشم ماملێیە.[2] هەڵبەت ڕەنگە قسەی هەردووکیان درووست بێت و کاک هاشم بۆ ئەوەی لە وێنەکە دەرنکەوێ لە کامیۆنەکە هاتبێتە خوار و کەسێکی تر چووبێ لە شوێن ئەو دانیشتبێ.

کاک هاشم دیارە لە بنەماڵەیەکی هونەرمەند چاوی پشکوتووە بەڵام وەک دەردەکەوێت هیچکات هەوڵی نەداوە کە تواناکانی خۆی لە بواری هونەری دەنگخۆشیدا تاقی بکاتەوە. لەوانەشە تەمەنی کورتیان ئەوم مەجالەی لێئەستاندبێتەوە.

لە ساڵی ١٣٣٠ تووشی نەخۆشییەکی سەخت و بێئامان دەبێت. هەموو دوکتوری ناوچەی موکریانی پێدەکەن کەچی، عیلاجی نایەت. بەناچار و بەنەداری، کاک محەممەدی ماملێ، کاک هاشم دەباتە نەخۆشخانەی تەورێز و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە نەخۆشخانەی ئەو شارە لەژێر چاوەدێری پزشکی دا دەبێت و دوو جارانیش نەشتەرگەری بۆ دەکەن بەڵام، دۆخی تەندرووستی ڕۆژبەدوای‌ڕۆژ بەرەو خەراپی دەچێت. لەو ماوەیە دا کە لە تەورێز لە نەخۆشخانە دەبێت، هەواڵی کۆچیدوایی برای گەورەکەیان، کاک حوسێن ماملێیان پێدەگات و بەیەکجاری ورەیان دەڕوخێت و هەتیوی پێیانەوە وەدیار دەکەوێت بۆیە، بەناچاری نەخۆشخانە جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە مەهاباد. بەداخەوە سێ مانگ پاش کۆچیدوایی کاک حوسێنی براگەورەی، کاک هاشمیش لە ساڵی ١٣٣١ هەتاوی کۆچیدوایی دەکات و تەرمی پیرۆزیان لە گۆڕستانی کۆنی سابڵاغ دەشارنەوە کە بەداخەوە ئێستا هیچ ئاسەوارێکی لێ نماوەتەوە.

پێویستە بگوترێ کە کاک هاشم دایکبرای نووسەر و لێکۆلەری بەناوبانگی کورد مامۆستا “قادر فەتاحی قازی”یە
ڕۆحیان شاد و یادیان بەخێر.

هاشم ماملێ

[1] . هاشمی ماملێ کە سەربازی خەڵاس کرد، لێرە بێکار بوو و ئەوجار هات بوو بە ڕانەندەی مام عەزیزی. مام عەزیز ئامۆزای من بوو مام عەزیزی گردکسپیان ماشێنێکی جیبی هەبوو، جیبی وی لێدەخوڕی. پاشی ئەوجارێکانێ بەداخەوە هاشم نەخۆش بوو نەیتوانی ئەو وانێکەی ئیدامە پێ بدات. هاتەوە و پاش بەینێک بە نەخۆشی ئەو جار لە سابڵاغێ عەمڕی خودای کرد. [2] کاک حەسەن قازی زیاترسەبارەت بەو وێنەیە ئاوا دەنووسێت:

ئەوە ئەو سەفەرەیە کە ژەنەڕال حەمە ٶوسێنی سەیف قازی لەگەڵ هێندێک لە ئەفسەرانی چووە بۆ سەردانی جەبهەی سەقز و بۆ سەردان لە ژەنەڕاڵ حەمەڕيشیدخان خانزادە کە ئەو دەمی فەرماندەی مەنتەقەی بۆکان و سەرا بووە.

لە وێنەکە دا ئەو کەسانە ناسراونەتەوە:

ئەوەی جیپەکە لێ دەخوڕێ ژەنەڕاڵ حەمە حوسێن خانی سەیف قازی یە، ئەو ئەفسەرەی لە کورسی پێشەوەی جیپەکە ئاماژە بە شوێنێک دەکا مایور حەمەدەمین شەڕەفی یە. ئەو کەسە لە پشتەوەی جیپەکە بە جلوبەرگی کردییەوە دانیشتووە پۆدپۆلکۆڤنیک میر حاچ ئەحمەد ئاکرەیی یە . کەسی یەکەمی کە بەشەدەی ڕەش دەبندرێ و دەستێکی لەسەر داشبۆردی کامیۆنەکە داناوە ڕەزاخان یان جانگیرخانی دەوەشاری ( ئەمیری ) یە. ئەو کەسەی بە جلوبەرگی قەرەیەخە پاڵی بە کامیۆنەکەوە داوە هاشم ماملێ یە ، ئەو ئەفسەرەش کە لە پێش وییە و تفەنگی دە شان دایە کوێخا ئەحمەدی سەراو ە.

تا ئەو جێی ئەمن بزانم ئەو وێنەیە یەکەمجار لە کتێبەکەی ئیگلتن ” خمهووری کوردستانی ساڵی ١٩٤٦ ” دا بڵاو بووەتەوە کە بەڕێز سەید محەمەد سەمەدی وەریگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی. یەکەم جار ڕەحمەتی کەریم مەنسووری قازی بە منی گوت کە ئەو کەسەی بە جلوبەرگی قەرەیەخە لەم وێنەیەدا دەبیندرێ هاشم مامڵێ یە. بە پێی قسەی کاک کەریم ئەو شۆفێری وەزاڕەتی هێزی جمهووری کوردستان بووە.

بابەتی پێوەندیدار