Skip to content

سەعید ماملێ

مام‌عەلی” کە ناسناوی “مام‌لێ” لە ناوی بەڕێزیانەوە سەرچاوە دەگرێت، کوڕێکی هەبووە بەناوی مستەفا. ڕەنگە منداڵی دیکەشی هەبێ بەڵام هیچ بەڵگە و زانیارییەک لەسەریان لەبەردەستدا نییە. مستەفا سێ کوڕی هەبوو بە ناوەکانی: سەعید، ڕەحمان و ڕەحیم. [1]
سەعید” کە کوڕە گەورەی مستەفا دەبێ لە ڕێکەوتی( ٢٦/٣/١٢٦٤ه – ١٦/٠٦/١٨٨٥ز ) هەتاوی لە شاری مەهاباد لە دایک دەبێ. پێشگری (مام) لە بابە گەورەی مام سەعیدەوە (واتە مام‌عەلییەوە) بۆ بنەماڵەکەیان ماوەتەوە بۆیە، خەڵکی سابڵاغ بۆ وەچەی مام‌عەلی پێشگری (مام)یان بەکار هێناوە و تەنانەت لە ساڵی ١٣٠٧ه کە بۆ یەکەمینجار پێناسە بە خەڵک درا بە هۆی هەڵەیەکی کارمەندانی ئیدارەکە. پیتی (ع) نانووسرێت و ناسناوەکەیان لەوکاتەوە بە (ماملێ) ناو دەردەکات
مام‌سەعید بە هۆی بارودۆخی ژیانی ئەو سەردەم، بۆی نەلوا پەرە بە خوێندن بدات بەڵام، لە هاونشینی دەگەڵ هونەرمەندان و هۆنەرانی سەردەمی خۆی وەک “مامۆستا وەفایی” و “سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی” و هەروەها لەژێر کارتێکەری پەروەردەی ئایینی و نەتەوەیی خانەدانی نەهری دا، توانی بگاتە ئاستێکی باش لە هونەر و ڕۆناکبیری.
مام‌سەعید لە درێژایی تەمەنی، چوار جاران زەماوەندی کردووە. هاوژیانی یەکەمیان یای “گوڵێ”، مۆمی تەمەنی زوو دەکوژێتەوە و لە یای “فاتم” ژنی سێهەمیشی جیا دەبێتەوە. بەم چەشنە تا کۆتایی تەمەنی لەگەڵ یای “حەبیب” کە هاوسەری دووهەمی بووە و “خەزاڵ” کە خێزانی چوارەمی دەبێت، ژیان دەکات. بەرهەمی ئەو چوار جار ژنهێنانە، شەش کوڕ و کچێک بووە بە ناوەکانی:
حوسێن لە (گوڵێ)، محەممەد لە (خەزاڵ)، هاشم لە (فاتم)، حەسەن لە (خەزاڵ)، موتەلیب لە (خەزاڵ)، توبا لە(خەزاڵ) و جەعفەر لە (خەزاڵ).

43-708x1024
لە ڕاستەوە: خوالێخۆشبوان هاشم ماملێ، سەعید ماملێ و محەممەد ماملێ

 دایکە حەبیب منداڵی نەدەبوو بەڵام، گشت منداڵەکان ئەویان زیاتر وەک دایکی خۆیان دەناسی و لە سێبەری مێهرەبانی و دلۆڤانی ئەو دا هەستیان بە ئۆقرە دەکرد و حەساوە بوون. ئەو لەو ژنانە بوو کە جێێ مەتمانەی خەڵک بوو و پرێچکەی دڵی زۆر هەناسەی ساردی لەلا دەپارێزرا  و  ئاوی بە ئاگری کێشە و گرفتەکانی دۆست و غەوارە دا دەکرد.
دایکە حەبیب نەخوێندەوار بوو بەڵام، شارەزایی باشی هەم لەسەر هۆنراوەکانی مامۆستا وەفایی هەبوو  هەم لەسەر گۆرانییەکانی مام‌سەعیدی ماملێ. منداڵەکانی مام‌سەعید مەرگی دایکە حەبیب بە کارەساتێکی گەورە لە ژیانیان دەزانی و دەزانن. لەبەر ئەوە کە نەک هەر دایکێکی خۆشەویست و بەڕێز بوو بەڵکوو، ژنێکی بە زیبک و زاکوون بوو کە تەواوی بنەماڵەی بەڕێوە دەبرد. ژیریی و دلۆڤانی ئەو هاچەرێک بوو بۆ گوڵی گرفتەکانی خەڵکانی دەور و پشتیی. چاوە مێهربانەکەی هەموو کەسی دەبینی و لە دڵە گەورەکەی دا جێگای خەم و تاسەی دۆست و نەیار دەبۆوە. گەر بمانهەوێ لە یەک وشە دا باس لە گەورەیی ئەو ژنە مەزنە بکەین دەبێ بڵێین: کۆڵەکەیەک بوو پتەو، سەرۆکێک بوو ژیر و لێهاتوو بۆ تایفەی ماملێ .

هەرچەند تەمەنی مام سەعید لە مامۆستا وەفایی کەمتر بوو بەڵام، خۆشەویستی و تێکەڵاوی نێوان مامۆستا وەفایی و مام‌سەعید وەها پەرەی ئەستاندبوو کە ئەو تێکەڵاوییەوە، دەبێتە هەوێنی ژانڕێکی تایبەت لە گۆرانی کە ئاڕشیوی مێلۆدی کوردی لە موکریان و کوردستان پێی دەوڵەمەند کرا، کە بە ڕێچکەی “گۆرانییەکانی وەفایی” ناو دەردەکات و لە قوورگی بنەماڵەی ماملێوە پێناسە وەردەگرێت و  تا ئەمڕۆکەش ئەم بنەماڵەیە ئەو ڕێچکەیەیان پاراستووە و پەرەیان پێداوە.
محەممەد ماملێ  سەبارەت بە شارەزایی مامۆستا وەفایی لەگەڵ ئاواز و گۆرانی دا ئاوای دەگێڕایەوە:

ماڵمان لە “گەڕەکی خڕێ” بوو ڕۆژێکی لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم دەمانویست بە گەڕەکی “مزگەوتی قوبڵە”ی دا بچینەوە ماڵێ. لەسەر داوای هاوڕێکانم بە گۆرانی گوتن بە گەڕەکی مزگەوتی قوبڵە دا تێپەڕیم. لەناکاو مامۆستا وەفایی  کە گوێی لە دەنگم بوو لە ماڵ هاتە دەر و گوتی: سەعید گیان ئەو گۆرانییەی کە دەیڵیی زۆر ئاوازی چاکە بەڵام، شێعرەکەی زۆر باش نییە، ها ئەو گۆرانییە بەو شێعرەی من بڵێ کە لەگەڵی دێتەوە[3] 

هەر لەم بارەوە توێژەری بواری ئەدەبی و شاعیری هەستناسک “عەلی ئیسماعیلزادە” ناسراو بە (ڕێبوار)، لە کۆی بابەتێک دا ئاوا دەنووسێت:

حاشای لێناکرێ گەر مامۆستا وەفایی لە درێژایی ژیانیدا کەمتەرخەم بووە بەرانبەر بە بەرهەمەکانی ، بەڵام بنەماڵەی ماملێ بەو پەڕی بەرپرسیاریەتی و وەفا بەرانبەر بەرێزیان، توانیویانە بەشێکی زۆر لەم بەرهەمانە بپارێزن و پێشکەشی بکەن بە ئارشیوی هونەر و ئەدەبیاتی کوردی. روون و ئاشکرایە کە هونەرمەند سعید ماملێ (باوکی مامۆستا محمد ماملێ) دۆست و هەڤاڵی ئەم زاتە بەرێزە بوو و لە هاونشینییاندا توانیبویانە کەڵک لە شێعر و ئاوازەکانی مامۆستا وەفایی وەربگرێت. ڕاستە بەشێکی زۆر لە گۆرانییەکانی وەفایی هەم ئاواز و هەم گۆرانییەکە ئی مامۆستا وەفاییە بەڵام  بەشێکی تر لەم گۆرانییانە  ئاوازی هونەرمەند سعید ماملی و کووڕەکانین. جگە لە هەندێکیان، سەڵماندی ئەوەیکە کام ئاواز ئی وەفایی و کام گۆرانی ئی بنەماڵەی ماملییە روون نییە و بێ وەڵام ماونەتەوە)[4]

ali esmailzade
عەلی ئیسماعیلزاد (ڕێبوار)

مام‌سەعید چ لە بواری هونەری و چ لە سۆنگەی کۆمەڵایەتی و چ لە ڕووی نیشتمانی, خاوەن ڕێز و پێگەی تایبەت بوو کە پاشای شێعری کوردی،”مامۆستا هێمن موکریانی” لە دانشتنێکیان دا لەگەڵ محەممەد ماملێ زۆر بە وردی باس لەسەر کەسایەتی مام‌سەعید دەکات و بەوپەڕی لێهاتوویی و ڕێزەوە ناویان دێنێت و دەفەرمێ:


مام‌سەعید کە ئەلانیش گوێم دەنگی ئەوی تێدا، بابی ئەو کاک محەممەدەی، بێجگە لەوەی کە قسەکانی بۆ من موحتەڕەم  بوون، پیاوێکی تەریقەتی بوو نەک شەریعەتی. ئەو عارف بو،  ئەو بەدڵ عاشقی تەریقەتی شەمزینان بوو. [5] 

ناوی مام‌سەعید لەناو پەڕتووک، دیوانی شێعر و نامیلکەکانی نووسراوی کوردی دا بە هەراو هاتووە و دەتوانین ئاماژە بە دیارترین سەرچاوەکان بکەین:
١- تاریخی مەهاباد – نووسینی سەید محەممەد سەمەدی
٢- داشامەجید – نووسینی سەدیق ئەنجیری
٣- یادی بەخێر – نووسینی هیوا قارەمانی
٤- دیوانی وەفایی چاپی سەیدیان مەهاباد
٥- توێشەبەرەی هونەریی ماملێ
٦- کاروانی هونەریی ماملێ
مام‌سەعید وەک کەسێکی گەلێک بە پڕەنسیپ و ئاکارجوان دەناسرا بۆیە، زۆریشی تیشک دەخستە سەر پەروەردەی مناڵەکانی و هەوڵی دەدا تا کۆپیتەکانی ڕەوشتجوانییان فێر بکات و ببن بە کەسانێکی بەسوود بۆ خزمەتی نیشتمانەکەیان. لەمبارەیەوە محەممەد ماملێ ئاوا سەبارەت بە باوکی خۆی دەدوا:

باوکم زۆر هێمن و دڵۆڤان بوو. لەناو کۆمەڵگادا ڕێزی لێدەگیرا.  گەورە و چکۆلەیی بەلاوە زۆر گرینگ بوو. لە شەرم و ڕێزی زۆر بۆ باوکمان، هیچکات بەخۆمان ئیزن نەدەدا  پێ لەبن ڕان دابنیشین بەڵکوو، بەردەوام لەسەر چۆک دادەنیشتین. کاتێکت دەگەڵمان دەدوا وشەی “باشە” و “چاکە” بەزارمان دا نەدەهات لە “بەڵێ” زیاتر. بە پێی بوار، دەبوایە هەموو منداڵەکان بە کوڕ و کچەوە لەلای دابینشین و ڕاز و نهێنییەکانی گۆرانی گوتن لای فێر بووباین و  ڕاهێنانی لەگەڵمان بکردایە. ئەوەندە گۆرانییەک یا قەتارێکی پێ دووپات دەکردینەوە تا لێی فێر دەبووین. ئەو گۆرانی وەک میراتێکی نەتەوەیی پێناسە دەکرد و بۆی گرینگ بو کە ئەم وشە و هەوایانە سینگ بە سینگ بۆ وەچەی داهاتوو بمێننەوە.[6]

said mamle 7
مام سەعید ماملێ

چەند کارەساتی گەورەی وەک قات‌وقڕی، برسێتی، شەڕ و کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی سابڵاخ لەلایان لەشکری عڕووس و عوسمانی و زۆر کارەساتی سرووشتی تر[7]، بە گشتی وەهای کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک دانابوو کە مام‌سەعید و بنەماڵەکەشی لەم نەهامەتییانە بێبەری نەبوون و ژیانیان بە چەرمەسەری تێدەپەڕاند. پیشەی سەرەکی مام‌سەعید تەجاڕەتی کەتیرە و مازوو بوو. بە پێی ئەو بەڵگەیەی کە دەستمان کەوتووە، لە ساڵی ١٣٠٧ی هەتاوی سەرقاڵی توجاڕەتی تووتن بووە.[8]  پاشان بەهۆی ئاڵۆزبوونی باری ئاسایشی ناوچەکە بە هۆی شەڕی ماڵوێرانکەری یەکەمی جیهانی و ئاسەوارە خەراپەکانی ئەو شەرە لەسەر گوزەرانی خەڵک، وێڕای زۆر کەس لە خەڵکی ئەو شارە، نابووت دەبێ (ئیفلاس دەکات/وەرشکست دەبێ) و بۆ بژێوی ژیانی ڕوو لە پیشەی قەسابی دەکات. ئەو دوکانێکی قەسابی لە ڕاستەی شەقامی سەرەکی شار هەبوو. محەممەد ماملێ سەبارەت بە دووکانی باوکی ئاوا دەڵێ:

دوکانەکەی کە باوکم قەسابی تێدا دەکرد لە سەرشەقامی سەرەکی شار بوو کە ئێستا دەکەوێتە بەرانبەری دەرمانخانەی مەرکەزی و پشتی مەیدانی مەنگوڕان یا پشتی کەبابخانەی “حاجی شەریف”ی.  لەوێ دوکانێک هەیە کە بچووک بوو و لە لای دەرکەوە پانتر بوو تا لای خوارەوە. ئەو دووکانە ئێستا کەل‌وپەلی کولتووری وەک کەڵاشی کوردی، کڵاو، دەستکێشی مەرەز، پەستەک، ئاغابانوو، شەدە، سەرکڵاوە و تۆزلیقی لێدەفرۆشترێت).[9] 

مام‌سەعید زۆر سەرسام بووە بە دەنگی مامۆستا “سەید عەلی‌ئەسغەر کوردستانی”.  چەند جارێک لەگەڵ مامۆستا سەید عەلی‌ئەسغەر کوردستانی لە سابڵاخ دانیشتنی هەبووە و بە دووقۆڵی گۆرانییان گوتووە کە بیرەوەرییەکانی ئەم ڕۆژانە لە پەڕتووکەکانی بان باس کراون. وەک کاک حامید کاکیلی لە پەڕتووکی “یادی بەخێر”دا باسی دەکات، لە دانیشتنێکیان دا کە ئەو دوو هونەرمەندە بە گەڕەلاوژە خەڵکی سابڵاخ دەهێننە جۆش، مامۆستا سەید عەلی‌ئەسغەر پاش ئەوەی کە مام‌سەعید لە گۆرانی گوتن دەبێتەوە ڕوو لە مام‌سەعید دەکات و دەفەرمێ:

مام سەعید خودا شاهیدە من بە دڵ عاشقی دەنگی تۆم,

بەداخەوە دۆخی ژیانی ئەو سەردەم و نەبوونی کەرسەی تۆماری دەنگ لە کۆردستان هۆی سەرەکی بوون بۆ ئەوەی هیچ یادگارییەک لە دەنگی ئەو هونەرمەندە گەورە و ڕووناکبیرەی کورد لەبەردەستمان دا نەبێت. ئەوکات کەرەسەی تۆمار دەنگ و موزیکی باش لە شارە گەورەکانی وەک ئیستانبوڵ و تاران هەبوو، هەرچەند وەک زانراوە مام‌سەعید لانیکەم جارێک سەردانی شاری ئیستانبوڵی کردووە بۆ کاری تەجاڕەت[10]، بەڵام ڕوون نییە ئاخۆ لەو سەفەرە دا هیچ هەوڵی داوە بۆ تۆمارکردنی گۆرانی یا نا؟
خوالێخۆشبوو “سەدیق ئەنجیری ئازەر” لە پەڕتووکی “داشامەجید” لاپەڕەی ٧٢ دا لە سەرەتای شێعڕێکی دوور و درێژ  بەم بەیتە دەستپێدەکات:

مەشهووری سابڵاغێ بەدەنگ نێو گەلێ
عابید و قاقی و سەعید ماملێ   

مام‌سەعید لە کۆتایی ژیانیدا تووشی نەخۆشی سیپەلاک دەبێت و هەرچی دار و نەداری کە هەیبوو لە نەخۆشیی خۆی خەرج کرد. ماڵەکەی کە لە گەڕەکی خرێ بوو فرۆشتی تا بەڵکوو چارەسەری خۆی پێ بکات. [11] لەپاش فرۆشتنی ماڵەکەی  بۆ ماوەیەک دەبنە کرێچی ماڵی خوالێخۆشبوو “سەید تەها ئەیوبیانی مەرکەزی” لە کوچەی هەشتمیتری سابڵاغێ. کاک جەماڵی ئەیوبیانی مەرکەزی لە زمان گەورەکانی بنەماڵەکەیەوە دەگێڕێتەوە کە:

لە حەوشەی ماڵيکەیاندا دارەتوویەک هەبوە کە ئێستاش هەر ماوە. مەرحوومی سەعیدی ماملێ لە ماڵی ئێمەدا کۆچی دوایی کرد و لە بن ئەو دارە تووە تەرمەکەیان شۆرد.

بەو چەشنە هونەرمەند و دەنگخۆشی زەمەنی خۆی، مام سەعیدی ماملێ لە ساڵی (١٣٢٠ه/  ١٩٤١ز) و لە تەمەنی ٥٦ ساڵیدا، چاوی بۆ هەتایە وێک ناوە و  لە گۆڕستانی کۆنی شاری مەهاباد بەخاک ئەسپێردراوە.

ڕوحیان شاد و یادیان هەردەم سەوز و بەخێر

نووسینی: وریا ماملێ
٢٧ی٠٧ی٢٠١٩


تێبینی: بەشێکی ئەم کورتە ژیاننامەیە وەک میژووی زارەکی پۆلێن دەکرێت.  بۆ دەوڵەمندبوونی ئەم بابەتە هەوڵ دەدەین لە فاکت و سەرچاوەی بەهێزتر کەڵک وەربگرین. گەر لە دادێ دا سەرەداو یا سەرچاوەی باوەڕپێکراوتر دەستمان بکەوێ بێگومان ناوئاخنی ئەو بابەتەی دەکەین و لەوانەشە گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەر ئەم کورتە ژیاننامەیە دا بێت.


ژێدەر:
[1] لە پەڕتووکی “کاروانی هونەریی بنەماڵەی ماملێ”ـدا نووسراوه کە  باوکی مام سەعید ناویی مام‌عەلی بووە.  بەداخەوە ئەو زانیارییە دوورە لە ڕاستی و بە هەڵە و بەبێ بەڵگە و لە گۆترە

ئەو زانیارییە لەوێ نووسراوە. باوکیی مام سەعیدی ماملێ مستەفای کوڕی مام‌عەلی بووە. تەنانەت نووسراوە کە هاوسەریی “مام‌عەلی”؟! و دایکی مام‌سەعیدی یایەک بووە بەناوی “سەیدزادە مرۆت”. بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو خاڵە پێوەندیمان بە کاک جەعفەری ماملێ‌وە کرد و بەڕێزیان فەرمووی کە: (نەک تەنیا من بەڵکوو هیچیەک لە نەوەکانی مام‌عەلی، ناوی داپیرەی خۆمان نەزانیوە). لەبەر هەندێ ناوی هاوسەری “مام‌عەلی” [لە ئەسڵدا مستەفایە نەک مام‌عەلی] و دایکی “مام‌سەعید” تا ئەو کات و ساتە نازاندرێت.  پێویستە بگوترێت کە تۆماری دەنگی کاک جەعفەر لەبەردەستە.

[2] لەسەر خوێندەوار بوون و نەخوێندەوار بوونی مام سەعید دوو بۆچون هەیە. یەکیان بۆچوونی  محەممەد ماملێ، کاک جەعفەر و کاک عەزیز(خانە) ماملێ‌یە کە باوەڕیان وایە مام‌سەعید نەخوێندەوار بووە . محەممەد ماملێ لە چاوپێکەوتنێک دا دەگەڵ ڕۆژنامەوانی ئاڵمانی [ Hella Schlumberge ] کە لە ساڵی ١٩٧٩ لە مەهاباد ئەنجامی داوە بە ڕوونی ئاماژە بە نەخوێندەواربوونی باوکی دەدات [https://www.mamle.net/?page_id=1968 ]  بەڵام ، بۆچوونێکیش هەیە کە پشت بە هەندێک سەرچاوە دەبەستێت کە لەوێدا بە “میرزا سەعید” ناوی هاتووە . خودانی ئەم بیرە پاساویان ئەوەیە کە بەوپێیە “میرزا” بەو کەسانە دەگوترا کە خویندەوارییان هەبووە بۆیە، وێدەچێت کە خوێندەوار بووبێت. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پرسە ڕوومان لە کاک جەعفەر ماملێ کرد  و ئاوا وەڵامی داینەوە کە:  (ئاستی هۆشیاریی مام‌سەعید زۆر بەرز بووە هەموو شێعرەکانی مامۆستا وەفایی لەبەر بووە جگە لە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان و شێعریی شاعیرانی تر، هەروەها سەوادی “چۆرت” یا “چۆرتکەی” زۆر بەباشی زانیوە کە ئەوکات بە کاری تجاڕەت و بازرگانی زۆر سەرەکی بووە. ڕەنگبێت ئەو بەڕێزانەی بە میرزا ناوی دەبەن مەبەستیان ڕێزدانان بێت بۆ مام‌سەعید نەک مەبەستیان خوێندەواربوونی ئەو بێت. وەک چۆن ئەمڕۆکە بە نیشانەی ڕێزدانان بە هەموو کەس دەڵێن “مامۆستا”).  پێویستە بگوترێت کە تۆماری دەنگی کاک جەعفەر لەبەردەستە.

[3] ئەو مێژوویە محەممەد ماملێ لە لای زۆر کەسان درکاندوویەتی بەتابەت لای  مناڵەکانی.

[4] لەو بەستەرە دەتوانن ئەم بابەتەی مامۆستا ڕێبوار بخوێننەوە: www.mamle.net/?p=1873

[5]  بۆ بینینی گشت وتەکانی مامۆستا هێمن موکریانی، دەتوانن سەردانی ئەم بەستەرە بکرن:
https://youtu.be/KzIm8hCi_F8

[6] ئەو مێژوویە محەممەد ماملێ لە لای وریا و چالاکی کوڕی درکاندویەتی.

[7] وردەکاری ئەو سێڵاوە وێڕای وێنەیەکی دەگمەن، لە ڕۆژنامەی (اطلاعات شمارە ٢٨٦٩، نوزدهم مرداد ماه ١٣١٥) لە چاپ دراوە کە (کشکول، فصلنامە تخصصی اسناد و نسخەهای خطی مناطق کردنشین سال سوم ، شمارە ١ بهار ١٣٩٧) دووبارە لەچاپی داوەتەوە.
محەممەدی ماملێ بە دیان جار ئەو بیرەوەرییەی بە حەسرەتەوە  بۆ مناڵەکانی دەگێڕایەوە کە: ( ماڵمان لە گەڕەکی خڕێ بوو، تەمەنم ١١ ساڵی تێپەڕ نەدەکرد. ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی سێڵاوێکی ماڵوێرانکەر هات و نیوەی زیادی شاری سابڵاخی وێران کرد و خەڵکێکی زۆر تێداچوون.  گەڕەکی خڕێ دەکەوتە سەر ڕیی سێڵاوەکە، هەرچی هەمانبوو سێڵاو بردی و بەشێکی زۆر لە ماڵەکەشمان وێران بوو. سەیر ئەوە بوو کە سێڵاوەکە لەسەرڕیی خۆی، ماڵی هەرکەسی شوشتبایەوە کەل‌وپەلەکانی لەگەڵ خۆی دەبرد. هەندێک جاران کەل‌وپەلی ماڵەکانی سەرەوەی شاری دەبردە دەماڵەکانی خوارەوەتری شار. ماڵی وا بوو سێڵاوکە، بوخچەی زێڕ و قابڵەمەی مس و قالیچە و فەڕشی چاکی بۆ لە ژوورێ دەکردن. لە بەختی ئێمەش سێڵاوەکە گوێدرێژێکی تۆپیوی بۆ لە ژووری ماڵەکەمان کردبوو، لەوێ دا بای کردبوو و دووهێندە زەلامتر ببوو. ئەوجار وای لێهاتبوو کە بۆمان لە دەرکەی دیوەکە نەدەچوو دەرێ. ناچار دەبوایە دەرکە و پەنجەرەی دیوەکە برووخێنین و گوێدرێژە تۆپیوی وەدرێ بنیین. (ماملێ لێرەدا بزەیەکی دەهاتێ و درێژەی بە باسەکە دەدا) جا باوکیشم هەر دەهات و دەچوو و دەیگووت: شا تۆ خوا ئەوە کارە ئەو سێڵاوە لەگەڵ ئێمەی کرد، قالیچە و فەڕشی دە ماڵان دەکات و گوێدرێژێکی تۆپیویش دە ماڵە من)

[8] نووسەری ئەو دێڕانە سەرقاڵی نووسینی پەڕتووکێکە لەسەر مێژووی بنەماڵەی ماملێ و بۆ ئەوەی ئەو بەڵگەیە نەکەوێتەوە دەستی چەواشەکارانی مێژووی بنەماڵەی ماملێ، ناچارین لێرە لە ب،ڵاوکردنەوە خۆ ببوێرین دەنا، ئەو بەڵگەیە لای نووسەر پارێزراوە.

[9] بڕوانە سەرچاوی [7]. پێویستە بگوترێ کە ئەو زانیارییانە ئی سەرەتای نەوەدەکانی زایینی بوو، ئێستا لەوانەیە بیچمی ئەو دوکان و شوێنانە گۆڕدرابێت.

[10] لە بیرەوەرییەکانی (توبا ماملێ) تاقانە کچی مام‌سەعید ماملێ.

[11] وتووێژێک دەگەڵ توبا و جەعفەری ماملێ

بابەتی پێوەندیدار