موتەلیب ماملێ کوڕی چوارەمی سەعید ماملێیە کوڕی سێهەمە لە یای خەزاڵ و مام سەعید. لە ڕێکەوتی ٥/٦/١٣١٠ی هەتاوی لە مەهاباد و لە گەڕەکی خڕێ لەدایک دەبێت. تەمەنی دەساڵانە دەبێت کە باوکی کۆچیدوایی دەکات بۆیە، باری ژیانی بنەماڵەیان قورس دەبێت و بەناچاری دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت و وێڕای براکانی تری وەدوای بژێوی ژیان دەکەون.
لە ساڵەکانی ١٣٤٧ه هەتا ١٣٥٦هەتاوی لە بەنداوی مەهاباد دادەمەزرێت و لەئاکامدا ئەوکارەی بەدڵ نابێت و لەسەر ویستی خۆی کارەکە بەجێدەهێڵێت و ڕوو دەکاتەوە بازاڕ. بەو ئەزموونەی کە لە ناسینی فەرش و مافووردا هەیبوو، لەو پیشەیە دا ملی لە کارکردن نا و لە مەیدانی مەنگوڕانی مەهاباد، سەرای شافیعی، دوکانێ دانا و تا کۆتایی تەمەنی لەم کارەدا بەردەوام بوو
کاک موتەلیب وەکوو کوڕەکانی تری مامسەعید ماملێ، خاوەن دەنگێکی خۆش و ئەزموونێکی باش لە گۆرانی گوتن بوو کە لە کۆڕ و دانیشتنەکانی دا دەگەڵ بابی و کاک حوسێنی براگەورەکەیدا فرتچک بە هونەری گۆرانی دەگرێت و فێری هەموو چەشنە گۆرانییەکی ناوچەی موکریان دەبێت. بەڕێزیان هیچکات بەشێوەی فەرمی نەهاتە ناو دوونیای گۆرانی و هونەرەوە بەڵام، تا کۆتایی ژیانی گۆرانی و فۆلکلۆری کوردی خۆشدەویست و شەوچرای شەوبێری گەلی خزم وهاواڵان بوو
لە کاتی مێرمنداڵی دا ماویەک دەگەڵ براکانی کاک محەممەد و کاک حەسەنی ماملێ کە کاری تجاڕەتی بەروبومی گوندییان دەکرد، ڕەگەڵیان دەکەوت بۆ گوندەکانی دەڤەری موکریان. لە دانیشتن لە کۆڕی دەنگبێژ و دەنگخۆشەکانی ئەو گوندانەدا، ئەڤینداری حەیران و بەیتی کوردی دەبێت و لە فێربوون و گوتنەوەی حەیران دا شارەزاییەکی باش کۆ دەکاتەوە تا ڕادەیەک کە لە بنەماڵەیاندا کەس تۆزیی لە حەیرانگوتنەوەدا ناشکێنێت.
لەناو بنەماڵەی خۆی دا مرۆڤێکی دڵسۆز و زەحمەتکێش بوو. لە هەر دەرفەتێک بۆی لوابا هانی مناڵانی جیلی تازەی بنەماڵەکای دەدا تا بۆ پێشکەوتنی خۆیان و نەتەوەیان پشت بە زانست ببەستن و پەرە بە گەشەی خۆیان بدەن. رووگەش و قسەخۆش بوو. دانیشتنەکانی بنەماڵەکەی بە بێ گۆرانییەکانی برایانی ماملێ بە گشتی و حەیران و قسە خۆشەکانی کاک موتەلیب بەتایبەتی، ویشک بوون. زۆر جاران محەممەد ماملێ بە دانستە مەیلی بۆ حەیران دەچوو و هانای بۆ موتەلیبی برای دەبرد و داوای حەیرانی لێ دەکرد.
کاک موتەلیب دوو جاران ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە. جاری یەکەم دەگەڵ یای “ئایشێ” زەماوەند دەکات و بەرهەمی ئەو ژیانە دوو کچن بە ناوەکانی “عیسمەت” و “سەبری”. دووهەم جاریش دەگەڵ یای “نوسرەت فەرهاد” زەماوەند دەکات و بەرهەمی ئەو ژیانە دوو کچ و چوار کوڕن بەو ناوانە:
١–کاوە ٢- کامڕان ٣- کەیوان ٤- فریشتە ٥- پەیمان ٦- بەفرین.
لە ڕێکەوتی ۱۳۸۹/۹/۲۴ دڵە جوان و پاکەکەی کاک موتەلیب لەلێدان دەکەوێت و لە گۆڕستانی بوداق سوڵتانی شاری مەهاباد بە خاک دەسپێردڕێت.
بەداخەوە تۆماری دەنگیی کاک موتەلیب زۆر کەم لەبەردەست دان بەڵام، دانەیەکمان پێشتر لە ماڵپەڕەکەمان دا بڵاو کردۆتەوە، بۆ گوێگرتنیان دەتوانن کرتە لەسەر ئەو دێڕانە بفەرموون. تەنانەت بەوەندەش ئۆقڕە ناگرین و ئەوەندەی ئێمە لە مەڵبەندی هونەریی ماملێ بۆمان لوابێت ئاسەوارە دەنگییەکانی کاک موتەلیب کۆ دەکەینەوە و لەو ماڵپەڕەدا پێشکەشی بە ئێوە هۆگران و دڵسۆزانی فەرهەنگ و هونەری کوردی دەکەین
ڕۆحیان شاد و یادیان بەخێر
مەڵبەندی هونەریی ماملێ
چەند وێنەیەک لە خوالێخۆشبوو میەلیب ماملێ
ویدیۆ