Skip to content

سێی ڕێبەندان

مانگی ڕێبەندان لای نەتەوەی کورد مانگی شادی و خۆشی بووە. مانگێک بووە کە لە مێژووی مۆدێرنی کورددا وەک مانگی بونیاتنانی ناسنامەی نەتەوەیی سەیر کراوە. نەتەوەی کورد بە تایبەتی لە ڕۆژی دووی ڕێبەندان کەیفخۆشن و یادی دامەزرانی کۆماری سەربەخۆی کوردستان بە پیرۆزی دەکەنەوە. لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی (١٩٩٩ی زایینی) هێشتا بزەی زارۆک و مەزنان خونچەی بە تەواوی نەپشکەوتبوو کە ڕووداوێکی دڵتەزێن خەم و پەژارەی بە سەر تیشکی ئازادی و شادی جەماوەر داپۆشی. لەم ڕێبەندانەدا نەدەگونجا کە یایان و پیاوان شان بە شانی یەکتر هەڵپەرن و گرمە لە عەرز و دڵی داگیرکەران بهێنن و پەیمانی خۆیان دەگەڵ پێشەوای کوردان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان نوێ بکەنەوە. ڕۆژی سێی ڕێبەندانی ئەو ساڵە مامۆستا محمد ماملێ، هونەرمەندی نەتەوەیی کورد کۆچی دوایی کرد. ئەو لە دووی ڕێبەنداندا چەکی شەڕەفی پێشمەرگایەتی کۆماری کوردستانی لە شان کرد و لە ڕۆژی سێی ڕێبەنداندا، پاش تەمەنێک خزمەت و وەفاداری بە نەتەوە و نیشتمان ماڵ ئاوایی لە زێد و خەڵک کرد. ماملێ بە ڕۆییشتنیشی خەڵکی لە دەوڵەمەندی خۆی بێبەر نەکرد. ئەو دەرفەتێکی مێژوویی بۆ نەتەوەی کورد خوڵقاند تا بڕژێنە سەر شەقامەکان و بە بیانووی کۆچی دوایی ئەو مرۆڤە مەزنە، رق و توڕەیی خۆیان لە سیستەمی جەنایەتکاری کۆماری اسلامی ایران دەرببڕن. جەماوەری نیشتمانپەروەری کورد نە تەنیا لە موکریانی نیشتمانەوە، بگرە لە سلێمانی و هەولێر و باکووری کوردستانیشەوە بەرەو پیری سابڵاغی کوردەواری چوون. کوردی هەندەران و لایەن و تاکی سەربەخۆی سیاسی بە شێوەی جۆراوجۆر ڕێزی خۆیان لە بەرانبەر ئەم هونەرمەندە نواند. شەقام و کۆڵانەکانی مەهاباد پڕ ببوو لە خەڵکی بە ئەمەگ و ژیاری کورد. جەماوەری خەمۆک و دڵشکاوی کورد چۆلاییان بە شارەوە نەهێشتبوو. جەماوەر هێمن و پەژۆکاو، تەرمی ماملێیان لە سەر شانان دەگێڕا و هەنگاو هەنگاو دروشمی نەتەوەیی و دژ بە داگیرکەرانیان دەگوتەوە. ماملێ ئەو کەسە بوو کە بە سەربەرزییەوە نەتەوەکەی جێ هێشت. خۆی ڕۆیی و دیسان بەرهەم و سۆز و ئەڤینی وەک مۆمێکی وەفادار هەرکات وەک چرایەک سۆمای بەخشی. ڕێبەندانی ئەو ساڵە تەنیا ڕێبەندانی لە دەستدانی ماملێ نەبوو، ڕێبەندانی بەدیلگیرانی سەدان ڕۆڵەی کورد بوو. ڕێبەندانی ئاوارەیی و دەربەدەری زۆر مرۆڤی بە ئەمەگ و لێکدابڕانی زۆر بنەماڵە بوو. ڕێبەندانی ماملێ ڕێبەندانی یەکگرتوویی دووبارەی نەتەوە بوو. خوێندەوار و نەخوێندەوار، دەوڵەمەند و هەژار، ئایینی و بێبڕوا، گەورە و بچووک، ژن و پیاو و ناسراو و نەناسراو بوو. کۆچی دوایی مامۆستا محمد ماملێ دەرفەت و بیانوویەک بوو بۆ نەتەوەیەک کە هەڵوێستی خۆیان بەرانبەر سیستەمێکی قێزەوەن و دژە مرۆڤی ڕابگەیێنن. تاقیکردنەوەیەک بوو کە جەماوەر خۆی تێدا نیشان بدا و بیسەلمێنێ کە ئەم جەماوەرە سەرکوت ناکرێ، واز لە ڕێگەی پیرۆزی دایک و بابانی خۆی ناهێنێ، نرخی جوانییەکانی خۆی بە باشی دەزانێ. لەم ڕێبەندانەدا ماملێ لە شوێنێک بە خاکی زێدەکەی سپێردرا کە خۆی بونیاتی نا. گڵکۆی شاعیران و هونەرمەندانی مەهاباد بوو بە شوێنی حەسانەوەی تەرمی ماملێ تا لە پەنای خۆشەویستانی خۆی و گەلەکەی، لە بوداق سوڵتانەوە بڕوانێتە کاروانی شەنگی کوردایەتی. یادی بەخێر و ڕۆحی شاد.

فیلمەکانی ڕۆژی سێی ڕێبەندان، ڕۆژی بەخاکئەسپاردنی هونەرمەند محەممەدی ماملێ

وێنەکانی ڕۆژی سێی ڕێبەندان، ڕۆژی بەخاکئەسپاردنی هونەرمەند محەممەدی ماملێ

بابەتی پێوەندیدار