Skip to content

جەعفەر ماملێ

جەعفەر ماملێ بچووکترین کوڕی سەعید ماملێ، لە ساڵی٠۳/۱٠/١٩٤١ زائینی بەرانبەر بە ۱۹/۱۱/۱۳۱۹ هەتاوی لە شاری مەهاباد لەدایک بووە.

لە سەرەتای منداڵییەوە باوکی  کۆچی‌دوایی دەکات. براکانی هەوڵ دەدەن تا ئەو جێیەی بۆیان بلوێ لە نازی باوکانە بێبەش نەبێت و  کەلێنی گەورەی بێباوکی بۆ پڕ بکەنەوە. ئەم دۆخە زۆر ناخایێنێت کە لە بەختی ڕەش و لە دڵڕەقی گەردوون، لە ماوەی یەکساڵ دا دوو برای گەورەتر لە خۆی و سەرپەرستی بنەماڵەکەیان، (کاک حوسێن و کاک هاشم ماملێ) بە نەخۆشییەکی کوت‌وپڕ، جوانە مەرگ دەبن و ڕەوشی گوزەرانی بنەماڵەکەیان دەکەوێتە دۆخێکی زۆر چەتوون. ئیتر لەمەوپاش بەرپرسیارەتی هەموو بنەماڵەکە دەکەوێتە ئەستۆی برا گەورەکەی (محەممەد ماملێ).

دۆخی نالەباری ژیانی ئەو بنەماڵەیە وا لە هونەرمەند جەعفەر ماملێ دەکات کە پۆلەکانی سەرەتایی خوێندنگا جێ بهێڵێت و کار بکات، تا بتوانن یاریدەدەر بێت بۆ وەدەستهێنانی بژێوی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی.

تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێش کە ماڵباتی ماملێ بە گشتی هەیانە ئەوەیە کە، هیچ کۆسپ و لەمپەرێک ناتوانێ دەنگی خۆشیان کپ و ڕێبازی هونەرییان کوێر بکاتەوە. لە بنەماڵەی ماملێ دا گەر خەم  و گرفت و ناخۆشی هەبێت، ئەوە دەنگی خۆش و هونەری بەمیراتوەرگرتوو هەیە کە دەرد و خەمانی پێ ساڕێژ بکەن.

ئەو تایبەتمەندییە لە ڕۆژە خۆش و ناخۆشەکانی میللەتەکەیان دا بەردەوام لەگەڵیان بووە و بووە بە خەمڕەوێن و هەتوانێکی بچووکی برینە قووڵەکانی ئەو گەلە.  ئەوان لە منداڵییەوە بەو کولتوورە ڕاهاتوون و لە قوتابخانەی باوکیان، هونەرمەند و دەنگخۆشی زەمەنی خۆی، مام سەعید ماملێ‌وە  فێری وانەکانی گۆرانی گوتن و چرینی قەتار و خوێندنەوەی بەستە و هەواکانی حەزرەتی وەفایی بوون.

دیارە هونەرمەند جەعفەر ماملێش لەم تایبەتمەندییە بێبەش نەبووە و بەری هونەری لە مەحزەری براگەورەکانی بەتایبەتی کاک حوسێن ماملێ و کاک محەممەد ماملێ چنیوە. بەڕێزیان لەسەرتای مناڵییەوە شارەزاییەکی باشی لە گوتنەوەی قەتار و گۆرانییەکانی حەزرەتی وەفایی دا لەخۆی پێشان دابوو. هاوکات ئەزموونێکی باش لە ناسینی دەزگاکانی موزیک و گۆرانی کۆ دەکاتەوە کە لە ژیانی هونەرییان دا بوون بە هاوکارێکی باشی ئەم هونەرمەندە.
لەتەمەنی 19 ساڵی دا لەگەڵ (حەلیمە) خانم ژیانی هاوبەشی پێکهیناوە. بەرهەمی ژیانیان کۆرێک و سێ کچە بە ناوەکانی (بەختیار، وەفا، سەفا و سەحەر).  بەهۆی کار و پیشەی بازرگانی، چەند ساڵێک لە شاری سەردەشت ژیاوە.

جەعفەر ماملێ جیا لەوەی لە کۆڕی هاوڕێیان و بنەماڵەیی دا هونەرەکەی بە شێوەیەکی نافەرمی دەردەخست، لە هەمانکاتیش دا لە هەندێک کۆڕی هونەری بەشداری کردووە و جێگای خۆی لەناو دڵی هونەردۆستان دا کردوتەوە.  تا ئەوکاتەی براگەورەی خۆی، محەمەدی ماملێ لە ژیان دا بووە، بە شیوەی فەرمی خۆی تێکەڵاوی بواری هونەر نەکردووە.

هۆنراوەکانی حەزرەتی وەفایی،جانانە و قەتار، ناوئاخنی بەشی زۆری بەرهەمەکانی ئەم هونەرمەندەن، زۆربەی بەرهەمەکانی لای خەڵک تومارکراوە.

لە ساڵی ١٩٩٢زائینی لەگەڵ هەندێک لە هونەرمەندانی باشووری کوردستان، بەرهەمی (فرمێسکی شەو)ی لە شاری مەهاباد تۆمار کردووه. لە  ساڵی ١٩٩٥زائینی دا، لە یادی مامۆستا (وەفایی) کە لە مەهاباد بەڕێوەچوو بەشداری کرد، کە بە وتنەوەی هۆنراوەکانی مامۆستا وەفایی و گۆرانی، پێشوازێکی زۆر بێوێنەی لێکراوە.

لە ساڵی ١٩٩٩ زائینی لەلایان کۆمەڵەی کولتووری کوردی، بانگهێشت کراوە بۆ وڵاتی سوید و لە (گلوبنی شاری ستۆکهۆڵم) و دواتر لە چەند شاری تری ئەم وڵاتە کۆنسێرتی بەرێوەبردووە.

هەروەها لە چەندین کۆنسێرتدا لە باشووری کوردستان و لە شاری (سلێمانی)بەشدار بووە.  لە رۆژهەڵاتی کوردستانیشدا چەند جارێک کۆنسێرتی گێڕاوە.

‌هونەرمەند جەعفەری ماملێ لە ڕۆژی دووشەممۆ ڕێکەوتی ١٧/٠٢/ ٢٠٢٠  لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا و  لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی دەکات

بابەتی پێوەندیدار