Skip to content

توبا ماملێ

وەک لە ژیاننامەی هونەرمەند سەعیدی ماملێ دا ئاماژەمان پێدا، ئەو هونەرمەندی لەناوی ٧ منداڵاندا، تاقە کچێکی هەبوو ئەویش ناوی “تووبا”یە. تووبا لە ڕۆژی ١١ ڕەشەمەی ١٣١٦ هەتاوی (١٩٣٧ی زایینی) لە گەڕەكی “خڕێ”، بەرانبەر بە ماڵی ئاغای “سێغاری” لە مەهاباد لە دایك بووە.

ئەو تەمەنی ٤ ساڵان دەبێت کە باوکی کۆچیدوایی دەکات و بارودۆخی بنەماڵەکەیان بەگشتی و بۆ کیژێکی تاقانەی ٤ ساڵ تەمەن بەتایبەتی، تێکدەچێت. چارەنووسی تووباش چەشنی زۆربەی کچان و ژنانی هاوتەمەنی خۆی گرێدراوی دوو جەمسەری نەداری و دواکووتوومانەوەی گۆمەڵگاکەی بوو. هیچكات ڕێگای خوێندگای بە خۆیەوە نەبینی بەڵام، ئەوانە نەبوونە هۆی ئەوە کە تووبا هونەر و دەستڕەنگینی خۆی نەنوێنێ. ئەو بە پشتبەستن بە توانا و مشووری خۆی توانی وەک خەییات و بەرگدروویەکی دەستڕەنگین خۆبنوێنێ و گەشە بەو هونەرەی بدات. تووبا بەو جل و بەرگە کوردییانەی کە بۆخۆی دەیدروو و دەبەری دەکرد، وەک
ژنێکی شۆخ و شەنگ دەینواند و هێندە زیاتر دەستکردە جوانەکانی دەکەوتە بەر چاوی عاشقانی جل و بەرگی کوردی. دیارە تووبا ئەو هونەرەی تەنیا بۆ ئەوینێک کە بۆ کولتووری کوردی هەیبوو درێژە پێدەدا و هیچکات بۆی نەبوو بە سەرچاوەیەکی داهات.

پیویستە بگوترێ کە خۆشەویستی تووبا خانم بۆ کاک محەممەدی ماملێی برا گەورەکەی، ئەوەندە زۆر بوو کە لە خۆشەویستی ئەو برایەی خۆی فێری پێچبادان کرد و  زۆربەی ئەو پێچانەی کە مامۆستا محەممەد ماملێ لەسەری دەکردن، دەستکردی ئەو خوشکە هونەرمەندیان بوو. تەنانەت سەرکڵاوە و گۆرەوی مەرەزیشی بۆ دەکرد و کراسی کامواشی بۆ دەچنی.  هاوکات دەگەڵ ئەو هونەرەش بەردەوام گوێگری گۆرانییەکانی براکانی بووە و لێیان فێری گۆرانی گوتن بووە و خاوەن دەنگێکی ماملێیانە و ناسک و نەرم و دڵڕفێنە و ئەزموونێکی زۆر باشی لەسەر گۆرانییەکانی ناوچەکە و بنەماڵەی ماملێ هەیە.  دەنگی ئەو یادگارەی سەعیدی ماملێ بەداخەوە لە بازنەی بنەماڵەیی دا زیاتر دەرنەکەوت دەنا، دیتوانی ببێتە دەنگێکی دیار لە هونەری گۆرانی کوردی دا. کاک “هیوا زەهابی” کوڕی تووبا خانم کە ئێستا لە وڵاتی فەڕانسە دەژی سەبارەت بە دەنگی دایکی ئاوا دەڵێ:

زۆربەی پاشنیوەڕۆیان، وەختەكەی دەدا بە كاری دروومان و هاوكات زەبتەكەشی لە پەنای خۆی دادەنا و گوێی هەڵدەخست بۆ گۆرانییەكانی كاكە محەممەدی، جا لێرەدا بوو كە خۆی پێ ڕانەدەگیرا و وێڕای كاکە محەممەدی دەستی پێ دەكرد و لە چریکەی دەدا. دەنگی تووبا و دەنگی كاكی وەها دەستەوملانی یەكتر دەبوون کە هەر خۆش بوو گوێی – “هیوا زەهابی” – بۆ ڕادێری. بە حەق ئەو تێكەڵاویە تامێكی تری دەدا بە ئاهەنگەكانی ماملێ.

هەل‌ومەرجی ئەوكات و دواكەوتوویی كۆمەڵی كوردەواری لە هەموو بارێكەوە تەنگی بە گەشەی
هەمەلایەنەی ژنانی وڵاتەکەمان هەڵچنیبوو بەتایبەتی لە باری هۆنەرییەوە.  هیچكات ئەو دەرفەتەیان بۆ نەرەخسا تاكوو بتۆانن هونەر و دەنگی خۆشی خۆیان شانبەشانی پیاوان، بە گوێی هاووڵاتیانیان بگەیەنن بۆیە، تووباش لەم یاسا ناڕەوایە کە بەرانبەر بە ژن پەیڕەو دەکرا بێبەری نەبوو و دەنگە خۆشەكەی و هەستە هونەرییەكەی تا ئێستاشی دەگەڵ بێ، لەلای خۆی ڕاگرت و لە چۆاردیواری ماڵی خۆی زیاتر تێنەپەڕی.

ئەوە لە حاڵێک دایە تووبا، چ لە زەمەنی مام سەعیدی باوکی، چ لە زەمەنی کاکە حوسێن و کاکە محەممەدی برای و تەنانەت لەلایان کاک “عەبدوڵڵای زەهابی” (هاوسەری تووبا خانم)ـ شەوە هیچکات هەستی بە بەربەست نەدەکرد بەڵکوو، نەک تووبا بگرە هەموو کێژ و کچانی بنەماڵە هاندەدران تا دەنگی خۆیان بخەنە خزمەتی هونەری گەلەکەیانەوە وبە دەنگی خۆشیان گەر بۆ ساتێکیش ببێت، ببنە هاودەمی خەم و شادییەکانی نەتەوەکەیان و هەروەها پشکێک بەرن لە گەشەی هونەریی و کولتووریی نەتەوەکەیان. بەربەست و لەمپەری هەرە گەورەی بەردەم تووبا و کچانی کورد تەنیا کولتوورێکی داخراو و دواڕاگیراوی کۆمەڵگای کوردەواری بوو.

تووبا ماملێ لە ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی شوو دەکات بە کوڕێک لە بنەماڵەی بەڕێزی (مێنەی زێنێ) بە ناوی کاک “عەبدوڵا زەهابی” کوڕی خوالێخۆشبوو “عەبدولخالەقی زەهابی”. ئەو بنەماڵەیە بەگشتی بنەماڵەیەکی خۆشنێو و خاوەن ڕێزن لە مەهاباد و لە ناو خەڵک دا خۆشەویستن، بەتایبەت کاک عەبدوڵا کە کەسێکی هێدی، خاوەن کەسایەتییەکی بەرز و بەڕێز بوو. بۆ تووبا و منداڵەکانی چەشنی مێرد و بابێکی دڵسۆز و گیانفیدا، لە چرکە بە چرکەی ساتەکانی ژیانی کەڵکی وەردەگرت کە بنەماڵەکەی حەساوە بن و ژیانیان خۆش بێت و نەهامەتی نەبینن.  تەنانەت لە کۆمەڵگاش دا بە هەمان ڕۆح و ڕەوشت هەڵسوکەوتی دەکرد و بەڕادەیەک خۆشەویست بوو کە زەحمەتە کەسێک لەو شارە بدۆزییەوە کە دڵی لێیان هێشابێت. بەرهەمی ژیانی هاوبەشی تووبا خانمی ماملێ و کاک عەبدوڵا زەهابی سێ کچ و دوو کوڕە بە ناوەکانی: زێنەب، محەممەد ئەمین (هیوا)، مەستان، کەژاڵ و داود.

تووبا ژنێكی ڕووح سووك، سەر و ڕووخۆش، دەم بەپێكەنین، خزمدۆست و لەبەردڵانە. هەركەس بۆ جارێك بیبینێ قەت لەبیری ناكات و لە هاونشینیی تێر نابێ.

تووبا ئیمڕۆ خاوەنی نەوە و نەتیجەیە و هەر وەكوو پێشوو عاشق و سەوداسەری دەنگی كاكە
محەممەدێتی  و ئەویندارانە دەڵێ کە: بەو دەنگەوە ماوەم.

داوای ژیانێكی پڕ لە خۆشی و سڵامەتی بۆ ئەو دەنگخۆشە، ئەو خوشکە بەوەفایە و ئەو
هونەرمەندە دەستڕەگینە دەکەین. تەمەنیان دڕێژ و لەشیان ساغ.

مەڵبەندیی هونەریی ماملێ

تێبینی: ئەم کورتە ژیاننامەیە بە هاوکاری کاک هیوا و کاک
داود زەهابی ئامادە کراوە. زۆریان سپاس دەکەین.

بابەتی پێوەندیدار