Skip to content

وێنەیەکی دەگمەن لە زەمەنێکی تایبەت لە ژیانی محەممەد ماملێ

هەست کردن بە بەرپرسیارەتی لەئاست مافە نەتەوەییەکان و هاوار بەرزکردنەوە لەمەڕ ئەو زۆردارییە مەزنانەی کە بەرانبەر بە گەل و نیشمانی کوردان دەکرێت، دەنگی هەر کوردێکی بەشەڕەف دەردێنێت و هەوڵی بۆ دەدات تا بەرەنگاری ئەو بێدادی و زوڵمە نامرۆڤانەیە بێتەوە.
بەدرێژایی تەمەنی هونەریی و تاکەکەسی ماملێ، بە هۆی بەگژداهاتنەوەی ئەو زۆردارییانە، چەند جارێک کۆسپی بۆ درووست بووە و دە قۆرتی گەورە کەوتووە، خیانەتی پێکراوە و بەگرتیان داوە.

برای بچووکی محەممەدی ماملێ بەڕێز کاک جەعفەری ماملێ باس لە بیرەوەرییەک دەکات کە چەند مانگێ دوای تێکچوونی کۆمارە جوانەمەرگەکەی کوردستان دەکات و دەڵێ:
(کاکە محەممەدم لە سەردەمی کۆمار دا پێشمەرگەی کوردستان بوو. ئەوکاتی ئاڵایەکی پیرۆزی کوردستانی هێنابۆوە ماڵێ و هەڵیهاوەسیبوو. کە کۆمار ڕووخا، کاکە محەممەدم بە “خەزاڵ”ی دایکمی گوت با کێشە بۆ ماڵەکەمان ساز نەبێ، هەوڵ بدە ئەو ئاڵایە بشارەوە بۆ ڕۆژی خۆی. خەزاڵیش ئاڵاکەی دەپاڵ دەستەنۆن و باڵینجان دا شاردبوویەوە. کەس نازانێت کە چلۆن دەوڵەت پێدەزانێت کە محەممەد ماملێ ئاڵای کوردستانی لە ماڵێ شاردۆتەوە و دێن ماڵێ دەپشکنن و کاکە محەممەدم دەگەڵ خۆیان دەبەن و زیندانی دەکەن.
لەوێ داوای ئەو ئاڵایەی لێدەکەن بەڵام، کاکە محەممەدم حاشای لێدەکات و دەڵێ من ئاڵام نییە. بەو چەشنە زیاتر لە دوو مانگان دەیگرن و ئەزیەتی دەدەن تا ئەو ئاڵایە وەدەر بخات بەڵام، کاکە محەممەدم ناچێتە ژێری و ناچار دەبن بەری بدەن)[1]

  ئیتر لەوساوە لە لایان دەوڵەتەوە بە چاوی شک و گومان لە ماملێ دەڕواندرا و بە شێوەی جۆراوجۆر دەیانبوغزاند و بەربەستیان بۆ ساز دەکرد. زۆر جاران لەلایان ساواکەوە بانهێشت دەکرا و پڕ و بیانووی سەیر و سەمەرەیان پێدەگرت و چاوترسێنیان دەکرد.

لە ساتەوەختی هەڵگیرساندنەوە شۆڕشی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە شۆڕشەکەی (٤٧ – ٤٦) بەناوبانگە، ماملێ یەک لەو کەسانە بوو کە هاوکاری ئەو شۆڕشە بوو و چەند کۆبوونەوەیەکی ئەو شۆڕشگێرانە پێش دەربازبوونیان لە ماڵەکەی محەممەد ماملێ دا بووە[2] و چەند جارێک دەگەڵیان لە ناوچەی زمزیران کۆدەبێتەوە و ئەو یارمەتییانەی کە لە ناو خەڵکی کوردستان دا بۆیانی کۆ کردۆتەوە دەیانداتێ[3] و تەنانەت جارێکیشیان پێشمەرگەیەکی بریندار بە قاچاغ دێنێتەوە شار و دەیشارێتەوە  و برینەکەی بۆ تیمار دەکات [4].

ڕژێمی کوردکوژی پاشایەتی کە ئەو شتانە لە ماملێ دەبیسێتەوە، لە ساڵی ١٣٤٧ ماملێ دەگرێت و ڕەوانەی زیندانی ورمێی دەکەن جگە لەو هاوکارییانە تەنانەت، گۆرانی “لای لایە”ش لەسەر کەیسەکەی زیاد دەکەن و گورج حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەردەچوێنن. پاشان بە واسیتەکاری خەڵکی دەستڕۆیشتووی ئەوکات کە ماملێیان خۆش دەویست وەک “حەسەن ئاغای کۆسەکەرێز” (معروفی)[5] و ماندووبوونەکانی کاک “حەسەن” و کاک “متەلیبی” برای[6] و زۆ کەسی دڵسۆزی تر تواندرا حوکمەکەی بۆ کەم کەنەوە.

ئەو وێنەیەی کە لێرە دەیبینن، ئی ئەو سەردەمەیە کە ماملێ لە زیندانی ورمی گیراوە دەگەڵ چەند کە س لە گیراوەکانی ئەو سەردەم کە زۆربەیان بە تاوانی هاوکاری کردنی شۆڕش گیراون. ئەو وێنەیە لەلایان عەوڵادێکی یەک لەو گیراوانەوە بڵاو کراوەتەوە کە دەگەڵ ماملێ لە زیندانی ورمێ بوون. بەداخەوە بەڕێزیان نەیانویست کە ناویان لێرە بنووسرێت بەڵام، جیی خۆیەتی سپاسێکی زۆریان بکەین کە ئەم وێنە بەنرخەیان تا ئەمڕۆکە پاراستووە.

mamle zindan
لە چەپەوە برایم ئاغای کێلێ (بایزیدی) کاک فەتاح محەممەدی(دێ گۆرجێ) مام قادر سۆلیمانی(کوندەرێ) حاجی مارف ئاغا ئەحمەدی (لاوێن) مامۆستا محەممەد ماملێ ساڵی ۱۳٤٨ گرتوخانەی رەزایە

ئەو کەسانەی دەو وێنەیەدا ناسراونەوە ئەوانەن:
لە ڕاستەوە:
١- محەممەد ماملێ
٢- حاجی مارف ئاغا ئەحمەدی (لاوێن)
٣- مام قادر سۆلیمانی(کوندەرێ)
٤- کاک فەتاح محەممەدی(دێ گۆرجێ)
٥- برایم ئاغای کێلێ (بایزیدی)

ڕۆحی کۆچکردووان شاد و تەمەندرێژیش بۆ ئەوانی تر.

لێرە چەند وێنەیەکی تر کە پەیوەستن بەو زیندانە و ئەو ڕۆژانە دادەنێێن.

پێویستە ئەوەش باس بکەین کە ماملێ لە سەردەمی کۆماری سێدارەش دا چەند جارێک گیرا و پەڵپیان پێگرت. تەنانەت یەکەمین جار کە لە ساڵی (١٣٥٩ه١٩٨٠ز) گیرا و حوکمی ئێعدامی بۆ دەرکرا بەڵام، کەسێکی قارەمان بوو بە بەربەست بۆ لەسێدارەدانی ماملێ کە ئەو کەسە ئێستاش لە ژیان دا ماوە و هەموو ئەو بیرەوەرییانەی خۆی سەبارەت بەو باسە بەنووسین بۆ مەڵبەندی هونەریی ماملێ ناردووە کە لە داهاتوو دا بڵاویان دەکەینەوە.

سپاس کە میوانی ماڵپەڕەکەمان بوون
مەڵبەندی هونەریی ماملێ

سەرچاوەکان:
[1] دەقی چاوپێکەوتنەکەی کاک جەغفەری ماملێ لەبەردەست دایە.
[2] لە بیرەوەرییەکانی کاک خانە ماملێ(عەزیز) و کاک عەبدوڵا ماملێ. ئەو بەڕیانە باس لەوە دەکەن کە چلۆن محەممەدی ماملێ ئەوانی لە کوچە و کۆڵانەکان داناوە تا چاوەدێری کۆڵانەکان بکەن و کە چاویان بە شتێکی نامۆ کەوت زوو بێن بابیان ئاگادار بکەنەوە.
[3] بیرەوەرییەکانی مەلا ڕەسوڵ پێشنەماز. https://youtu.be/iDhqlSxPpp0
[4] لە بیرەوەرییەکانی کاک عەبدوڵا ماملێ.
[5] لە بیرەوەرییەکانی “ئامین” خانم هاوسەری کاک محەممەد ماملێ
[6] لە بیرەوەرییەکانی کاک خانە ماملێ (عەزیز)

بابەتی پێوەندیدار