نووسینی: جەمالی دەلاک
گۆرانی فۆلكلۆری كوردی بەشێكی بەنرخ و دێرینە لەفەرهەنگ و كەلەپووری نەتەوەیمان، گەنجینەیەكی پڕ بەهای لێوڕێژە لە وشەی سادەو تێكستی ڕەسەن، سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتیە زۆرانەی بەسەر گەلی كورددا هاتووە،فەرهەنگ و كەلتوور و زمانی داگیركەر هەرگیز نەیتوانیوە زەفەر بەو هونەرە ڕەسەنە ببات، بەڵكو ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر گەشانەوەی بەخۆدیووە، ئەویش بەهەوڵ و تێكۆشانی دەنگبێژان و خۆشخوان و بەیتبێژانی نەتەوەكەمان.
یەكێك لەو هونەرمەندانەی كەلەناوچەیەكی دەوڵەمەند لەباری فۆلكلۆر و گۆرانی میللیی یەوە، ناوچەی (موكریان)، ماوەی (26) ساڵ بەدەنگە خۆش و شادی بەخشەكەی، هونەرێكی ڕەسەن بەزمانێكی پاراو و سادەی خەڵكی دێهات و گوندنشینەكانی كوردستان گۆرانی میللی چڕی وە، بەهونەرە پڕ چێژو خەم ڕەوێنەكەی گوێگری كەمەندكێش كردووه و هەست و نەستی داگیركردوون و تامەزرۆیی بیستنی هونەرە كاریگەرەكەی بوون، (ئەگەر ئاواز و مۆسیقایەك كاری تێكردی، ئەوه بزانە ڕەسەنایەتی لێ دەچۆڕێ، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كه مرۆڤ دەبێ به خەزێنەی فۆلكلۆردا بزانێ)
- دەنگ و تێكستە فۆلكلۆرییەكانی ئاوێتەی ئامێرەكانی مۆسیقا (كەمانچەو باڵەبان و زەڕب) كردووە، ئەو هونەرمەندە بەرزەی كە هۆگران و عاشقانی گۆرانی بەپەرۆشەوە شەیدای دیتن و بیستنی هونەرەكەی بوون، ئەویش هونەرمەند (مەلا حوسێن عەبدوڵڵازادە) یە .حوسێن عەبدوڵڵازادە ئەحمەد، لەنێو دنیای هونەری مۆسیقاو گۆرانی و كۆڕی شایی و زەماوەند دا بە (مەلا حوسێن عەبدوڵڵازادە) نێوی دەركردووە.
هونەرمەند مەلاحوسێن، لەساڵی (1302) ی هەتاوی بەرامبەر بە (1923) ی زاینی، لە ئاوایی (كانی تۆمار) ی سەربەشاری (بۆكان) لەئامێزی خانەوادەیەكی ئایندار و مەلا لەدایكبووە، باوكی هونەرمەند (مەلا) بووە، كەتەمەنی دەگاتە ئەو ئاستەی بخرێتە بەرخوێندن، باوكی دەینێریتە (حوجرە) لەمزگەوت، وانەی ئاینی بخوێنێ و لەدواڕۆژدا ببێ بە مەلا، بەڵام ئەو هەست و هۆشیی زیاتر بۆلای حەزو ئارەزووی خۆی دەڕوات ئەویش گۆرانی و مۆسیقایە، هونەرمەند مەلاحوسێن هەرلەمنداڵییەوە دەكەوێتە ژێر كاریگەری بەیت و بەندی كوردی، لەبەرئەوەی ئەو ناوچەیەی ئەوی تێدا ژیاوە لێوان لێوبووە لە هونەری ڕەسەنی گۆرانی و حەیران و بەستەی ناوازەی كوردی، لەلایەكی دیكەوە لەبەرئەوەی كوڕە مەلا بووەو باوكی بەهۆی مەلایەتییەكەیەوە گوند و دێهاتەكانی ناوچەی موكریان گەڕاوەو ئەوەش كاریگەری لەسەر هونەرمەند داناوەو لەهەر دەڤەرە گۆرانی و بەستەی فۆلكلۆری فێربووە و كردوویەتیە توێشووی كارە هونەرییەكانی، هونەرمەندی میللی ئیبراهیمی قادری بەوشێوەیە یادەوەرییە شیرینەكانی سەردەمی منداڵی خۆیی و هونەرمەند مەلاحوسێن دەگێڕێتەوە(هەر لەمنداڵیمانەوە ئارەزوومان لەكەیف و بەزمی هونەریی كردووە و هەمیشە بەدەوری كاری هونەرییەوە ئاڵابووین، زۆرجاران پێكەوە لەئاهەنگی شەوانەی ماڵان تا درەنگانی شەو پێكەوە گۆرانیمان گوتووە و دڵی میوان و ئامادەبوانمان خۆشكردووە )
- هونەرمەند مەلا حوسێن لەتەمەنی (30) ساڵیدا، ساڵی (1953) ژیانی هاوسەری پێكدێنێ، لەهەمان ساڵدا شوێنی نیشتەجێ بوونی دەگۆڕێت و دەگوازێتەوە بۆ گوندی (ئیندرقاش) كە (15) كیلۆمەتر لەشاری مەهابادەوە دوورە، (گوندی ئیندرقاش سەربەشاروێرانی مەهابادە، هەرچەندە گوندێكی بچووكە بەڵام تایبەتمەندیەكی سەیری هەیە، ئەویش ئەوەیە زۆر دەنگبێژی بەتوانا و دەنگخۆش و ژەنیاری چاكی تێداهەڵكەوتووە، یەكێك لەو دەنگخۆشانە وەك (حاجی حەمەدەڕەش) یەكێك بووە لەدەنگخۆشەكانی ناوچەی موكریان ،لە سەردەمی هونەرمەندی گەورە (سەیدعەلی ئەسغەری كوردستانی)، كاك سەعیدی ماملێ و حاجی حەمەدەڕەش لە موكریان و هونەرمەند سەیدعەلی ئەسغەری كوردستان لە ئەردەڵان، هونەرمەند مەلا حوسێن لەیەكێك لەگۆرانییەكانی ناوی ئیندەرقاش دێنێ و دەڵێ :
ڕێحانەی دەم ئاشیە جەژنەیەو چەن خۆشیە
یاڕەبی بەخێرێتەوە، مەنیج ئیندرقاشییە)
- كاتێك هونەرمەند مەلاحوسێن لەگوندی ئیندرقاش نیشتەجێ دەبێت و زیاتر بەهونەری ناوچەكە ئاشنا دەبێت، ئەویش هەرلەتەمەنی منداڵییەوە دەستبەرداری فەقێیایەتی بووە و بەدوای كەیف و سەفا و هونەری گۆرانی كەوتووەو، لەخۆڕادیووە كە دەنگی خۆشەو دەتوانێ بەدەنگە خۆشەكەی دڵی دەوروبەر و گوێگران خۆش بكات، لێرەوە دەبێتە دەستپێكی كاری هونەری هونەرمەند مەلاحوسێن واتە ساڵی (1953) .لەڕێی هونەرەكەیەوە تێكەڵاو بە دیوەخانی ماڵە ئاغاكان و دەوڵەمەندەكان و هەوادارانی كەیف وسەفا دەبێت و گۆرانی دەخوێنێ هونەرمەند مەلاحوسێن لەكاتی ئاخاوتن و دەمودوودا، زمانی باش گۆی نەكردووە، واتە زمانی گرتوویەتی و بەزەحمەت وشەكانی لەزار هاتوونەتە دەر، بەڵام خۆش بەختانە ئەم هونەرمەندە شارەزا و لێهاتووە لەچڕینی بەستەی شادی دا، لەكاتی گۆرانی خوێندنداهیچ گرفتێكی نەبووە و زۆر بەباشی و ڕەوانی وشەكانی گەیاندۆتە گوێی بیسەر و گوێگر،ئەوەش بەهرەیەكە كەپەروەردگار پێی بەخشیوە،
(مەلاحوسێن لە گوتنەوەی گۆرانییە گشتەکاندا زۆر شارەزا بووە، ئەو کە لە قسەکردندا زمانی دەگیرا و وشەکانی جوان بۆ نەدەهاتە سەر زمان بەڵام لە کاتی چڕینی گۆرانیدا هیچ گرفتێکی نەبوو، ئەوە بەو مانایەش نییە کە لە گوتنەوە گۆرانییەکانی تردا شارەزا نەبووبێ بەڵکوو لە هەرچەشنە جۆری گۆرانی گوتندا مامۆستا بوو، خەزێنەیەک بوو لە وشە و هەڵبەستی کوردی)
- هونەرمەند لەنێو خەڵكیدا دەناسرێت و كەسێكی دەنگخۆش و خاوەن كەسایەتیەكی سەنگین و قسە خۆش و دەم بەخەندەو متمانەپێكراوخۆشەویستی گشت خەڵك بووه و، پەیوەندی زۆری لەگەڵ خەڵك دا پەیداكردووە، لەبەرئەوەی گوندی ئیندرقاش نزیكی شاری مەهاباد بووە، هونەرمەند دەچێتە شاری مەهابادو، لەوشارەدا بەخزمەتی هونەرمەندان (محەمەدی ماملێ و ئیبراهیمی قادری) دەگات و پێوەندی برایانەو هاوڕێیانەو هونەرییانەی لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەدا پەیدا دەكات تا دواساتەكانی ژیانی.
لەگەڵ هونەرمەندان (محەمەدی ماملێ و حەسەن زیرەك و ئیبراهیمی قادری) دوای ئاشنابوون بەیەك و ئەوانیش دەزانن كە مەلاحوسێن هونەرمەندێكی دەنگخۆشە و خاوەنی دەنگێكی بەرزە و شارەزایی زۆریی هەیە له بواری فۆلكلۆردا، پێكەوە كاری هونەری ئەنجام دەدەن.
هونەرمەند مەلا حوسێن بە یەكێك لە هونەرمەندە شایی و زەماوەندگێڕەكانی كوردەواری ناسراوە، لە گۆرانییەكانیدا جوانترین بەندە فۆلكلۆرییەكانی خوێندووە، هونەرمەند میوانێكی بەئەمەكی سەر سفره و خوانی فۆلكلۆرە دەوڵەمەندەكەی ناوچەكەی خۆی بووە، هەرچی لەكۆڕی بەزم و شایی و زەماوەندا بە زاری دا هاتبێت نەیوتۆتەوە، هونەرە بەرز و دەوڵەمەندەكەی بۆتە قوتابخانەیەك لەوشەی پاراو بۆ هونەرمەندان و دەنگبێژانی دوای خۆی، واتە هونەرمەند مەلاحوسێن عەبدوڵڵازادە بەپێشەنگی هونەرمەندانی میللی دەژمێردرێت،
كەسایەتیەك بووە هەمیشە بەحورمەتەوە لەهونەرەكەی خۆی ڕوانیوە و بۆتە خۆشەویستی هونەرمەندان بەگشتی و بەتایبەت گەورە هونەرمەند (محەمەدی ماملێ) لە مەجلیس و دیوەخانەكاندا هونەرمەند محەمەدی ماملێ هەمیشە بەشانازییەوە نێوی بردووە.
لەساڵی (1962) كاتێك ڕادیۆی كوردی كرماشان دادەمەزرێت، هونەرمەند چەندجارێك لەلایەن بەڕێوەبەرانی ڕادیۆی كرماشانەوە بانگهێشت دەكرێت و چەند بەرهەمێك تۆماردەكات، دوای زیاتر دەركەوتنی و بڵاوبوونەوەی بەرهەمەكانی لەڕێی ئاهەنگ و ڕادیۆوە، هونەرمەند مەلا حوسێن بەشداری تەواوی فیستڤاڵی شارەكانی ئێران وەك ( شیراز، شەهاباد و كرماشان) لەتەك هونەرمەندانی گەورە(محەمەدی ماملێ، قالە مەڕە، عەزیز شارۆخ، ڕەسوڵی نادری) دەكات.
لەساڵی (1963) هونەرمەند مەلاحوسێن به یاوەری هونەرمەندان (حەسەن زیرەك، محەمەدی ماملێ و هاشمی فیدایی) لەڕادیۆی تاران بەهاوكاری ئۆركێسترای ئازەری گۆرانی تۆماردەكات.
هەركاتێك چووبێتە هەركۆڕ و شایی و زەماوەندێكەوە، بە عەشقێكی بێ وێنەوە بەدەنگە خۆش و بەیت و بەندە جوان و سەنگینەكانی زەماوەندەكەی پڕجۆش و خرۆشتر كردووە، هونەرمەندێكی بە ئاگابووە لەكاتی چڕینی گۆرانیدا و هەروەهالە دەوروبەرەكەی، زۆر حەزی به دڵگەرمیی كیژ و كوڕانی شایگێڕ كردووە كە بەجوانی ڕیزی ڕەشبەڵەك ڕێكبخەن، ئەگەر چۆپی كێش لە ڕیتمی شێوازی هەڵپەڕكێ لایدا و شێواندی، هونەرمەند زۆر وەستایانە و لێزانە بەبەند هوشیاری كردۆتەوە، گوایە زۆرجاران هونەرمەند مەلاحوسێن چۆپی كێشی تایبەت بەخۆی بردۆتە سەر داوەت و زەماوەندەكان، لەوسەردەمەدا لەناوچەی موكریان زۆر گرنگی بە شێوازەكانی هەڵپەڕكێ (سێ پێی، ڕۆینە، چەلەپایی و گەڕانەوە) دراوه و، هونەرمەند مەلا حوسێن بەم كارەی مەبەستی بووە گەنجەكان ئەو هونەرە ڕەسەنەی میللەتەكەیان فەرامۆش نەكەن و بەبایەخەوە لەو هونەرە بڕوانن، هونەرمەند بەو شێوە مامەڵەكردنە لەگەڵ هونەرەكەی زیاتر سەرنج و هۆشی خەڵكی بۆلای خۆی ڕاكێشاوە و خەڵك بەتامەزرۆیی و بەعەشقێكەوە بەشداربوون لەئاهەنگەكانی هونەرمەند مەلاحوسێن.
لەساڵی (1971) كە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی مەهاباد دادەمەزرێت، مەلاحوسێن لەگەڵ هونەرمەندانی هاوڕێی و هونەرمەندانی ناوچەكە دەبنە هەوێنی زیاتر سەركەوتنی ئەو ڕادیۆیەوە، بەكار و چالاكییە هونەرییەكانیان گڕ و تینێكی بەرزی هونەری دەبەخشنە گوێگران و بیسەرانی ڕادیۆی مەهاباد، مەلاحوسێن چەندین بەرهەم لەو ڕادیۆیە تۆماردەكات، ئەو گۆرانیانە بۆتە مایەی خۆشیی و شادی و خەمڕەوێنی خەڵكی كورد.كارو تێكۆشانی هونەری مەلا حوسێن لەگەڵ هونەرمەندان (محەمەدی ماملێ و ئیبراهیمی قادری) بەردەوام دەبێت، لەو ئاهەنگانەدا بەردەوام ئاوازی نوێی چڕیوە، چونكە لێزان و لێهاتوو شارەزا بووە له هونەرەكەیدا و هەموو كات خۆشیی و شادی و چێژی بەخشیوه،
لەساڵی (1979) بەبۆنەی (شەوی یەڵدا) وە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی مەهاباد، بەرنامەیەكی قەشەنگ و لێوانلێو لە دەنگی ڕەسەن و پڕچێژی كوردەواری پێشكەش بە بیسەران و گوێگرە خۆشەویستەكانی دەكات، لەو بەرنامەیەدا هونەرمەندی دەنگخۆش و شانۆكار (سەید ڕەحیمی قوڕەیشی) پێشكەشكاری ئەو بەرنامە ڕەنگینە بووە، هونەرمەندانی وەك (محەمەدی ماملێ، مەلاحوسێن عەبدوڵڵازادە، عەزیز شارۆخ ) بەدەنگە خۆش و پاراوە كوردییەكەیان گۆرانی پێشكەش دەكەن، بەهاوكاری هونەرمەندانی ژەنیار (ڕەشیدخانی فەیزنەژاد، لەوسەردەمەدا سەرۆكی بەشی مۆسیقای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی مەهاباد بووە، بەئامێری ڤیۆلۆن، محەمەد دانش_ ئامێری عوود، بەهمەنی مەتڵوب _ ئامێری تار، فاروقی مەتین_ ئامێری سەنتوور، حوسێنی ڕەهبەر _ ئامێری زەڕەب، هەروەها بە ئامادەبوونی هونەرمەندی شانۆكار و قسەخۆش و خۆش مەشرەب (بیوك خانباغی).
دیارترین لە گۆرانییەكانی هونەرمەند مەلاحوسێن عەبدوڵڵازادە كە بەتەنیا و لەگەڵ هونەرمەندان خوێندویەتی، كە هەریەكەیان گەوهەرێكن و لەخانەی ئەرشیفی مۆسیقا و گۆرانی میللی دا پێگەیەكی بەرزی هونەرییان هەیە، كۆی گۆرانییەكانی بە (103) لە (11) كاسێتدائەژماركراوە، گۆرانییەكانی هونەرمەند: (كوڵەنجەكەی مۆرە ،گریانم دێ _ لەگەڵ هونەرمەند محەمەدی ماملێ، كۆڵوانەسوور، دەنكە دەنكەی باران، گیان و گیانەكەم، خرینگە، هەستە بابڕۆین بۆداوەتێ، جەلسە، لانكۆڵەكەی، هەی خەجیلەو خانم، جوانە جوانە، سەردەمەكەی خارایە، زاوالەبوكێ مەدە، دەوەرە وەرە ڕووبەخاڵ، ئۆخەی چت كرد گوڵەكەم، خەمخۆری نازەنینم، یارەكەم مەلازادەیە، كەتانە، جوانی جوانی، ئەی دكتۆر، ئەسمەران دولبەران، نازنازدارە، ئاخ مەلەك بۆ وادەكەیت _ لەگەڵ هونەرمەند ئیبراهیمی قادری، دەڕژێ دەڕژێ و سێوە لاسوورە و دەسماڵێ _ لەگەڵ هونەرمەند محەمەدی ماملێ) .
هونەرمەند مەلاحوسێن جیا لەوەی هونەرمەندێكی دەنگخۆش و لێزان و بلیمەت بووە لە خوێندنی گۆرانیدا، گوایە شارەزایی لەژەنینی ئامێری مۆسیقاشدا هەبووە، لەوبارەیەوە، هونەرمەند و مامۆستا وریا ئەحمەد نوسیویەتی (هونەرمەند مەلاحوسێن دەستی ژەنینی ئامێری (شمشاڵ) ی هەبووە، گەلێ جار پێشبڕكێی شمشاڵژەنینی لەگەڵ شمشاڵژەنی بەنێوبانگی كوردستان (قالەمەڕە) دا كردووە، هەروەها لەئامێری(دەف) ی دەروێشی دا وەستابووە، ئەم دەفژەنینەش لەخزمەت (شێخ عوسمانی بیارە) دا فێربووە و هەر لەگەڵ ئەویش دا دووجار بۆ (حەج ) چووە)
- لەدوای سەركەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لەساڵی (1979)، هونەرمەند مەلاحوسێن عەبدوڵڵازادە، لەكۆتایی ئەوساڵەدا بەخۆیی و خانەوادەكەی شاری مەهاباد بەجێ دێڵێ و ڕوودەكاتە شاری (تاران) لەوێ نیشتەجێ دەبێت، لەوكاتەوە ئەم بولبولە خۆشخوانە، خاوەن ئەو هونەرە خۆڕسكە بێ خەوشە لەكۆڕو بەزمی هونەری دووردەكەوێتەوە، لەشاری تاران درێژە بەژیانی تایبەتی خۆی دەدات، بەڵام بەداخەوە دوای (9) ساڵ ژیان دوور لە نیشتمان و زێدەكەی، لەڕۆژی شەممە لەڕێكەوتی (26/11/1988) لەتەمەنی (65) ساڵیدا، بەهۆی جەڵتەی دڵ، ژیانئاوایی لە هونەر و شاری مەهاباد و دۆستان و ئازیزانی دەكات، تەرمی ئەو هونەرمەندە كۆڕ و شایی و زەماوەندگێڕە دەگەڕێننەوە شارە جوانەكەی مەهاباد و لەگۆڕستانی شاری مەهاباد بەخاكی پیرۆزی كوردستانی دەسپێرن.لەماوەی (26) ساڵی تێكۆشانی هونەریدا هونەرمەند مەلاحوسێن عەبدوڵڵازادە،كۆمەڵێك گۆرانی شاد وناوازەی بۆ بەجێهێشتووین و بەهونەر و دەنگەكەی هەمیشە لەكۆڕی شادیدا ئارامیی و بەختەوەریمان پێ دەبەخشێت، دروود و سڵاو بۆ گیانی پاكی و ،سڵاو لەمێژووی هونەری هونەرمەند مەلاحوسێن و یاد و یادەوەرییە هونەرییەكانی هەموو كات بەرزو بەڕێزبێت.
جەمالی دەلاك 19/4/2022 هەولێر.
سەرچاوە :
- كتێبی، خەزێنەی هەرمان توێژینەوەی گۆرانی فۆلكلۆر ،چاپی دووەم، نووسەر : سەلاح نیساری، لاپەڕە(11).
- مەلاحوسێنی عەبدوڵڵازادە بولبولێك لەڕۆژهەڵاتەوە، خەلیل عەلی، سایتی هەولێر، (11/4/2021).
- پەیوەندی لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە لەگەڵ بەڕێز كاك(هیدایەت جان) خەڵكی گوندی (قوم قەڵا) ی نزیك ئیندرقاش، لەڕێكەوتی 13/4/2022.
- پەیوەندی لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە لەگەڵ بەڕێز كاك(وریای ماملێ)، لەڕێكەوتی 12/4/2022.
- كتێبی كەشكۆڵی نووسینەكانم، وریا ئەحمەد، لاپەڕە(511) .
سوپاس و ستایشی بێ پایانم بۆ برایانی هێژا (وریای ماملێ، هونەرمەند ئەرەستۆ سوهرابی لەشاری بۆكان، هیدایەت جان) دوای پێوەندیی پێوەكردنیان، زۆر بەلوتفەوە بەزانیارییەكانیان لەسەر هونەرمەند مەلاحوسێن عەبدوڵڵازادە، هاوكارییان كردم (ج،د).