وەک ئاگادارن مەڵبەندی هونەریی ماملێ لە ماوەی ١٤ ساڵ تەمەنیدا، بە مەبەستی ڕێزلێنان و برەودان بە هونەر و موزیکی کوردی، بێپسانەوە ١٣ خەڵاتی ماملێی پێشکەشی هونەرمەندی کورد کردووە. ئێمە پێمانوایە کە لەو ماوەیەدا سەرەڕای کۆمەڵێک کەمایەسی و گرفتی ماددی، هەوڵمانداوە لە هەموو بوارێکەوە بەتایبەت لە بواری سیاسی و داراییەوە سەربەخۆ بمێنینەوە و بەدڵنیاییەوە لەو ڕێبازەدا سەربەخۆ دەمێنینەوە.
ناوەندەکەمان هیچکات خۆی لە ئێش و ئازارەکانی نەتەوەی خۆی جیا نەکردۆتەوە و لە خۆشی و ناخۆشیدا شانبەشانی میللەتەکەی خۆی ژیاوە و وەک ئەرکێکی هونەری و نەتەوەیی لە شادییاندا بەشدار و لە خەمیاندا خەمخۆر بووە.
وەک دەبینین لە ماوەی ڕابوردوودا لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمانمان گوشارەکان دەرحەق بە گەلی کورد گەییشتنە لوتکە و گەل بۆ داکۆکی کردن لە مافە سەرتاییەکانیان و بۆ وەدەستهێنانی سەربەستی، لە ژێر درووشمی (ژن، ژیان، ئازادی) ڕژانە شەقامەکان و قارەمانانە لە ماف و خوێنی هاونیشتمانیان بە خاوەن دەرکەوتن.
لەو کەشەدا کۆمەڵێک هاونیشتمانی شەهید بوون و بەشێکی زۆریش بریندار و بە هەزاران کەسیش دەستبەسەرکران و بە هەزاران کەسیشی تریش لەبەر مانگرتنە گشتییەکان، بۆ نانی شەو دەستەوەستان مانەوە. لەو دۆخەدا کە خەڵکەکەمان لەوپەڕی گوشار و ناڕەحەتیدا دەژین و تازیەباری خوێنی شەهیدانمانین، دەبینین کە لە سەرانسۆی جیهان کوردانی تاڕاوگە قۆڵ هەڵدەماڵن، هەرەوەز دەکەن و یارمەتی دەنێرنەوە ناوخۆ تا بەڵکوو کەمێک لە ئازارەکانی ئەو میللەتە کەم کەنەوە. لەبەر ڕێزلێنان بۆ خوێنی شەهیدانمان و گەیاندنی یارمەتی بۆ بەرکەوتەکانی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی، مەڵبەندی هونەریی ماملێ پێشکەش کردن و بەڕێوەبردنی خەڵاتی ماملێی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بە گونجاو نەزانی و بڕیاری دا تێچووی خەڵاتی ئەوساڵ بکاتە یارمەتی بۆ قوربانیان و بەرکەوتەکانی شۆڕشی ژینا.
بەو هیوایەی نەتەوەی کورد بگاتە ئاواتەکانی تا بتوانێ لە سێبەری ئازادیدا، ژیانێکی شیاوی مرۆڤایەتی بکات و لە خوێنڕشتن و ئەشکەنجە و ئازار بەدوور بێ.
هەر بژی کورد و کوردستان
مەڵبەندی هونەریی ماملێ