نیوەپەیکەری ماملێ و ئەدیبانی ناوداری کوردستان کە چەند مانگ پێش لە سەمپۆزیۆمی مەهاباد لەلایەن هونەرمەندانی دەستڕەنگینی کوردستان و تەنانەت دەرەوەی کوردستانیش ساز و ئامادە کرابوون، لە گردی ناودارانی مەهاباد و لە پەنای گڵکۆی ئەو ناودارانەدا داندرا یا باشترە بڵێین کە ئەو پەیکەرانەشیان لە گۆڕستان ناشت.
پێشتر با بڵێین کە لەبەرچاوی هەمووکەس ڕوون و ئاشکرایە کە شارەداری ئێستاکەی مەهاباد، بە تێکۆشان و هەوڵەکانی خۆی دڵی شارۆمەندانی مەهابادی لەخۆی ڕازی کردووە و بە پێچەوانەی شارەدارەکانی پێشوو و شووڕای شاری پێشوو، کۆمەڵێک کاری گەورەی کردووە کە بەو کارانەی تا ساڵانێکی دوور و درێژ، ناوی خۆی لەناو دڵی ئەو خەڵکەدا بە چاکە دەهێڵێتەوە.
یەک لە کارە ناوازەکانی، سازدانی سەمپۆزیۆمێکی گرینگ و دەگمەن بۆ کاری پەیکەرسازی لەو شارەدا، جیا لە ڕەهەندە ئەرێنییە جۆراوجۆرەکانی، ٦ نیوەپەیکەر لە ناودارانی کورد بەرهەمەکەی بوو.
شارەداریی مەهاباد بڕیاری دابوو تا ئەو پەیکەرانە لەسەر “پردی تازە”ـی مەهاباد داندرێن. تەنانەت بۆ ئەو مەبەستە شوێنی ئەو نیوەپەیکەرانەیان لەسەر پردەکە ساز کردبوو و چرای تایبەتیشیان بۆ ئامادەکردبوو کە لە خولەکی نەوەددا، بڕیار دەدرێ کە ئەو نیوەپەیکەرانە چەشنی تەرمی هونەرمەندەکان لە گۆڕستانی مەهاباد دابنرێت، یا باشتر وایە بڵێین، نیوەپەیکەرەکانیش لە گۆڕستان بنێژن.
ئەو بڕیارە، چ لە ئاستی کاری شارەداری مەهاباد کەم ناکاتەوە و خەڵک دەزانن کە ئەو بڕیارە لە کوێ سەرچاوە دەگرێت و کێن کە پێش بە ویست و داخوازی خەڵک دەگرن. با مێژوو لەسەر ئەو باسە بدوێ.
لێرەدا جێی خۆیەتی سپاسێکی گشت ئەو دڵسۆزانە بکرێت کە بەو کارەوە هەستاون و لە خەمی مێژوو، هونەر و فەرهەنگی میللەتی خۆیان دان.