Skip to content

مامەڵەکردنی ماملێ لەگەڵ گۆرانی میللەتانی تردا | نەجم محەممەد.

(ڕەسوڵ هەمزەتۆڤ) – “زمانێک، دوژمنی زمانێکی تر نییە و گۆرانیش، گۆرانی یەکی تر لەناو نابات”

گۆرانی و مۆزیکا زمانێکی جیهانە و دەتوانێ هەست و بیر بگوازێتەوە لەنێوان مرۆڤی میللەتەکاندا، تاقە زمانێکە کە پێویستی بە وەرگێران نیە چونکە، زمانی هەستە و هەستیش خەسڵەتێکی هاوبەشی نێوان مرۆڤەکانە، هەربۆیە هونەری گۆرانی مۆزیکای میللەتانی دونیا کاریگەریان هەیە لەسەر یەکدی و ئەم کاریگەریەش کارێکی زۆر سروشتیە و هونەری هیچ میللەتێ دابڕاونیە لە کاریگەری و سوود وەرگرتن لە هونەری میللەتانی تر. لەم پێودانگەوە دەچمە سەربابەتەکەم کە مامەڵەکردنی هونەرمەند ماملێ‌یە لەگەڵ هونەری گۆرانی و مۆزیکای میللەتانی تردا. دیارە ماملێ کاریگەری هونەری گۆرانی و مۆزکای ئازەری و فارسی و تورکی و عەرەبی لەسەر بووە و بەتایبەتی گاریگەری هونەری ئازەری زۆر لەسەربووە و کاریگەریەکی تەندروست و ئەرێنیانە و توانیویەتی سوودی لێ وەربگریت لەهونەرەکەی خۆیدا و گەشە بەهونەرەکەی خۆی بدات.

لەو ڕووەوە ماملێ توانیویەتی چەندین میلۆدی تورکی و فارسی و ئازەری وەرگرێت و لەگەڵ شیعری کوردیدا بە هەستێکی پڕتام و بەرامەی کوردیانە زۆر وەستایانە و هونەریانە هاوئاهەنگیان بکات و ئەدایەکی جوانی بکات بەشێوەیەک کاتێ گوێت لێ دەبێ وا هەست دەکەی کە ئەم گۆرانیە هەر لەبنەڕەتدا سەرچاوەکەی کوردیە بەشێوەیەک تووشی گومان دەبیت کە ئەم میلۆدیانە کوردی نەبن و لە زمانێکی جیاتر لە کوردی وەرگیرابن بۆ نموونە گۆرانی (هەواری خاڵی) کە یەکێکە لەشاکارە هونەریەکانی ماملێ میلۆدی ئەم گۆرانیە ئازەریە نەک کوردی، ئەمەش گەورەیی و زیرەکی هونەری ماملێ نیشان دەدات کەتوانیویەتی چ داهێنانێکی ئیستاتیکی هونەری بکات لەو ڕۆژگارە داخراوەی ئەوکاتەدا کە ئامراز و کەرەستەی پەیوەندیەکان وەک ئەمڕۆ کراوە و پێشکەوتوو نەبوون.

ماملێ لەو هونەرمەندانە بووە کە خۆی ڕاشکاوانە و بێ شاردنەوە بەئەمانەتەوە ئاماژەی داوە بەوە کە ئەو میلۆدیانەی لە هونەری گۆرانی میللەتانی ترەوە وەرگرتوە پێچەوانەی هەندێک هونەرمەند بەداخەوە کە میلۆدی میللەتانی تر دەڵێنەوە یا ئاماژەی پێ نادەن یان دەیکەنە موڵکی خۆیان. هەروەها ماملێ مامەڵەیەکی کۆمەڵایەتی و مرۆییانەی دەکرد لەگەڵ خەڵکی نەتەوەکانی تر مامەڵەیەک دوور لە هەستی دەمارگیری نەتەوەیی بۆ نموونە زۆربەی زۆری ئەوانەی ماملێ کاری مۆزیکی گۆرانیەکانی لەگەڵدا کردوون و ساڵانێکی دوور و درێژ لەگەڵ ماملێ دا بوون و خزمەتیان بە هونەرەکەی ماملێ کردووە و مۆزیکایان بۆ گۆرانیەکانی ماملێ لێ داوە و داناوە بەڵێ زۆربەی ئەو ژەنیارانە ئازەری و تورک و فارس بوون چونکە ئەو دەمە ژەنیاری کورد زۆر دانسقە و کەم بوون هەر بۆیە ماملێ توانی سوود لەو ژەنیارانە وەربگرێت بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە ناوی ئەو هونەرمەندانە بکەین وەک: مامۆستایان بیوک شەکوری، عەزیزە کوێر، مەشەدی مەمەد، مەشەدی ئیسلام سازگار، موسەیب – شاداب تیکانتەپە و عەلی عەجەم.   

ئیتر لە دۆخێکی ئاوەهادا کار کردن دووجار هونەرە.  ماملێ زۆر لەخۆبووردانە لەوبارەیەوە خۆی گوتویەتی:

(من بە دەنگی خۆم و، بە تار و کەمانچەیەک کە ئەویش دوو ژەنیاری ئازەری دەیانژەنی، هەر ئەوەندەم پێکرا ئەگەر هیچ خزمەتێکم نەکردبێ، ئەوا توانیومە لەڕێگەی گۆرانیکانمەوە ئەو دوو پیرەمێردە ئازەریە فێری زمانی کوردی)

نووسینی: هونەرمەند نەجم محەممەد


بابەتی پێوەندیدار