Skip to content

شینی مامۆستا وەفایی بۆ سەید عوبەیدیللای نەهری بە دەنگی هونەرمەند محەممەدی ماملێ

شینی مامۆستا وەفایی بۆ شێخ عوبەیدیللای نەهری بە دەنگی هونەرمەند محەممەدی ماملێ

 

مامۆستا وەفایی ئەو (لاواندنەوە)یەی بۆ کۆچی دوایی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری (ڕێبەری بزووتنەوەی ساڵی ١٨٨٠ی کورد لە دژی دەوڵەتی عوسمانی و قاجار) گوتووە، کە یەکێک بوو لە گەورەترین کەسایەتییە ڕۆحی و سیاسییەکانی ئەو سەردەمەی کوردستان.

شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری (١٨٢٦ – ١٨٨٣) سەرکردەیەکی گەورەی ئاینی و ڕێبەری بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بەناوبانگی کورد بوو لە ناوچەی شەمزینان، کە لە ساڵی ١٨٨٠دا شۆڕشێکی سەرتاسەری و مەزنی لە دژی ھەردوو دەوڵەتی عوسمانی و قاجاری (ئێران) بەرپا کرد بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و یەکگرتووی کورد. شێخ عوبەیدوڵڵا بەوە دەناسرێتەوە کە یەکەم سەرکردەی کورد بوو بە ڕوونی چەمکی «نەتەوەی کورد»ی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا دەستنیشان کرد و لە نامەیەکیدا بۆ نوێنەرانی بەریتانیا نووسی: «گەلی کورد نەتەوەیەکی جیاوازە و دەبێت کاروباری خۆی بەدەستی خۆی بێت»؛ بەڵام دوای ئەوەی بەهۆی هاوپەیمانیی عوسمانی و قاجارەکان و گوشاری هێزە بێگانەکان، شۆڕشەکەی تووشی شکست بوو، لەلایەن عوسمانییەکانەوە دەستگیرکرا و بۆ شاری مەککە دوورخرایەوە، تا لە ساڵی ١٨٨٣دا لەوێ کۆچی دوایی کرد.

دەنگوباسی کۆچی دوایی شێخ کاریگەرییەکی دەروونیی زۆر قورسی کردە سەر شاعیرانی ئەو سەردەمە، بەتایبەت وەفایی کە پەیوەندییەکی ڕۆحی و عیرفانیی بەهێزی لەگەڵ بنەماڵەی شێخانی نەهریدا هەبوو. وەفایی مامۆستایەکی ئاینی و شاعیرێکی عاریف و هونەرمەند و شارەزایەکی بواری موزیک و گۆرانی بوو. لە ڕێبازی نەقشبەندیدا شوێنکەوتووی بنەماڵەی شێخانی شەمزینان و نەهری بوو (بەتایبەت شێخ عوبەیدوڵڵا و دواتریش شێخ سەید تەها). ئەم خۆشویستنە سنووری دڵداریی ئاسایی بەزاندبوو و ببووە بەشێک لە ئیمان و ئەڤینە عیرفانییەکەی.

کە هەواڵی کۆچی دوایی شێخ عوبەیدوڵڵا گەییشت، مامۆستا وەفایی بە زاری ڕەمز و شێوازی عیرفانی ئەم غەزەلە شاکارەی لە قالبی لاواندنەوەدا نووسی و لەسەر ئەم هەوایەی کە مامۆستا ماملێ دەیچرێ ئافراندی.

شاکارەکەی مامۆستا وەفایی لاواندنەوەیەکە کە ئاماژەیە بۆ ڕووداوێکی گەورەی نەتەوەیی و ڕۆحی کە وەک کارەساتێکی نەتەوەییش سەیری کردووە، چونکە هیواکانی بزووتنەوەی کوردی لەو سەردەمەدا لەگەڵ کۆچی شێخدا تووشی خەمۆکی و سستبوون بوون.

ئەم هۆنراوەیە نموونەیەکی بێوێنەیە لە گۆڕینی ئازاری مێژوویی و سیاسی بۆ تێکستێکی بەرزی هونەری کە دەتوانرێ وک دەیان لاوک و حەیران کە بۆ گەورەپیاوانی کورد گوتراون، ئەوەش وەک ئاسەوارێکی هونەری بەرگریش سەیری بکرێ بەڵام لە قالبێکی نوێگەرایانەی سەردەمی خۆیدا. ئەم هۆنراوەیە ئەوەندە بەسۆز و کاریگەر نووسراوە، کە تەنها وەک لاواندنەوەیەکی مێژوویی نەمایەوە، بەڵکو بووە یەکێک لە ڕەسەنترین غەزەلە دڵداری و سیاسی و عیرفانییەکانی ئەدەبی کوردی.

شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری (١٨٢٦ – ١٨٨٣) سەرکردەیەکی گەورەی ئاینی و ڕێبەری بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بەناوبانگی کورد بوو. ناوچەی شەمزینان زێدی باوان و کانگای بیری نەتەوەی و خەباتیان بوو. لە ساڵی ١٨٨٠دا چەخماخەی شۆڕشێکی سەرتاسەری و مەزنی لە دژی ھەردوو دەوڵەتی عوسمانی و قاجاری (ئێران) لێدا بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و یەکگرتووی کورد. شێخ عوبەیدوڵڵا بەوە دەناسرێتەوە کە یەکەم سەرکردەی کورد بوو بە ڕوونی چەمکی «نەتەوەی کورد»ی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا دەستنیشان کرد و لە نامەیەکیدا بۆ نوێنەرانی بەریتانیا نووسی: »گەلی کورد نەتەوەیەکی جیاوازە و دەبێت کاروباری خۆی بەدەستی خۆی بێت«؛ بەهۆی هاوپەیمانێتی عوسمانی و قاجارەکان لەلایەک و گوشاری هێزە بێگانەکان لەلایەکیتر، شۆڕشەکەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری تووشی شکست بوو و لەلایەن عوسمانییەکانەوە دەستگیر کرا و بۆ شاری مەککە لە حیجاز دوورخرایەوە. لە ساڵی ١٨٨٣دا لەو شارە کۆچی دوایی کرد و تەرمی پیرۆزیان لەو شارە و لە گۆڕستانی (جنە المعلا)  تەسلیم بە خاک کراوە. تەنانەت مامۆستا وەفایی بە مەبەستی دیدار دەگەڵ شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، سەفەر دەکات بۆ حیجار. بەڕێزیان لە دووتۆی کتێبێکدا بە ناوی (خاطرات وەفایی – تحفتە المریدین) کە بەم نیزیکانە چاپ و بڵاو کراوەتەوە، شەڕحی سەفەرەکەی خۆیانی بۆ خزمەتی جەنابی شێخ لە حیجاز بە شیعر و هۆنراوە باس کردووە کە لە سنفی خۆیدا کتێبێکی تاقانە و بەنرخە.

لە باغان ئاهـ و ناڵین دێ، دەڵێن شای نێو گوڵان ڕۆیی

لە مەیخانان سەدای شین دێ کە وا پیری موغان ڕۆیی

دەڵێی دەوری قەمەر، سەیری فەلەک، میزانی گۆڕاوە

کە وا گوڵ زەرد بوو، سونبول تێک چوو، ڕەنگی ئەرغەوان ڕۆیی

لەبەر چاوی جیهانبینم جیهان تاریک بوو نەمزانی

نە نووری چاوەکانم چوو، نە خورشیدی جیهان ڕۆیی

لە دووری تۆیە سوور بوو چاوەکەم بەو گریە مەعلوومە

شەفەق دێ، کەوکەبیش هەڵدێ، کە میهری خاوەران ڕۆیی

دەمێکی هات بە چاوی سورمەسا، یەعنی: وەفادارم

کە جەرگی سورمەیی کردم بە سیحری جادوان ڕۆیی

سەحەر مەستانە هات بولبول بە شادی بۆ تەوافی گوڵ

کە دی باغ بێگوڵە، داغ بوو، بە سەد ئاهـ و فوغان ڕۆیی

مەڵێن: بولبول مەناڵێنە کە وا گوڵ گوڵشەنی چۆڵ کرد

دڵ ئارامی نەما چ بکا؟ کە ئارامی دڵان ڕۆیی

قیامەت بۆ دڵان هەستا کە چاوی مەستی وەرگێڕا

مەگەر ئازوردە بوو ساقی لە بەزمی مەیکەشان ڕۆیی

چ شینێکە؟ چ هاوارە لە نێو حەڵقەی موریداندا؟

مەگەر خواجەی سەمەرقەندی لە نێو ساحێب دڵان ڕۆیی

چ ئافەت کەوتە بەر چاوم کە وا چوو نووری بیناییم؟

مەگەر شاهی بوخارایی لە قەسری عاریفان ڕۆیی

بە ناڵەی دڵ شیفام نایێ درێغ بۆ مەرهەمی جەرگم

لە زەنگی کارەوان چ بکەم؟ دەلیلی کارەوان ڕۆیی

خرابوو خانەقا، بێشێخ و شەوقی تالیبان سەد حەیف

چەمەن وێران بوو، نەغمەی بولبولان چوو، باغەبان ڕۆیی

بە ناڵەی بولبول و قومری وەفایی بۆیە هەر دەگریم

گوڵێکی سەرو باڵام بوو بە تاراجی خەزان ڕۆیی

 
 

 

 

بابەتی پێوەندیدار

تۆمارێکی بەنرخ. محەممەد ماملی، خانە ماملێ و عەلی حەسەنیانی