Skip to content

پەتای کۆڕۆنا نەیتوانی پێش بە قەڵادزێ بگرێ کە یادی ماملێ نەکاتەوە.

ئاژانسی ڕۆژ نیوز لە ڕاپۆڕتێکدا سەبارەت بەو کۆنسێرتەی تیپی موسیقای قەڵادزێ کە بۆ ٢٢هەمین ساڵیادی ماملێ گێڕایان ڕایگەیان کە:

لە قەڵادزێ ۲۲یەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورە محەمەدی ماملێ بە ئەنجامدانی کۆنسێرتێکی گۆرانی بۆ دوو هونەرمەند بەرز ڕاگیرا.

مامۆستا خالید بابەکر ڕەسوڵ

ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی ڕۆشنبیری شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، لە ۲۲یەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورە محەمەدی ماملێ بەهاوکاری قائیمقامیەتی شارۆچکەی پشدەر، کۆنسێرتێکی گۆرانی و موزیک بۆ هەردوو هونەرمەند (ڕابەر کوردستانی و عەبدوڵا محەمەد) ساز کرا.

لە کۆنسێرتەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی سنوورەکە ئامادەیبوون، خالید بابەکر، ژەنیار و یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنسێرتەکە، سەبارەت بە بیرهێنانەوەی هونەرمەند محەمەدی ماملێ وتی: ۲۲ ساڵ بە سەر کۆچی دوایی محەمەدی ماملێدا تێدەپەڕێت، ئێمە هەموو ساڵێک لە قەڵادزێ یادی هونەرمەندی کۆچکردو محەمەدی ماملێ بەرز ڕادەگرین کە چەند بەرهەمێکی هونەری لەخۆ دەگرێت، ساڵانی ڕابردوو بنەماڵەی کۆچکردوو محەمەدی ماملێ لە مەراسیمەکەدا ئامادە دەبوون بەڵام ئەمساڵ نەیانتوانی ئامادەبن.

ئەو ژەنیارە سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی کلتوری لە نێوان پارچەکانی کوردستان-یش وتی: زۆر گرنگە ناوەندێک پێکبهێنرێت بۆ دەوڵەمەندکردنی کلتور و هونەری کوردی، بەداخەوە لە باشوری کورستان وەزارەتی ڕۆشنبیری کەمتەر خەمە لە گرنگیدان بە هونەر و ڕەسەنایەتی کوردی و پاراستنی.

ھونەرمەندی گۆرانیبێژ و مەقامبێژی کورد محەمەدی ماملێ، ناوی محەمەد کوڕی سەعید کوڕی عەلییە، لە ساڵی ١٩٢٥زاینی لە گەڕەکی خڕێ-ی شاری مهاباد-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە خوێندنگای پەهلەوی و سەعادەت لە مهاباد تەواو کردووە و لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩ بەهۆی نەخۆشییەوە لە مهاباد کۆچی دوایی کرد.


وێنەکان

بابەتی پێوەندیدار