Skip to content

لالە بە دەستان

لالە بە دەستان

hashem-nanewazade-1

کتێبی لالە بە دەستان بەشێکی زۆری شێعرەکانی خوالێخۆشبوو باوکی زێدە ئازیزم ناسراو بە حاجی هاشمی نانەوای لە خۆی گرتووە کە بۆ هونەرمەندانی نەتەوەکەمان ئامادە کرابوون.بەشێکی زۆر لەو شێعرانەش بۆ مامۆستا محمد ماملێ نووسرابوون کە بە درێژایی ساڵانێکی زۆر خەڵکی کورد لە ڕێگەی گۆرانییەکانی مامۆستا محمد ماملێوە دەگەڵیان ئاشنا بوون. مەخابن لە ناوخۆی نیشتمان بوار نەرەخسا تا سەرجەم شێعرەکانی کۆ بکرێنەوە و بە چاپ بگەیێندرێن. دەمێک بەر لەوە کە باوکم کۆچی دوایی بکا، لە کاتێکدا کە نەخۆشی دڵ ئازاری دەدا، دەستم بە کۆکردنەوەی بەشێکی شێعرەکانی باوکم کرد. چەند جارێک ئەو شێعرانەی کە کۆم کردبوونەوە ناردمەوە مەهاباد و پێداچوونەوە و هەڵەگری کردن. سەرەڕای ئەوە کە باوکم زەحمەتێکی زۆری بۆ ساخکردنەوەی شێعرەکان کێشا، لە بەر ئەوە کە بۆ چاپی کتێبەکە پەلەمان کرد، هەندێک هەڵە لە کاتی چاپکردندا ڕەنگی داوە و هاوکات بەشێکیش لە شێعرەکانیش لە چاپ کەوتن.

بە دوای ئەوەدا کە ٥٠٠ بەرگ لەم کتێبە بە چاپ گەییشت، توانیمان بەرگێکی بە دەستی باوکم بگەیێنین. باوکم بە بینینی کتێبەکە زۆر دڵخۆش بوو و هەر چەند کە کەم و کوڕی پێوە دیار بوو بەڵام بەوە گەشابۆوە کە شێعرەکانی لە فەوتان رزگار ببوون. باوکم ساڵێک پاش ئەو ڕووداوە، ڕێک لەو ڕۆژەدا کە کتێبەکەی بە چاپ گەییشتبوو، کۆچی دوایی کرد. لە پرسەی باوکی ئازیزمدا کتێبەکەییم دانابوو و لە ناو ئەو بەڕێزانەی کە بە هاتن و سەرەخۆشیکردنیان گەورەیان کردین، بڵاومان کردەوە. مەخابن هەندێک دۆستی زۆر خۆشەویستیش گلەییان لە سەرمان بوو کە کتێبیان وە بەر نەکەوتبوو. بەردەوام لە ساڵانی ڕابردووشدا داوای ئەو کتێبە کراوە بەڵام بەداخەوە لە چاپ نەدراوە. بەرگێک لەو کتێبە لە لام بوو کە لەم ڕۆژانە گەیاندمە دەستی هاوڕێی خۆشەویستم کاک سۆران کەرباسیان تا بە شێوەی ئێلێکترۆنی بۆ بڵاوکردنەوەی ئامادە بکا. بڕیار درا کە ئەم کتێبە لە ڕێگەی ماڵپەڕی مەڵبەندی هونەری ماملێ ڕا وەک دیارییەک پێشکەش بە هاونیشتمانانی خۆشەویستمان بکرێ.

lalebe destan1

هیوام وایە کە کەڵکی بۆ خوێنەران و ئەویندارانی ئەم ڕێبازە هەبێ. باوکم هەر وەک لە پێشەکی کتێبەکەدا نووسیوێتی، هیچ مەبەستێکی ماددی بۆ هۆنینەوە و نووسینی شێعر و هەڵبەست نەبوو و تەنیا ئامانجی خزمەت بە هونەر و ئەدەبی کوردی بوو. لیرە وێڕای سپاس لە کاک سۆران و کاک وریای ماملێی خۆشەویست کە زەحمەتی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە دەکێشن، ڕەزامەندی خۆم بۆ بلاوکردنەوەی کتێب دەردەبڕم.

هیوای سەرکەوتن بۆ گەلە چەوساوەکەمان

هەر بژین و سەرکەوتوو بن

براتان پۆڵا

٢٠١٣/٠٨/٠١ ستۆکهۆڵم