Skip to content

تۆمارێکی دەنگیی ماملێ پاشی ٤٤ ساڵان هاوڕێ لەگەڵ هونەرمەند “ئیبراهیم سابیر”

نووسینی: ئازاد بایز

ئەم تۆمارە دەنگییەی کە پێشکەشتان دەکرێت، یادگارییەکە لە زەمەنێکی تایبەت کە هەڵگری مێژوویەکی تایبەتیشە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە فایلەکە دا بەدی دەکرێن، ئەم یادگارییە لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٤ زایینی لە ماڵی هونەرمەند “محەممەد ماملێ” تۆمار کراوە.

مێژووی کورد لەم ساڵە دا بیرهێنەرەوەی نسکۆیەکی سیاسی گەورەیە بۆ نەتەوەکەمان بە گشتی و بۆ باشووری کوردستان بە تایبەتی، هاوچەشنی ئەم نسکۆیەی کە ئەمڕۆژانە لە گۆڕەپانی سیاسی باشوور دا دەبینرێت و کوردی خەمبار و کەساس کردووە.

ئا لەم ڕۆژە ڕەشانەدا کە کورد هیوابڕاو و کەلەلا، لەسەر وێرانەکانی پاپۆڕی ئاواتی لەمێژینەیان، خۆیان بە شەپۆلی چارەنووس ئەسپاردبوو، بۆ پشوویەکی کاتی لە ڕۆخی شارەکانی ڕۆژهەڵات، لە ناویشیان دا باژێڕی “مەهاباد” لایان دەدا. جارجار بۆ چەند ساتێک و هەندێک جاریش بۆ ڕۆژێک و دووان، دەبوون بە میوانی ماڵە ساکار و کوردانەکەی ماملێ.

لەو فایلە دەنگییە دا کە لە لای “مەڵبەندی هونەریی ماملێ” پارێزراوە، وا دەردەکەوێت لە ماڵی ماملێ دا میوانێکی زۆر ئاماده‌ن کە گشتیان پێشمەرگەی شۆڕش بوون و خەڵکی باشووری کوردستانن. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە، وا وێدەچێت میوانەکان یەکتر نەناسن یان بە هەڵکەوت لەو ماڵە بە دیداری یەکتر شاد بووبن.

لەو تۆمارە دا چەند هونەرمەندێک بە گۆرانی، قسەکردن و هۆنراوە خوێندنەوە بەشدار بوون و ماملێش بە چەند گۆرانییەک کە بە دووقۆڵی لەگەڵ هونەرمەندەکان دەیڵێتەوە وەک خدەی کوردانەی خۆی، میوانداری لە میوانەکانی دەکات.

ئەو هونەرمەند و کەسایەتیانەی کە لەو فایلەدا ناویان هەیە، ئەم بەڕێزانەن:

١- ئیبراهیم سابیر[1]

٢- ئیبراهیم سەعید ناسراو بە (بلەی سەعەکەڕ)

٣- شێرزاد …

٤- مامۆستا غەریب پشدەری

میوانگری و میوانداری ماملێ لە مەهاباد و دەڤەری موکریان وێردی سەر زمانانە. ئەوکەسانەی لێی میوان بوون، بە دڵێکی خۆش و ڕازی ماڵەکەیان جێدەهێشت.

میوانخۆشەویستی ماملێ چ لە ئاکاری ئەو بەڕێزە و چ لە کارە هونەرییەکانی دا ڕەنگی داوەتەوە. بۆیە لە بەرهەمە هونەرییەکانی دا گۆرانی هەیە کە گازندە لەوە دەکات کە بۆچ لەم ڕۆژگارە دا، ڕێز و قەدری میوان کەم بۆتەوە؟[2]

لەم گرتەیەدا دەردەکەوێت کە ماملێ چەند بە گەرموگوڕی  بەخێرهاتنی میوانەکانی خۆی دەکات کە سەرجەم لە باشووری کوردستانەوە هاتوون و پێشمەرگەی شۆڕش بوون.

لەسەر داوای “مەڵبەندی هونەریی ماملێ” بەدواداچوونم بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسایەتی و هونەرمەندانەی ناویان هاتووە کرد و بڕیارمدا بەو مەرجەی لە ژیاندا مابن کورتە چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ پێكبێنم تا بیرەوەرییەکانیان لەم ڕۆژە دا بۆ ئێمە باس بکەن.

بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا پێوەندیم بە هونەرمەندی ڕەسەن، مامۆستا ئیبراهیم سابیر کرد کە لەدایکبوو و نیشتەجێی شاری کۆیەیە و بەخۆشییەوە لە تەندرووستییەکی باش دا ژیان تێپه‌ڕ ده‌كات.

کاتێک بۆم باسی ئەو گرتە دەنگییە کرد، وەها خۆشحاڵییەکی پێشان دا کە  لە گووتن نایە. لەگەڵ به‌ڕێزیان کەوتمە باس و خواسی ئەو ڕۆژە.

دەقی وتووێژه‌كه‌ بەم جۆرەیە:

وێڕای سڵاو و ڕێز مامۆستا ئیبراهیم. تکایە بۆمان باس بکە کە ئاخۆ هیچکات ماملێ‌ت بینیوە؟ گەر بینیوتە کەی و لە کوێ بووە؟

من لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٧٤ی زایینی هاوڕێ لەگەڵ ئیسماعیلی برام لە مەهاباد بووین. ئیسماعیل بڕێک ناساز بوو. بۆ سەردانی دوکتور چووبووینە ئەوێندەر. شوێنەکەمان لە نیزیک ماڵی ماملێ بوو. ئەو برایەم زۆر حەزی لێبوو ماملێ ببینێت. پێشنیاری کرد ئێستاکە وا شوێنەکەمان نیزیک ماڵی ماملێیه‌ بۆ سەردانێکی نەکەین و بیبینین؟

منیش کە حەزم دەکرد بیبینم، ئەو پێشنیارەم زۆر بەدڵ بوو و بە پرسیارکردن ماڵەکەمان دۆزییەوە و لە دەرگای ماڵەکەی ماملێمان دا. کە دەرگامان لەسەر کرایەوە، بینیمان کە ماملێ بۆخۆی دەرگای بە ڕوومان دا کردەوە. ماملێ زوو زانی کە خەڵکی ئەودیوین(مەبەست باشوری كوردستانه‌) و بەوپەڕی ڕووخۆشی و گەرم و گوڕی بەخێریهێناین و فەرمووی کردین بۆ ژوورەوە. لەبەر هەیوانەکەی کە شوێنی دانیشتنی هەبوو، هەندێک دانیشتین. لەپڕ چەند کەسێکی تریش هاتن بۆ سەردانی ماملێ، ئەویش ناچار ما کە بمانگوازێتەوە بۆ قاتی سەرێ، ئاخر ماڵی ماملێ دوو نهۆم بوو. کە دانیشتین، ئەو میوانانە داوایان لە ماملێ کرد تا گۆرانییەکیان بۆ بڵێت.

ببورە قسەتان پێ دەبڕم کاک ئیبراهیم. ئاخۆ ئەو میوانانەت دەناسی؟

نەخێر نەمدەناسین بەڵام ئەوانیش پێشمەرگە بوون و لە باشوور هاتبوون تا ماملێ ببینن.

زۆر باشە. ماملێ گۆرانی بۆ وتن؟

بەڵێ ماملی دڵی نەشکاندن و گۆرانییەکی حەسەن زیرەکی بۆ گوتین و ئێمەش بە کۆڕ بۆمان دەگێڕایەوە. خۆت دەزانی کە منیش دەنگم لە دەنگی حەسەن زیرەک نیزیکە. کە لەناو کۆڕەکە دا دەمگوت، ماملێ گۆرانییەکەی ڕاگرت و وتی کە دەنگێکم دێتە بەر گوێ کە زۆر لە خوالێخۆشبو حەسەن زیرەک نیزیکە. ئەوە کامەتانن؟ ئیسماعیلی برام وتی ئەوە برایمی برامە و لە “ئیزاعەی” عێراق گۆرانی هەیە. ماملێ کە بینی ئاوا دەنگم لە زیرەک نیزیکە وتی: دەنگت خوالێخۆشبوو زیرەکم دەێنێتەوە یاد. تۆ دەنگت کەوتۆتەوە سەر دەنگی ئەو.

بەڵێ دیارە کە ماملێش حەز بە دەنگتان دەکات، چوون لە کاتی گۆرانی گوتنەکەی بەڕێزتان دا ماملێ دەنگی زیرەکی نەمری دێتەوە یاد و هەڵدەگەڕێتەوە و دەڵێ: (وەی ڕەحمەت لە گۆڕت حەسەن).

ببورە کە قسەم پێ‌بڕین تکایە فەرموون درێژە بە قسەکانتان بدەن.

“تسجیل”ێک[3] لەوێ بوو وماملێش کاسێتێکی تێهاویشت و گوتی دەی جا ئەوجار دەبێ گۆرانیمان بۆ بڵێی و منیش لەگەڵت دەڵێمەوە. لەبیرم نەماوە بەڵام گەر هەڵە نەبم یا نیو کاتژمێر یا چڵ خولەک بوو، گۆرانیمان گوت. جارجاریش ماملێ لەگەڵی دەگوتمەوە.

چ قسە و باسێک لە نێوانتان دا تێپەڕی؟ باسی هیچ شتێکی تایبەتتان نەکرد؟

ئەوەی لەیادم مابێت مامۆستا ماملێ چەند بیرەوەرییەکی لە حەسەن زیرەکی نەمر باس کرد و فەرمووی: (کە نێوانمان لەگەڵ حەسەن زۆر خۆش بوو. حەسەن هاتە لام گوتی دەمهەوێ بچمە کرماشان و خۆم عەمەلیات “نەشتەرگەری” بکەم، بەڵام دەستم کورتە. منیش پێمگوت کە تۆ خەمت نەبێ من کەسێک لە کرماشان دەناسم کە دەتوانێ یارمەتیت بدات. ناوی ئەم کەسەم دایە و ڕۆیی. بەڵام پاش ماوەیەک هاتەوە مەهاباد بێ ئەوەی کە خۆی عەمەلیات کردبێت).

ئێوە چەند لە ماڵی ماملێ مانەوە؟

بە گۆرانی گوتن و دانیشتنەکەمانەوە هەمووی ٢ کاتژمێرێکی نەخایاند.

سەیرە خۆ ماملێ بۆ ماڵئاوەدانی و میوانداری ناوباگی هەبووە، ئەدی چۆنە بەوەندە لێتان خۆش بووە.

لە ڕاستی دا زۆر لە بەندی سمایلی برام دا بووم. چوون ئەو پێشمەرگە بوو و کاتی کەم هەبوو، هەروەها ناسازیش بوو، دەبوایە بە کار و باری پزشکییەکەی ڕاگەیباین. دەنا خودا هەڵناگرێ زۆری خوڵق کردین.

بە پێی ئەو یەکجارەی کە ماملێتان بینیوە، کەسایەتی ماملێ، چ لە بواری هونەری و چ لە باری کۆمەڵایەتی دا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بەڕاستی مرۆڤێکی زۆر ڕێکوپێک بوو. زۆرم پێ سەیر بوو کە هونەرمەندێکی ئاوا گەورە ئاوا خاکەڕا بێت. هەموو هەڵسوکەوت و هەموو قسەکانی لەوپەڕی ڕێز و ئیحتیڕام دا بوو. یانی من زۆر موعجیبی ئاکار و کرداری ئەم شەخسە بووم. بەراستی تەئسیرێکی زۆری لێکردم.

بەو چەشنە وتووێژەکەم لەگەڵ بەڕێز ئيبراهيم سابیر کۆتايي پێهات. تۆ بڵێي چەند لەو کۆبوونەوە مێژووييانە پێکهاتبن و ئێستا تۆزى فەرامۆشى و تێپەڕينى کاتيان لەسەر نيشتبێ؟ بێگوومان ماملێ بەدەنگى زوڵاڵ و هەستى خاوێن و ڕەوشتى بەرزى ميوانداري زۆر کۆڕى لەم چەشنە بووە. بەوهيوايە ئەو يادەوەريانە تۆمار بکرێن و بۆ دواڕۆژى نەتەوەکەمان کەڵکيان لێ وەربگيرێ.

ئازاد بایز
سلێمانی 01.11.2017

  • پێویستە ئێوە هۆگرانی هێژای دەنگی ماملێ و میوانانی ماڵپەڕەکەمان ئاگادار بکەینەوە کە لە حەوڵی ساغکردنەوەی باقی ئەم تۆمارە دەنگییە داین کە لەگەڵ هونەرمەندان و کەسایەتییەکانی تر تۆمار کراوە. هەرکات کۆتاییان پێهات پێشکەشی ئێوە ئازیزیان دەکەین.
    هەر بژین
    “مەڵبەندی هونەریی ماملێ”
    ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

[1] لە ژێرەوە چەند بەرهەمێک و چاوپێکەوتنێکی هونەرمەند ئیبراهیم سابیر دەبینن:
١- چاوپێکەوتن

٢- کلیپی ساقی

٣- کلیپی “ئای سەلام” ساڵی ١٩٧٨ [2] مەبەست گۆرانی (بۆچ نییه‌ قه‌دری میوان له‌ لاتان…)ـە.  [3](تسجیل) وشەیەکی عەڕەبییە کە لە باشووری کوردستان بە کەرەسەی تۆمار و بڵاوکردنەوەی کاسێتی دەنگی دەگوترێت. چاوگی ئەم وشەیە لە عەڕەبییەوە پەڕیوەتە ناو زمانی کوردی. ئەو کەرەسەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە “زەبت” دەناسرێت کە ئەویش وشەیەکی عەرەبییە و بە فارسی کراوە و بۆ ئەم کەرەسەیە بەکار دەهێنرێت.

بابەتی پێوەندیدار