Skip to content

داوای مەڵبەندی هونەریی ماملێ لە وەزاڕەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕاگرتنی پەخشی زنجیرە تورکییەکان لە تەلەڤزیۆنەکانی باشووری کوردستان

بۆ بەڕێزان:  وەزاڕەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان

بابەت: ڕاگرتنی  زنجیرە تەلەڤزیۆنەکانی دەوڵەتی تورک، لە تەلەڤزیۆنەکانی باشووری کوردستان
سڵاوێکی گەرم.

وەک ئاگادارن، هەندێک لە کاناڵە تەلەڤزیۆنییەکانی هەرێم، کە هاوکات بینەرێکی زۆریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەیە، چەند ساڵێکە کردوویانەتە باو کە زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکانی تورکی بڵاو دەکەنەوە. بۆ هیچ مرۆڤێکی سەر گۆی زەوی شاراوە نییە کە ئەم زنجیرانە لە بنەڕەت دا، بۆ دژایەتی  و شێواندنی ڕۆخسار و سیمای نەتەوەی کورد چێ و ئامادەکراون.

تۆرەمەی مەگۆل/مەغول بەردەوام لە هەوڵدان، کولتوور و داب و نەریتی سێهەزار ساڵەمان بشێوێنن، تا ئەو ئاستە کە حاشا و قێز لە ناسنامەی کوردبوونی خۆمان بکەینەوە. لە لایەکی تریشەوە ئاستی بیری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری بۆ گەلی تورک بەرز ڕابگرێت، بەچەشنێک کە کوردکوشتن بۆیان شانازیی بێت.

با باسی داهاتی دارایی ئەو بەرهەمانە نەکەین کە ڕێکخراوی کوردیپێدیا گوتەنی:

(هەمووی دەکرێتە باڕووت و ئاگر و بەسەر گەلی کورد دا لە #عەفرین و #باکوور دەیبارێنن).

پارێزگاریکردن لە فەرهەنگ و کولتووری هەر نەتەوەیەک،  بەرزڕاگرتنی ئاستی ڕۆشنبیری و هەستی نیشتمانپەروەری کۆمەڵانی هەر میللەتێک، ئەرکی سەرشانی بێئەملاولای (وەزاڕەتی ڕۆشنبیری)ی هەر دەوڵەتێکە.

چاوەڕوان بووین کە وەزاڕەتەکەتان تا بە ئەمڕۆ، شارۆچکەی سینەمایی ئامادەیی هەبووایە یان بودجەی بۆ دەیان فیلم و زنجیرە وەلاوە نابا کە هەوێنیان لەسەرپێڕاگرتنی بیری نەتەوەیی کورد و بەرزکردنەوەی ئیرادەی میللی میللەتەکەمان بوایە و لە هەمان کاتیشدا پەیامی مرۆڤایەتی میللەتە چەوساوەکەمانی بە گوێی جیهان دا هاوار کردبا. دیارە لە ساڵەکانی ڕابردوو دا دەگمەن درامایەکی کرچ‌ و کاڵ کە بە سەرەتاییترین کەرەسەی بەردەست و بە کەمترین بودجە و بە هەڵوێستی کوردانەی هەندێک هونەرمەندی دڵسۆز بەرهەمهێنراون کە بە داخەوە  ئەوەندە چۆنییەتییان لەچاو پیشەی سینەمایی سەردەم لاواز بوون کە تینوێتی بینەری کوردی نەدەشکاند.

بە دڵنیاییەوە ئێوەش لەگەڵمان هاوڕان کە ساڵانێک خەبات، شۆڕش، ئەنفال، کیمیاباران، شەهیددان، کەمئەندامبوون، لەسێدارەدان و زیندانی کردنمان بۆ ئەوە نەبوو، تا کاتی بەنرخی نەوەی ئەمڕۆ بە کولتووری دژە کوردی،  کەمالیستی و سوڵتانەکانی عوسمانی پڕ بکەینەوە و ئاوایان بەسەر بێت کە چاویان بە شاشەی تەلەڤزیۆنەکانیان بکەوێ، خۆیان بە میللەتێکی دز، جەردە، پیاوکوژ و هۆڤ بێتە بەرچاو.

ئێمەش لە مەڵبەندی هونەریی ماملێ، داوای خۆمان دەخەینە پاڵ داوای ڕێکخراوی کوردیپێدیا و داواتان لێدەکەین، ئەمجارەش بە ڕۆحێکی کوردانە و میللی ئاوڕێک لەم گرنگە بدەنەوە و بە هانای وەچەی داهاتوومان وەرن و خاڵێکی کۆتایی بۆ ئەم پرسە دابنێنن و پێش بە پەخشی ئەم زنجیرانە بگرن.

هەروەها داوا لە گشت تاکی کورد و گشت ڕێکخراوەکان دەکەین کە پشتیوانی ئەم داواکارییەوە بکەن.

بە سپاسەوە

مەڵبەندی هونەریی ماملێ
١٣/٠٢/٢٠١٨

بابەتی پێوەندیدار