Skip to content

مردن بۆ ئاشق نیە هەر جاویدانن. (بەشی یەکەم) محەممەد حەسەنپوور

مردن بۆ ئاشق نییە هەر جاویدانن. (بەشی یەکەم)
نووسینی: محەممەد حەسەنپوور

ئەی هاژەی ئاوهەڵدێری هونەری کوردی !

کێ دەڵێ تۆ نەماوی کێ؟

ڕۆژنیە مەجنونەکان لەسەر تەختی خوێندکاریی زانکۆکان، نازدارەکەی مەدرەسە نەڵێن و تەرسیمی باڵای مریەم سابڵاغیەکان مەشق نەکەن وبە دڵێکی پڕ لە خوێنەوە نامە بۆ لەیلاکانیان نەنوسن.

ها لە زەماوەندەکاندا ڕەوت ولەرەی گوارەی شۆڕە ژنان بە و گوارەی بە گوێتەوە و وەختە سوێم بۆت بێتەوەمان بەگوێدا دەچریکێنێ.

ئەوە نیە هەرکە چاو ئەستێرەی سورە گوڵەکەم لێم زیز بوو ئاوازی تۆ هاوارم دەبات و بە گۆرانی وەرە بائاشت بینەوە کوڵی دڵەکەم بە بێم هەڵناکا و بە قسەی خەڵکم لە گەڵ ناکا.

mihemmed hesenpoor

شای شەکەر لێوان!

ڕۆژنیە لەناو گزەی بەرژەوەندی و دوکەڵی شاردا، لە پەنجەرەی تاکسیێکەوە تابڵۆی شیرینەکەی وەفاییمان نەهێنیەوە بەرچاو کەچۆن هەودا لە لێو دەم دەدا

سەرهەڵبێنە, چاو لە قەتارەکانت بکه چۆن وەک رێزەی قورینگ لە ئاسمانی بیرەوەریەکانمان دا باڵ دەگرن و وەک کوێستانچیان لە هەواری دڵمان دا ڕەشماڵیان هەڵدەدەن.

بڕوانە بەرڕاوەکان چۆن بە شەقەی ئاوزینگان و ڕاوچیانەکەت درەنگەڕاویان بەتاڵ دەکەن، و کاروانچیە بێ باکەکان چۆن کاروانە هەی کاروانەکەت دەڵێنەوە

تۆ لە کوڵی دڵی کوڕی ژوان‌سەرنەگرتوو و زەردە سەرلێوی کیژی حەوشەی کوردەماڵان و هەڵکشینی خێڵاتی بەرەو بنار و ئاخی نیانی شوانە حەق نادیارەکان دای، تەنانەت دارەکانی دەم چۆمانیش بە وەرزی خەزان شەختەی پاییزێ ئەنگاوتمەکەت دەڵێنەوە.

چرای لە دڵەکەم !

سەیری پیرەکانمان بکە کە بە باهۆی بێهێز و چاوی سۆمالێبڕاو و دەستی لەرزەوە بۆ ئەوەی پیرانە نەمرن چۆن گوێیان بۆ بازی‌بێریانەکەی تۆ شل کردوەو. دەچنەوە جێ هەواری ساڵان و یادی جێی شەوڕا و جێژوانیان دەکەنەوە و گەڕانی شایی دانگەی ماڵان و چاوە بڕکەی کیژی ڕێی کانی وبانەمەر دێننەوە بەر ئاوێنەی زەینەوە و بە زەردەیێک، بە دو ماچ، بەرهەڵبێنەی شەنگە بێری قۆڵ هەڵماڵیو، گرێ دەدەنەوە.

ساقی فریادڕەس!

مەگەر پێکی یەکەمی مەستان بە بێ مەقامی دەمێک ساقی دەمت بێنە دەخیلی چاوەکانت بم دەتوانی هیچ خەمڕەوێن بێت؟

گلێنە ی چاوم !

ها سەیر کە نەک مناڵان، گەورەکانیش بە بەندی دەسترازەی ڕۆژگار جە ستە خەستەن و بە شەوگاری درەنگ، بە هەی لایە لایەکەت ژیر دەبنەوە و تا دەستپێکی ڕۆژیکی تاڵتر، دەخەون.

گۆرانیەکانت ملوانکێکی زێڕینن کە پەرەنگیان لە جوانی و ئەوینی نیشتمانە و هەتاهەتایە بە گەردنی شوشی هونەری ڕەسەنی کوردیەوە دەلەرێنەوە

درێژەی هەیە…

بابەتی پێوەندیدار