لەبەر بارانەدا مەستم، مەپرسە چۆن نەگریاوم
“هەوای چۆمی مەجیدخان” و هەوای بارانە لێیداوم
قەتارەی خەم لەگەڵ هەر نەرمەبارانێ بە دڵدا دێ
لە گەڵ “ماملێ” لە گەڵ ڕۆحی غەریبی خۆمە وەستاوم
بە بۆنی “خاکی کووچەی یارەکەی بێ مروەتم گێژم”
تەماشا کەن چەنێ عەوداڵم و مەدهۆش و شێواوم
کەسێ هات تێپەڕی وەمزانی توێ، هۆشم لەسەر ڕۆیی
ئەمێستا داوەڵێکی ڕووتی بێ ئەنوایی خووساوم
بەتاڵە دەفر و پەیمانەم ، بنازم مەیلی تۆ ماوە
چلۆنم مەست بکا بادە، بە گیانت پاکی بەرداوم
لە زارت خۆشە ناوم دێنی! ئەی ئوستادی مەکر و ناز
دەمێک بوو مردبووم ئێستاش بە بۆنەی تۆیە وا ماوم
بە ڕەسمی عاشقیش بێ قەت دڵم نایە بکەم ماچت!
دەشێوێ لێوی گوڵ شێوەت، بزۆزم بەدفەڕم لاوم
بەهانەی چاکە بۆ مەستی دەبا عالەم بکەن لۆمەم
“هەوای چۆمی مەجیدخان” و هەوای بارانە لێیداوم
فەرهاد ساڵحیفەر
“هەوای چۆمی مەجیدخان” و هەوای بارانە لێیداوم – فەرهاد ساڵحی فەرد
- کاتژمێر
- بابەت و هەواڵ, بۆ ماملێ, شیعر


