Skip to content

پێداچوونەوە بە بڕیاری مەڵبەند دا سەبارەت بە خەڵاتی ماملی ٢٠١٨

لە روونکردنەوەی ڕێکەوتی ٢٣/١/٢٠١٨ی مەڵبەندی هونەریی ماملێ دا سەبارەت بە مەراسیمی پێشکەشکردنی خەڵاتی ماملێ ٢٠١٨، ئاشکرا کرا کە ئەمساڵ بە هۆی گەلێک ڕووداوی ناخۆش کە بەرۆکی میللەتەکەمانی گرتووە، بۆ ساڵی ٢٠١٨ پێشکەشکردنی ئەم خەڵاتە هەڵپەسێرن.

ئەم بڕیارە لە ناو ئێلیتە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردەواری دا، ڕەنگدانەوەی تایبەتی بە دوای خۆی دا هێنا. (بۆ خوێندنەوەی ناوەرۆکی ڕەنگدانەوە و ڕەخنە و پێشنیارەکان کرتە لەسەر ئەم دێڕانە بفەرموون).

ئێمە کارگێڕانی ئەو مەڵبەندە کە هیچکات خۆمان لە میللەتەکەمان جیا ناکەینەو ە و لە دەرد و ژان  و خۆشی و شادییان دا خۆمان بە هاوبەشیان دەزانین، ڕەخنە و پێشنیارەکانی دڵسۆزانمان بە هێند وەردەگرین و بە پێداچوونەوە بە بڕیارەکاندا گەییشتینە ئەو ڕاستییە کە وەستاندنی کورد لە جووڵە، یەک لە هەرە سەرەکیترین ئاواتەکانی دوژمنانە کە نابێ بگەنە ئاوات. ئێمەی کورد سەدان ساڵە شایی و شینمان تێکەڵ بەیەک بووە و فیر بووین کە بەدەم سەماوە گیان بدەین. ماڵئاوایی کردنی دایک لە تەرمی ڕۆڵەی شەهیدکراوی بە هەلهەلە و سەما، ڕووی ڕاستی ئەم وتانەمان بۆ دەردەخات. ئەوە لە کاتێک دایە کە پڵینگەکانی عەفرین وەها بە گژ دوژمن دا هاتوونەوە کە هەموو کوردیان ڕووسوور و سەربڵیند کردووە و ڕۆحێکی ئەوتۆیان بە هەناوی کورد دا هێناوەتەوە.

بەپێی هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوە، مەڵبەندەکەمان بڕیاری دا کە هونەرمەند “خەلیل خەمگین” وەک هونەرمەندی  ساڵی ٢٠١٨ بەربژێر بکات تا نۆهەمین خەڵاتی ماملێ‌ی پێشکەش بکرێت.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ  ئەم ڕاستییە باش دەزانێت کە بۆ سپاس کردن و ڕێزلێنان لە هونەرمەندان، کەمترین ئەرکی خۆی بەجێ هێناوە و بە شانازییەوە خەڵاتی ماملێ ٢٠١٨ی خۆی پێشکەشی هونەرمەند خەلیل خەمگین دەکات. بەم بۆنەیەوە جوانترین پیرۆزبایی لەم هونەرمەندە دەکەین و  لە داهاتوویەکی نیزیک دا، کات و شوێنی مەراسیمی بەخشینی ئەم خەڵاتە بە بەڕێزیان ئاشکرا دەکەین.

هەر وەها سپاسی گەرمی خۆمان پێشکەشی سەرجەم ئەم ئازیزانە دەکەین کە بە ڕەخنە و تێبینییە دڵسۆزانەکەیان هانیان داین و هاوڕێمان بوون تا لە خزمەتکردن سڵ نەکەینەوە و شل نەبینەوە. تا هەین خۆمان بە قەرزداری ئێوە خەڵکانی دڵسۆز دەزانین.

بابەتی پێوەندیدار