Skip to content

گەڕەلاوژەیەکی ماڵباتی ماملێ. (بۆ یەکەمجار بڵاو دەکرێتەوە)

لە بەشی پێناسەی ئەم ماڵپەڕە دا باسمان لێکردووە کە مەڵبەندی هونەریی ماملێ بە مەبەستی کۆکردنەوە و ئاڕشیوکردنی بەرهەم و ئاسەوارەکانی ماملێ دامەزراوە و ئەم ماڵپەڕەش وەک پردێکی پێوەندی لەگەڵ هۆگرانی هونەر بەگشتی و ئاشقانی دەنگی ماملێ بەتایبەتی کار دەکات. بە خۆشییەوە خۆمان بە سەرکەوتوو دەزانین و توانیومانە لە بەئەنجامگەیاندنی ئەرکەکانمان ڕووسوور بێینە دەر.

لەلای هەموو کەس ئاشکرایە کە ماملێ و هونەری بنەماڵەی ماملێ، لەناو دڵی خەڵک دا پارێزراوە و لە جەرگەی هەست و هونەری ئەم میللەتە دا گەشەی کردووە. بۆیە بەردەوام لەلایان هۆگرانەوە پێوەندیمان پێدەکرێت و ئەو بەرهەم یا ئاسەوارانەی کە لە ئاڕشیوی تایبەتی ئەوان دا هەبووە بۆمان دەنێرن و ئێمەش بەوپەڕی ئەمانەتەوە پێشکەشی میللەتی کوردی دەکەینەوە.

ئاڵبۆمی ڕێژنە و کۆمەڵێک گۆرانی و فیلم و وێنەی  تایبەت کە تەنیا لەلایان مەڵبەندی هونەریی ماملێوە بڵاو کرانەوە، ڕاستی ئەم وتانە دەسەلمێنێت.

جێی خۆیەتی کە سپاسێکی هەراو لەو مرۆڤە هونەردۆست و ماملێویستانە بکەین کە بەرهەمەکانیان بۆمان دەنێرن تا لە فەوتان ڕزگاریان بکەن و ئێمەش بە شانازییەوە لەئامێزی میللەتی دهاوێینەوە.

هەروەها داوای خۆمان ئاڕاستەی ئەو کەسانەش دەکەین کە دەزانین و ئاگادرین بەرهەمی ماملێیان لە لا هەیە و تا ئێستا تەکانیان بەخۆیان نەداوە تا ئەم بەرهەمانە پێشکەش بە میللەتی کوردی بکەنەوە.

تەنانەت ئاگاداری ئەو فیلمانە لە هونەرمەندان هەین کە لە ڕادیۆ تێلێڤزیۆنی ناوەندی مەهاباد، پێش گیرانەوەی ئەم شارە لەلایان ڕژێمەوە ڕاگواستران و ئێستاش فیلمی هەموو هونەرمەندەکان بڵاو کراونەوە و تەنیا فیلمەکانی محەممەد ماملێ نەبێ. ئەو هەڵوێستە کە تەنیا فیلمەکانی ماملێ بڵاو ناکەنەوە مانای تایبەتی هەیە. یا بوغز و قینە یا بەرژەوەندیی مادییە، یا بەرچاوتەنگی و ڕەشۆکییە. دەنا هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.

ئەو کەسانە کە لەلایان خەڵکەوە باش دەناسڕێن و هەموو ژیانیان قەرزداری ماملێن،  دەبێ ئەو ڕاستییە باش بزانن کە ئەم هەڵوێستەیان لەلایان گەلی کوردەوە بە ناشیرن خوێندنەوەی بۆ دەکرێت و کاردانەوەی خەڵک تاڵ و چاوەڕوانکراو دەبێت بەرانبەریان. هەروەها لە جاران زیاتر دەستیان بۆ خەڵک ڕوو دەبێ.

تکایان لێدەکەین کە ئەم بەرهەمانە کە مڵکی میللەتێکن نەک مڵکی تاکەکەسی، پێشکەش بە میللەت بکەنەوە و تا لە ماوی کورتی ژیان دا بتواندرێت چێژ و سوود لەم ئاسەوارانە ببیندرێت.
ئەمڕۆ بەرهەمێکی نوێتان پێشکەش دەکەین لە گەڕەلاوژەیەکی خۆماڵی و خاکەڕاییانەی ماڵباتی ماملێ بە دەنگی محەممەد، جەعفەر و چالاک ماملێ  و زەربی چیا ماملێ کە بۆ بیرەوەری تۆمار کراوە.

هەر بژین

مەڵبەندیی هونەریی ماملێ

بابەتی پێوەندیدار