Skip to content

بڵاوکردنەوەی چەند گرتەیەکی بڵاونەکراوەی ماڵباتی ماملێ – شنۆ

یەک لە بەرچاوترین خدەی بنەماڵەی ماملێ کە لە باپیرانیانەوە سەرچاوە دەگرێت، خاکەڕایی و خۆمانەبوونی ئەم ماڵباتەیە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک. بەچەشنێک کە هیچکات نە لە خۆشیاندا و نە لە ناخۆشییاندا، خۆیان لە میللەت و کۆمەڵگای خۆیان بەدوور ناگرن و لەگەڵ دەرد و ژان و خۆشییەکانیان دا هاوبەشن.

مێژوو سەلمەندوویەتی کە ئەو ماڵباتە بە گشتی و محەممەد ماملێ بەتایبەتی، پشتیان لە زۆر هەلی ماددی کرد تا ڕووسووری نەتەوەی خۆیان بن. دانیشتێنکی ئاوا ساکار، بە دەیان کۆڕی شاهانە، مامەڵەیان پێنەدەکرد. لەو کاتەدا کە بە گۆرانی و گێڕانی کۆڕی ئاوا کە بزەی دەخستە سەر لێوی مناڵێکی چاوزیتی کورد و هەناوی دایکانی جەرگ سووتاوی تێدا دەلاواندەوە و دڵی برینداری باوکان و خوشکان و برایانی هاونیشتیمانی خۆی، تێدا ساڕێژیان بکردایە، بۆ ئەوان گشت خەراجاتی دونیا دەهێنا و دەهێنێت.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ وەک لە بەشی پێناسە دا ئاماژەی پێکردووە، یەک لە چالاکییەکانی پاراستن و ئاڕشیوکردنی بەرهەمەکانی ئەو ماڵباتە بەگشتی و محەممەد ماملێ بەتایبەتییە.

بە خۆشییەوە ئەو مەڵبەندە توانیوێتی کە ببێتە جێێ مەتمانەی هۆگرانی هونەر بە گشتی و ئەویندارانی ماملێ بەتایبەتی تا ئەو بەرهەم و ئاسەوارانەی کە لە ماملێ و هونەرمەندانیتر هەیانبووە و پێشتر بڵاو نەکرابوونەوە، بۆ ئێمەی بنێرن و ئەو مافەشیان بە ئێمە دا کە کاریان لەسەر بکەین و بە تێچووی ئەو مەڵبەندە و بەبێ هیچ چاوەڕوانییەکی ماددی، بە ئاڕشیوی نەتەوەی کوردیان پێشکەش بکەینەوە.

بۆ ئەم مەبەستە دەتوانین جیا لە دەیان یادگاری دەگمەن وەک وێنە و تۆماری دەنگی و نووسراوەی ماملێ، دوو ئاڵبۆمیش بە شێوەی (CD) ئامادە بکەین و بڵاویان بکەینەوە کە یەکیان هۆنراوەی “سووڕی دەوران” لە شاکارەکانی مامۆستا “هێمن موکریانی” و بە دەنگ و خوێندنەوەی خۆیان بوو و یەکیشیان ئاڵبۆمی “ڕێژنە” کە کۆمەڵێک گۆرانی بڵاونەکراوە ماملێ بوون.

ئەمڕۆش چەند گرتەیەکی ویدیۆییتان بە بۆنەی تازەکردنەوەی سایتی فەرمی ماملێ، پێشکەش دەکەین کە  هونەرمەندان محەممەد ماملێ، جەعفەر ماملێ، چالاک ماملێ  بە هاوبەشی چەند گۆرانییەک پێشکەش دەکەن.

ئەم گرتانە لە شاری شنۆ، (شیمانە دەکرێت کە لە ساڵی ١٩٩٠ یا ١٩٩١)  و لە ماڵی حەسەن ماملێ تۆمار کراون.
وەک مەڵبەندی هونەریی ماملێ، بەردەوام دەبین لە بڵاوکردنەوە و ئارشیوکردنی گۆرانی و ئاوازەکانی ماڵباتی ماملێ بە گشتی و  محەممەد ماملێ بە تایبەتی، لێرەشەوە جارێکیتر داوا لە هۆگرانی ماملێ دەکەین یارمەتیدەرمان بن لە دۆزینەوە و بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمانەی هێشتا بڵاو نەبوونەتەوە، بەو هیوایەی بتوانین لە داهاتوودا بەرهەمی زیاتر پێشکەش بە ئەویندارانی دەنگی ماملێ بکەین.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ

بابەتی پێوەندیدار