Skip to content

پەیامی سەرەخۆشی مەڵبەند بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا مەلا ڕەشید قەرەنیزادە.

کۆچى دوايى کەسايەتيى نيشتمان پەروەر و ئايينى کورد، مامۆستا مەلا ڕەشيد قەرەنى زادە:
بەداخەوە مامۆستا مەلا ڕەشيد قەرنى زادە ئيمام جومعەى پێشووى شارى مەهاباد دواى تووشبوون بە نەخۆشيەکى درێژ خايەن ماڵئاوايى لە زێد و نيشتمان کرد.
مامۆستا کەسايەتيەکى زانا لە بوارى ئايينى بوو و هەروەها لە بوارى وەرگێڕان و نووسيندا چالاک بوو. خوالێخۆشبوو هەردەم لەگەڵ خەم و شادى گەلەکەى دا دەژيا و تا دوايين ساتەکانى تەمەنى سەربەرزانەى خەڵكيى‌بوونى خۆى پاراست و لە پێناو پلە و پايە، ملکەچى ويست و داواى ناڕەوا نەبوو و ديارە نرخەکەشى تەريک‌خرانەوە لە لايەن دەسەڵاتەوە بوو. هەست و بيرى مامۆستا نەتەنيا لاى زێدەکەى موکريان و مەهاباد بەڵکوو دەگەڵ بەشەکانى ديکەى نيشتمانيش تێکەڵاو بوو شەريکى خۆشى و ناخۆشيان بوو.

لە کاتێکدا زۆر لە بيرۆکە دينيەکان وەک ئامراز کەڵکيان لێ وەردەگيرێ و کەسانێک لەوڵاتانى گەشە نەسەندوو بە ئامانجى نەرێنى و دژ بە خەڵک بەکارى دێنن، بەڕێز مامۆستا هاوکات لەگەڵ ڕاپەڕاندنى کاروبارى ئايينى، نەتەوەخوازى لە سەردێڕەکانى ژيانى دانابوو و خۆشەويستى وڵاتى بە گوێى گەلەکەى دا وەک ئەرکێکى ئايينى دەچرپاند.

وتارى مامۆستا لەڕێوڕەسمى ئەسپاردە کردنى (محەممەد ماملێ) دەرخەرى ئەو ڕاستييەن. بێگومان لە ڕابردوو و ئێستا دا گەلى کورد هاوخەباتى بۆ دەستەبەرکردنى مافە نەتەوايەتيەکانى دەگەڵ ڕەهەندى ئايينى تێکەڵاو کردووە و لە حوجرە و مزگەوتەکان کەسانى گەورەى بۆ ئەو مەبەستە پەروەردە کردووە.

ئەو ڕاستييە لە سەردەمی کۆمار و  پێشەواى نەمر دا گەيشتە لووتکە و ديارە دواتريش بووەتە هەوێنى زۆر بزاڤ و جوڵانەوەى کورد. بەو پێيە بە لەدەستچوونى ئەو زاتە مەزنە خەسارێکى گەورە بەر کۆمەڵگاى کوردەوارى کەوت.

ئێمە وەک دەستەى بەڕێوەبەڕى مەڵبەندى هونەرى ماملێ خۆمان بە هاوبەشى خەمى دەزانين و لە خوداى بێ هاوتا داواکارين ڕووحى بەبەهەشتى بەرين شاد بێ. هيوادارين نموونەيان زۆر بێ، ڕێگاى بە بوونى مامۆستايانى خاوەن هەڵوێست پڕ ڕێبوار بێ.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ
13/07/2018

بابەتی پێوەندیدار