Skip to content

گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە ماملێ و چەند زانیارییەک.

بۆ یەکەم جار لەدوای ٢٥ ساڵان، چەند گرتەیەکی ویدیۆیی لە هونەرمەندی کورد، “محەممەد ماملێ” بڵاو کرایەوە. لەو گرتەیە دا ماملێ لە ڕۆژی زەماوەندی “وریا”ی کوڕی دا قسە دەکات، گۆڤەند دەگێڕێت و خۆشیی دەردەبڕێت. ئەو زەماوەندە لە ڕۆژی ٢٥ گەلاوێژی ساڵی ١٩٩٣ لە شاری مەهاباد گیراوە و بەشێک لەو ئاهەنگە لە ناوچەی  “جەزیرە”ی ئاوبەندی مەهاباد و بەشێک لە “زمزیران”ی سەردەشت و بەشێکی‌تریش لە شاری سەردەشت بەڕێوەچووە.

وا وێدەچێت کە ماملێ کاتێک کوێستانە سەرکەش و سەربەرزەکەی زمزیران دەبینێت، یادی ڕۆژانی خەباتی خۆی دێتەوە یاد و گۆرانی “بەهاران خۆشە زمزیران”[1] بە دووقۆڵی لەگەڵ جەعفەری برای دەڵێتەوە.  ماملێ کاتی خۆی  لەو کوێستانانە دا دیداری تەشکیلاتی و حیزبی لەگەڵ هاوڕێیانی خەباتگێڕ و هاوسەنگەری خۆی دەکات کە بە شۆڕشگێڕانی ناسراو بە شۆڕشی ساڵەکانی ١٣٤٦/١٣٤٧ دەناسرێنەوە. ماملێ لەگەڵ ئەم پاڕتیزانانە لە پێوەندی دا بووە و تەنانەت لەسەر ئەو هاوکاریکردنە کۆت و بەند دەکرت. [2]

لە بەشی یەکەمی گرتەکە دا ماملێ ئاماژە بە ڕێکەوتی ڕۆژەکە دەکات کە ٢٥ی گەلاوێژ[3] بووە و هاوکات بووە لەگەڵ زەماوەندی کوڕەکەی. ئەو لە فیلمەکە دا دەڵێی: “ئەوڕۆ بیست و پێنجی گەلاوێژە، گەلاوێژی خۆمان”. سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو پشتڕاستی کردەوە کە ڕۆژی ئەو زەماوەندە بە دانستە و ئانقەست دیاری کراوە تا خۆشی و شاییەکەیان تێکەڵ بەو ڕۆژە بکەن و بەم جۆرە نرخ بۆ ڕۆژە نەتەوەییەکان دابنێن و هاوکات ببێتە خەباتێکی مەدەنی بەدژی داگیرکەران. پێویستە بگوترێت کە ڕژێم لەو ڕۆژە نەتەوەییانە دا هەموو شارەکانی کوردستان میلیتاریزە دەکات و ناهێڵێک کە خەڵک ئەو ڕۆژانە جەژن بگرن.

 وەک لە فیلمەکە دا دەردەکەوێت هونەرمەندان عەزیز شاڕوخ، محەممەد ماملێ، متەلیب ماملێ، جەعفەر ماملێ و چالاک ماملێ بە گوتنەوەی گۆرانی لەو ئاهەنگە دا بەشدار بوون.

دیمەنی هەرە سەرنجڕاکێش گۆڤەندگێڕان و سەرچۆپی کێشانی ماملێیە لەو زەماوەندە دا و بەو چەشنە شادی دەگێڕێت و بۆنەکە زیاتر گەرم‌وگوڕتر دەکات.    

 ئەم دیمەنانە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بینەرێکی زۆری هەبووە و بینەرانی ئەم فیلمە بە نووسینی کۆمێنت و دابەشکردی، کاردانەوەیەی باشیان پێشان داوە و چێژیان لێبینیوە.

[1] وەک دەگوترێ ماملێ ئەو گۆرانییەی لە شێوەی ئیهام بۆ  تێکۆشەرانی شۆڕشی ٤٦/٤٧ خوێندووە.

[2] میوانان ئەم ماڵپەڕە و هۆگرانی ماملێ ئاگادار دەکەینەوە کە لە ڕۆژەکانی داهاتوو دا پارچە هەڵبەستێک لە مامۆستا “خاڵەمین” بڵاو دەکەینەوە کە بەبۆنەی ئازادبوونی ماملێ لەو زیندانە هۆننیویەتەوە.   

[3] ٢٥ی گەلاوێژ لە مێژووی خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بەو ڕۆژە دەگوترێت کە ناوی ڕێکخراوی “کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد”(ژ.ک) بە سەرۆکایەتی حضرتی پێشەوا قازی محەممەد گۆڕدرا بە “حیزبی دیموکڕاتی کوردستان”. دەبێ بگوتری کە محەممەد ماملێ پێشمەرگەیەکی چەکبەدەستی کۆماری کوردستانی بووە و وەک ئەندامی ئەو حیزبە لە قۆناغەکانی جیاجیا دا تێکۆشاوە و پێوەندی خۆی درێژە پێداوە و لەسەریشی زیندانی و کۆت و بەند کراوە.   

بابەتی پێوەندیدار