Skip to content

دەرکەوتنی چەند وێنەیەکی نەبینراو لە ماملێ

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا لە لایان بەڕێز شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ چەند وێنەیەکی دەگمەن بڵاو کرانەوە کە لە ناوی دا هونەرمەند محەممەد ماملێ و هاوسەرەکەی ئامین خانم تێیان دا دەردەکەون.

هەروەها لەم وێنەیەدا کۆمەڵێک شۆڕشگێر و کەسایەتی ناوداری کوردی ڕۆژهەڵات و باشووریی کوردستان دیارن وەک شەهید تەحسین کاوانی، شەهید محەممەد حەلاق، کۆسرەت ڕەسوڵ، عەلی یاوەر، دوکتور عەلی و مریەم خانی هاوسەریان و …

ئەم وێنانە لە ڕێکەوتی ٢٧ی٦ی١٩٩٠ لە ناوچەی “دۆڵی ئافان”ی سەر بە شاری مەهاباد چرکێندراون. لەو ڕۆژە دا  پێشمەرگەیەکی باشووری کوردستان لە شاری مەهاباد زەماوەندێکی ساکار و پێشمەرگانە ساز دەکات و ماملێش کە هەردەم بە بیرێکی نەتەوەیی دەیڕوانییە پارچەکانی تری نیشتمان، بە دڵێکی خۆش و گەورەوە لەم زەماوەندە دا بەشداری کرد و بە چڕینی چەند گۆرانییەک لە خۆشی و شادی ئەم پێشمەرگانە  دا ڕۆڵی گێڕا و دڵیانی شاد کرد و بۆی کردن بە بیرەوەری. ماملێ و بنەماڵەکەی بەردەوام دەرگایان لەسەر گازەرەی پشت بوو تا برایانی باشوور هەست بە غەریبی نەکەن و بەم کارەش ڕۆحی نەتەوەیی لە ناو کورد دا گەشە پێبدات و ئەو بیرە بڕەو پێبدات کە کوردی هەموو پارچەکانی خۆیان بە خاوەنی پارچەکانی تری کوردستان بزانن.

ئەم هەڵس‌وکەوتەی ماملێ بێجیاوازی بیر و باوەڕ، هەموو لایەنەکانی دەگرتەوە و بەیەک چاو لە هەموویانی دەڕوانی و هەموویانی وەک یەک خۆشدەویست و بە ڕۆڵەی ئەو خاک و نیشتمانەی دەزانین.

یەک لە گەورەترین ئاواتەکانی ماملێ ئەو بوو کە ئەم ڕۆژە ببینێت تا بە ئازادی لە چوارچرای مەهاباد سواری پاس بێت و لە هەولێر و سلێمانی یا دهۆک و دیاربەکر دابەزێت.

بەو هیوایە ئەم ئاواتەی ماملێ بێتە دی و کورد یەکماڵ و یەکدڵ بگا بە ئاواتەکانی.

بابەتی پێوەندیدار