Skip to content

ماملێ، خۆی و گۆرانی و سەربوردەکەی

بیبینن، ماملێتان هیچکات ئاوا نەبینیوە، هەر دەڵێی ماڵئاواییمان لێدەکات نەک لە ئێمە بگرە، لە گشت ئەو بیرەوەرییانەی هەیبووە، لە گڕامافۆنەکەی، لە نەوارەکانی، لە ڕێلەکە، لە کتێبەکانی، لە گۆرانییەکانی، لە هەموومان.

ئەو فیلمەی دەیبینن ماملێ‌یە لە تەمەنی ٦٥ ساڵی دا، سەرەتاکانی نەخۆشی “ئاڵزهایمێر”ی پێوەی دیارە و وشەی لەبیر دەچێتەوە.

ماملێ خۆی گڕامافۆنێکی هەبوو کە هی پێش شەڕی دووهەمی جیهانی بوو. زۆری خۆش دەویست. هیچکەس هەترەی نەبوو بۆلای بچێت. نەک لەبەر ئەوەی شتێکی زۆر بەقیمەت بووبێت کە بیبەیە بازاڕ پارەیەکی زۆر بکات، نەخێر، ئەو گرامافۆنە بۆ ماملێ واتای مێژوویەک لە تاڵ و سوێری ژیانی هەبوو، واتایەک کە بەرامەی ئازیزترین کەسەکانی ناو ژیانی ماملیی لێدەهات، واتایەک  لە نەداری و بێکەسی و بێدەرەتانی ئەو بوو لە ڕۆژانێکی پڕ لە نەهامەتی. بۆ ماملێ ئەو گرامافۆنە تاقە پردێک بوو کە ئەوی بە ڕابردووی خۆی گرێدەدایەوە. زۆر شەو و ڕۆژان ماملێ لە ژووورەکەی خۆی دا گرامافۆنەکەی دەردەهێنا و بە دەسرەیەک باش خاوێنی دەکردەوە و قەوانێکی دەهاویشتە سەر و لە ناخی خەم و بیرەوەرییان دا ڕۆ دەچوو. چاوی پڕ دەبوو لە ئەسرین و چاویلکەکەی لە چاو دەردەهێنا و بەبەری دەستی فرمێسکەکانی دەسڕییەوە. زۆرجار بۆمان ببو پرسیار کە دەبێ ئەوە چ نهێنییەک بێت کە ماملێ ئاوا بەدوای خۆی دا ڕادەکێشێت؟ ئەوە کام زامە کە ماملێ حەز دەکات خۆی و گرامافۆن و قەوانەکانی بەتەنیا لە ژوورێک دا بن؟

ها لەو ڕۆژانە دا کە ماملێ وشەکانی ناو ئەو گۆرانییانەی خۆی لەبیر دەچوونەوە و ناچار لە ڕووی دەفتەر دەیخوێندنەوە، بەڵام بە خەڵوەتکردنی لەگەڵ ئەو ڕێلەیە، ئەسپە باشەکەی کاکە حوسێنی و ڕۆژە شوومەکانی لەدەستدانی یەک‌لەدوایەکەکانی باب و دوو برای لەبیر مابوو. ها ڕێک لەو کاتەدا ئەو ڕێلەیەی لەپێشێتی، بۆ ئەو بووەتە فیلمێک کە باس لە سەربوردەکانی دەکات و دەیباتەوە بۆ ئەو سەردەمەی هیوای بە ژیان زۆر بووە و بەسەر هەموو کۆسپ و چەڵەمەی ژیان دا زاڵ بووە.

دڵداری کردنی، کۆڕی هاواڵانی، ڕەشبەڵەکی بەدۆ، خەمی خاک و وەتەن، ژانی جەرگی بڕاو و بزەی هەموو هاونیشتمانیانی خۆی دەهاتەوە یاد.

بیبینن، ماملێتان هیچکات ئاوا نەبینیوە، هەر دەڵێی ماڵئاواییمان لێدەکات نەک لە ئێمە بگرە لە گشت ئەو بیرەوەرییانەی هەیبوو، لە گڕامافۆنەکەی، لە نەوارەکانی، لە ڕێلەکە، لە کتێبەکانی، لە گۆرانییەکانی لە هەموومان.

ئەوە ماملێ‌یە، خۆی و گۆرانی و سەربوردەکەی.

وریا ماملێ

بابەتی پێوەندیدار