Skip to content

دیاری شەوی چلە / یەلدا

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەم نین ئەو کەسانەی کە ژیانی دیلیی و ئازاری بن دەستیی ڕژێمی پاشایەتیان نەبینیبێت یا نەیبیستبێت. ئەو ڕژێمە گوشاری خستبوو سەر نەتەوەی کورد تا پێناسەی نەتەوەییان بگۆڕێت و شانازی بکەن بە ئێرانیبوونیان و شەرم بکەن لە کوردبوونی خۆیان. پاشی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٨٠ز جارێکی تر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرامی ئازادییان هەڵمژی و ڕۆح وەبەر تاک کورد هاتەوە. ئیتر لەو ماوە کەمەی دا کە کورد دەستەڵاتی ناوچەکانی خۆی بەدەستەوە بوو، کۆمەڵێک دەستکەوتی فەرهەنگی و هونەری و سیاسی دەستەبەر بوون کە گەڕانەوە بۆ دواوە لێیان محاڵ بوو. لەو نێوانە دا ئێزگەی ڕادیۆ تێلێڤیزیۆنی مەهاباد  کە ڕاستەوخۆ لەلایان پێشمەرگەی کوردستان و خەڵکی مەهابادەوە بەڕێوە دەبردرا، لە خزمەتکردن بە زمان و فەرهەنگی کوردی دا بێوچان تێدەکۆشا و بە کەمترین کەرەسەی بندەستیان زۆر کاریان کرد کە بوون بە بیرەوەری خەڵکانی ئەو سەردەم و تا ئێستاش بە تام چێژەوە باس لەو ڕۆژانە دەکرێنەوە. دیارە پاشی هێرشی ڕژێمی کوردکوژی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەواوی ئەو هەلانە لەکیس چوون و کورد کەوتە ژێر چەپۆکی ڕژێمێکی تر کە چ جیاوازییەکی نەبوو لەگەڵ ڕژێمی پاشایەتی و دیسان هەوڵیان دەدا کە کورد بێز لە ناسنامە و کولتوری خۆی بکات و ئیرانی‌بوون و ئیسلامی‌بوونی بەسەر کورد دا دەسەپێندرا. ئەو تۆمارە دەنگییەی کە دەیبیسن، بەرنامەیەکە کە شەوی یەلدای ساڵی ١٩٧٩ز، لە ئێزگەی ڕادیۆ تێلێڤیزیۆنی مەهاباد بڵاو کرایەوە. بەداخەوە ئەو سەردەم  وەک ئەمڕۆ نەبوو و کەس کەرەسەیەکی ئاوای لەبەر دەست دا نەبوو کە بتوانن ئەو بەرنامانە تۆمار بکەن و بۆ ئاڕشیوی کوردیان بپارێزن. تەنیا کەرەسەیەکی کە هەندێک ماڵی دەستڕۆیو لەبەردەست دا هەبوو (زەبت یا تەسجیل)ێک بوو کە  هەر کەسە و بەشێک لەو بەرنامەیەیان تۆمار کردبوو. ئێمە لە مەڵبەندی هونەریی ماملێ هەوڵمان داوە تا بتوانین هەندێک لەو بەرنامەیە لەم لا و لەولا  بدۆزینەوە و دەسەریەکیان بخەینەوە و لێرە بە بۆنەی شەوی یەلدا پێشکەشی ئێوە هونەردۆستانی بکەین. دیارە کە ئەو بەرنامەیە هەم لە قسەکردنەکانی دا و هەم لە گۆرانییەکانی دا کەمایەسی هەیە بۆیە، ڕایدەگەیێنین کە ئێمە تەنیا ئەوەندەمان لەو بەرنامەیە دەست کەوتووە و دواکارین کە هەرکەس بەشەکانی تری ئەو بەرنامەیەی لەلایە  ئێمەی لێ ئاگادار بکاتەوە تا بتوانین پێوەی زیاد بکەین. ئەو کەسانە لەو بەرنامەیە دا بەشدارن: ١- سەید ڕەحیم قوڕەیشی (پێشکەشکاری بەرنامە) ٢- محەممەد ماملێ ٣- عەزیز شاڕووخ ٤- مەلاحوسێن عەبدوڵازادە ٥- ڕەشید فەیزی نیژاد (سەرۆکی بەشی موزیک و ژەنیاری ڤیوڵۆن یا کەمان) ٦- محەممەد دانیش (ژەنیاری عود) ٧- بەهمەن مەتلوب (ژەنیاری تار) ٨- فاروق مەتین (ژەنیاری سەنتور) ٩- حوسێن ڕەهبەر (ژەنیاری تەپڵ/زەرب) ١٠- بیوک خانباغی (شانۆکار و قسەخۆش) ڕۆحی کۆچکروان شاد و تمەندرێژیش بۆ ئەو کەسانە ئاواتەخوازین کە لە ژیان دا ماون. پێویستە ئەوە بڵێین کە بەشێک لەو بەرنامەیە لە ئاڕشیوی کاک جەماڵ تەدەیون وەرگیراوە و بەشێک لە ئاڕشیوە ئیستێریۆ تەلایی و بەشێکیش لە ئینتێرنێت وەرگیراوە. شەوی یەلداتان خۆش و ژیانتان ڕۆژی گەش مەڵبەندی هونەریی ماملێ

بابەتی پێوەندیدار