Skip to content

له‌ یادی ماملێ‌ی ئازیزدا – بابەکر دڕەیی

نووسینی: بابه‌كر دڕه‌یی

محه‌مه‌دی ماملێ بۆ گه‌لی ئێمه‌ ئاماژه‌ و ره‌مزه‌ بۆ زۆر شت. ئه‌و له‌یه‌ک کاتدا هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک واتایه‌، واتای قوڵ و کاریگه‌ر.
ئه‌و له‌یه‌ک کاتدا سیمبوڵه‌ بۆ شۆڕش، بۆ عشق، بۆ په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی و بۆ شێوازێک له‌ مۆراڵی خێزانی و په‌روه‌رده‌یی .
مامۆستا محه‌مه‌دی ماملێ هه‌م خۆی و هه‌م بنه‌ماڵه‌که‌ی خوازیاری سه‌ربه‌ستی و ئازادی کورد و کوردستان بون. ئه‌م خواسته‌ له‌زۆرشتدا خۆی نواندووه‌ و له‌زۆر دیارده‌دا ده‌رکه‌وتوه‌، ڕه‌نگه‌ دیارترینیان به‌شداری کوره‌کانی ماملێ بێ له‌شۆڕشدا، به‌ڵام به‌ده‌ر له‌وه‌ش نزیکی ماملێ له‌ هێمن و شاعیره‌ ناوداره‌کانی موکریانه‌وه‌ و وتنه‌وه‌ی شیعره‌ نیشتیمانییه‌کان ده‌ریده‌خات که‌ ماملێ هه‌میشه‌ به‌شێکی دڵی لای سه‌ربه‌ستی و به‌واتایه‌کی تر لای سیاسه‌ت و به‌ره‌نگاری بووه‌. بێگومان شه‌هیدبونی(نه‌جات)ی جگه‌ر گۆشه‌ی ماملێ ئیتر نه‌ک ماملێ به‌ڵکو کۆی ئاقار و ئاڕاسته‌ی بنه‌ماڵه‌که‌یان بۆ گه‌لی کورد روون ده‌کاته‌وه‌.
عیشق بۆ ماملێ و زۆرینه‌ی هونه‌رمه‌ندان به‌ردی بناغه‌یه‌. ماملێ به‌ده‌نگێکی ره‌سه‌ن و به‌هه‌ستێکی بێ وێنه‌ و پڕ له‌هێز و تواناوه‌، به‌هه‌وڵێکی بێ وچان بۆ گه‌یاندنی ئه‌م وزه‌یه‌ به‌خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی، بۆته‌ یه‌كێك له‌ گۆرانیبێژو هونه‌رمه‌نده‌ ناوازه‌کانمان که‌ هه‌رگیز جێگه‌ی پڕنابێته‌وه‌.
یه‌كێك له‌ دنیابینیه‌ جوانه‌كانى ماملێ، کاریگه‌ری موزیکی ئازه‌ری بوو له‌سه‌رى، كه‌ تیمه‌كه‌ى به‌هه‌مان ئامێرو ڕیتم و ده‌نگ ئاوازه‌کانیان پێشکه‌ش ده‌کردو ئه‌م ئاوێته‌بوونه‌ی هونه‌ر له‌نێوان دووگه‌لیشدا بۆته‌ مایه‌ی جوانی و هێزێکی زۆری به‌خشیوه‌ به‌هونه‌ری ماملێ و له‌نێو هونه‌رمه‌ندان و گۆرانیبێژانی کورد، تاقانه‌یان کردۆته‌وه‌.
پێش مامۆستا ماملێ، ڕچه‌شکێنی سه‌ره‌کی بۆ موتوربه‌کردنی هونه‌ری گۆرانی کوردی و ئازه‌ری حه‌سه‌ن زیره‌که‌،كه‌ به‌شێک له‌گۆرانی و ئاوازه‌کانی له‌گه‌لانی ده‌وروبه‌ره‌وه‌ وه‌رگرتوه‌، به‌جۆرێک که‌ته‌نها شاره‌زایان ده‌توانن بیانناسنه‌وه‌، به‌ڵام ماملێی نه‌مر له‌ژێر کاریگه‌ری کۆمه‌ڵێک هۆکاری جیاوازی کولتورو کۆمه‌ڵایه‌تی دا زیاترله‌زیره‌ک ئه‌م تێکه‌ڵبون و ئاوێته‌بونه‌ی په‌ره‌پێداو هونه‌ری کوردی فراوانترو گه‌شه‌دار تر کرد.
که‌سایه‌تی ماملێش بۆهه‌موان ڕونه‌، ئه‌و کۆی ژیانی له‌نێوخه‌ڵکدابوو، هه‌مو که‌سێ ده‌یتوانی سه‌ردانی بکات و بیبینێ، په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و بریتی بو له‌په‌یوه‌ندی و عیشقێک که‌له‌سه‌ره‌تای ژیانیه‌وه‌ بۆگه‌له‌که‌ی و تاک تاکی ئینسانه‌کان هه‌یبو.
*به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی رۆشنبیرى و هونه‌رى سلێمانى
بابەکر دڕەیی
٢٣/١/٢٠١٩

بابەتی پێوەندیدار