Skip to content

لە یادی کۆچی مامۆستا محەمەد ماملێ – هیدایەت جان

نووسینی: هیدایەت جان
بە درێژایی مێژووی خەبات لە کوردستانی رۆژهەڵات، هونەر هەمیشە لە سەنگەرەکانی هەرە پێشەوەی ئەو شۆڕشەدا بووە، هەندێک جار ئەگەر خەباتی سیاسیی بەهەر هۆیەکەوە پاشەکشێی کردبێت، بەڵام هونەری بەرگری هەمیشە نەک سەنگەرەکانی بەرگری چۆڵ نەکردووە، بگرە بەردەوام رووەو پێشەوە هەنگاوی ناوە.
مامۆستا محەمەدی ماملێ یەک لەو خەباتکارانەی هونەری کوردی بووە کە بە درێژایی تەمەنی بۆ چرکەیەکیش سەنگەری بەرگریکردن لە نیشتیمان و نەتەوەکەی چۆڵ نەکرد و بوو بە قوتابخانەیەک بۆ پەروەردەکردنی شۆڕشگێڕانی بواری هونەر.
لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و پەڕاوێز خستنی کورد لەلایەن ناواندەوە، ناهومێدی باڵی بەسەر زۆربەی پاژەکانی ژیانی ئەو نیشتیمانەدا کێشا، بەڵام دەنگێک لە قوڵایی کوردبوونەوە لە چریکە نەکەوت، دەنگێک لە چەشنی شۆڕش و هەستانەوە، ئەو وەبیر هەموو تاکێکی دەهێناوە لە توێی ناخی شەڵاڵبوویدا هیوایەک بۆ هەڵگیرسانەوە، تروسکاییەک بۆ غروری کوردبوون، لە سەرەتای بونمانەوە لەناخی هەموو تاکێکماندا هەڵگیراوە و بە دەنگە پڕ لە شانازییەکەی، بەرگێکی مەعریفی بە بەر ئەو هەستەماندا دەکرد.
ماملێ تێکەڵەیەک لە رۆحی یاخیبووی خانی و لاوێچیک لە سۆفیگەری وەفایی و مشتێک لە خاکەڕایی پێشەوای تێکەڵ بە تۆمارێک لە شانازییەکانی ئەردەڵان و تاقوەسان کردبوو و لە موکریان مانیفێستی یەکبوون و کوردبوونی بەرجەستە دەکردەوە.

بابەتی پێوەندیدار