Skip to content

پێویستیمان بە “یەک” ماملێ هەیە – نەجم محەمەد

(لە ساڵیادی کۆچی ماملێ دا)
ماملێ هونەرمەندێکی گەورە و ناودارە و خاوەن چەندین شاکاری هونەرییە و بۆخۆی گەنجینەیەکی گەورەی گۆرانی کوردیە و خزمەتێکی گەورەی کردووە بە هونەری گۆرانی و مۆزیکی کوردی.
من پێم وایە ماملی داهێنەرە و هونەرمەندێکە کە هەرگیزاوهەرگیز لە شێوەی ئەو دووبارە و دروست نابێتەوە و هیچ کەسێکیش ناتوانێ جێگەی ئەو بگرێتەوە.
ماملێ “یەک” ماملێ‌یە و نابێت بە “دوان” و “دە” و”سەد” و هەموو مێژووی هونەری گۆرانی و مۆزیکی کوردی
“یەک” ماملێ‌ی تێدایە و پێویستی بە “یەک” ماملێ‌یە.
ماملێ لە مێژووی ئێمەدا قوتابخانەیە، کاریزمایە، ستایلە، ئەمەش لە مێژوودا جێکەوتەیە و تۆمارکراوە و هیچ کەسێکی تر ناتوانێت ببیتە خاوەن ئەو مێژوو و کاریزمایە و ببیتە خاوەن ئەو دەنگ و ڕەنگ و سەبک و سەنگە… خودی ماملێ خۆی نەبێ.
دیارە زۆرن ئەوانەی لە ڕیز و خۆشەویستییەوە لاسایی هونەری ماملێ دەکەنەوە، من ڕێزم هەیە بۆیان. هەندێکیان باش لاسایی دەکەنەوە هەندێکیان خراپ لاسایی دەکەنەوە و هەندێکی تریان زۆر بەداخەوە هونەرەکەیان شێواندوە، هەندێ لەشاکارەکانی ماملێ‌یان دەسکاری کردووە، لاوازیان کردووە کە ماملێ زۆر رەنج و ماندووبوون و ناڕەحەتی کێشاوە لەداهێنان و بەرهەم هێنانیاندا.
من ئەمەیانم بەلاوە تاوانێکی هونەریە کە دەست بەریت بۆشێواندنی شاکاری ماملێ کە لەمێژوو و یاد و خاتراتی ئێمەدا جێگەی جوانی خۆی گرتوە، تاوانە بشێوێنرێت.
لەکۆتایدا من پێم وایە لاساییکردنەوە بەهرەیە نەک هونەر، بەهرەیە نەک داهێنان چونکە، داهێنان خوڵقاندنی جوانیەکە کە لەجوانیەکانی تر نەچێ، داهێنان خوڵقاندنی شتێکە پێشتر لەشێوەی نەبوبێ. ماملێ هونەری دەکرد و داهێنەر بوو. تکایە چیتر بە لاسایکردنەوەی خراپ هونەر و داهێنانە جوانەکانی ماملێ مەشێوێنن. دوای هونەرێ بکەون کە خۆتان خاوەن و داهێنەری بن نەک هونەرمەندانی ترخاوەن وداهینەری بن.|
نەجم محەممەد
سلێمانی
21/01/2019

بابەتی پێوەندیدار