Skip to content

بۆ یادی مامۆستا محەممەدی ماملێی نەمر

بۆ ئەوەی بە هەڵەدا نەڕۆین و دەرئەنجامێک باش لە شیکردنەوەی هەر باسێک دا دەست بخەین، پێویستە بۆ باسکردن لە هەر ڕووداوێکی کۆن کە کاتی بەسەر دا چووە، بگەڕیینەوە هەمان ڕۆژ و هەمان دۆخ کە ئەوسا هەیبووە. ئێمە ناتوانین باسی شۆڕشی شێخ مەحمودی نەمر بکەین و گلەییمان هەبێت و بڵێین: بۆ شێخ مەحمودی نەمر  ڕاستەوخۆ بە سکایپ پێوەندی بە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیان نەکرد؟ ئاخر ئەو سەردەم خۆ ئینتێرنێت نەبوو تا سکایپ هەبێ!

ناتوانین گلەیی لە شێخ مەحمودی نەمر بکەین کە بۆ لە فرۆکەخانەی سلێمانی ڕا فڕۆکەکانی دەحەوا نەکرد تا بەگژ ئەو فڕۆکە جەنگییانەدا بچنەوە کاتێک کە هاتن سلێمانییان بۆمباران کرد. ئاخر نە سلێمانی فرۆکەخانەی هەبوو نە شێخ فرۆکە!

لێرەدایە کە دەبێ کاتێک گلەیی و گازندە دەگرین باشتر وایە خوێندنەوەمان بۆ باسەکە لەسەر ئەساسی ئەو دۆخە بێت کە ڕووداوەکە تێیدا ڕوویداوە دەنا گلەییەکە جێ ناگرێ و بە هەڵەدا دەڕۆین.

سەبارەت بەو ڕەخنانە کە لە ماملێش دەگیرێت کە هەندێک گۆرانی ئازەری کورداندووە دەبێ بە هەمان شێوەی نمونەکەی شێخ مەحمودی نەمر کە لەبان باسم کرد، خوێندنەوە بۆ باسەکە بکەین. دەبێ بزانین ئاخۆ ماملێ چەند ئاواز دانەری هەبووە؟ چەند موزیکژەنی ئاکادێمی لە دەورە بووە؟ چەند شاعیری تایبەت بە تێکستی گۆرانی هاوکاری بوون؟ چەند دەزگای ڕاگەیاندن پشتیوانییان لێکردووە؟ کام وەزارەتی ڕۆشنبیری هانیان داوە؟ کام سەرچاوەی دارایی لە پشتی بووە؟ بەڵێ گەر ماملێ ئەو هەلانەی لەبەر دەست دا بووە و کەڵکی لێوەرنەگرتووە ئەوە گلەییەکە جێدەگرێ دەنا ئەو گلەییانە وەک حوبابێکی هەوا وایە کە چەند مترێک زیاتر بڕ ناکات و پوچ دەبیتەوە.

ماملێ بە دەستی بەتاڵ، بەبێ ژەنیارێکی شارەزا (ئەوسا لە هەموو موکریان دوو ژەنیارت نەدەدۆزییەوە) بەبێ هیچ کەرەسەیەکی سەردەمییانە خەباتی هونەری خۆی دەست پێکرد  و درێژەی پێدا. لەو ڕێگایە دا بۆ پاراستنی وشەی کوردی کە بەردەوام لەلایان دەستەڵاتەوە لە مەترسی فەوتاندا بوو ، لە هەر دەرگایەکی داوە. تەنانەت کەڵکی لە مێلۆدی بێگانەش وەرگرتووە کە ئەوکات ئەو کارە لە دۆخی خۆی دا نەک هیچ جێی گلەیی نییە بگرە ژیرانەترین کار بووە بۆ پاراستنی زمانی کوردی و گۆرانی کوردی. ئەوە لە حاڵێک دایە بە هۆی ئەو بەڵگانەی لەبەردەست دان، ئەوە بەردەوام داگیرکاران و گەلانی باڵادەست بوون کە مێلۆدی ناوچە جیاجیاکانی کوردستانیان دزیوە و کردوویانە بە مڵکی خۆیان.  وەک چۆن مامۆستا عەباس کەمەندی و مامۆستا ناسر ڕەزازی ئاماژەی پێدەدەن، زۆربەی ئەو گۆرانییانەی کە ئێمە پێمان وایە ئازەرین ، بە ڕەچەڵەک کوردی بوون و ماملێ ژیرانە ئەو گۆرانییانەی گێڕاوەتەوە سەر کوردی.

گەلی فارس تا پێش دەستەڵاتی ڕەزاشای کوڕ، کڵۆڵترین نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون لە ئاست هونەری موزیک و گۆرانی. لە سێبەری چەند هونەرمەندێکی ئەرمەنی وەک “ویگن” کە زۆربەی گۆرانییەکانی ئەرمەنی کردە فارسی و زۆر مێلۆدی تاجیکی و ئەفغانی کە هونەرمەندانی فارس، فارساندیان، گەشەیان بە هونەری خۆیان دا. ئیتر بۆ دەبی بۆ ئەوان ئەو کارە ئاسایی بێت و بۆ کورد و ماملێ و زیرەک نائاسایی؟ بەڵێ ئەو کارە ئێستا کە هەموو چەشنە کەرەسەیەکی هونەری لە دونیای مۆدێڕن دا  کە لەبەردەست دایە و هونەرمەندی ئاکادێمیست و خاوەن ئەزموون خۆ لە هەزاران دەدەن و وەزارەتی ڕۆشنبیری کوردیمان هەیە کە دەتوانێ ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ گەشەی فەرهەنگی و هونەری، دەستبردن بۆ بۆ مێلۆدی بێگانە نەک ئاسایی نییە بگرە عەیبیشە و ڕووخساری هونەریی کوردی دەشێوێنێت.

لە ڕۆژانێکا ماملێی نەمر توانی گۆرانی کوردی بپارێزێت لە لەناوچوون کە دووژمنان هەموو هەوڵ و تواناکانیان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کورد بوو بۆیە، دەبێت هەموو کورد شانازیی بە ماملێ‌وە بکەن. ماملێ نەبوایە دووژمنان گۆرانی و موزیکی کوردییان دەسڕییەوە بۆیە بە شەوئاهەنگ ودانیشتنەکان گۆرانی و موزیکی کوردی پاراست. ئەمەش جێگای ڕێز و پێزانینە بۆخۆیی و بۆ بنەماڵە سەربەرزەکەی.

ئاواز و گۆرانییەکانی لە هزری تاکی کورددا دەمێنێتەوە و  نەوە بەدوای نەوەدا دەێڵێنەوە. ئەمە هونەری ڕەسەن کوردە و هێنانەوەی ئەوئاوازە کوردییانەی کە دووژمنانی کورد دزیویانە و کوردویانە بە سەرچاوە بۆخویان  بە بەرگێکی کوردی ماملێی نەمر کردویەتیەوە سەر ڕێچکەی خۆی، ئەمەیە هەڵوێستی کوردانە و نیشتیمان پەروەرانە.

ماملێ  بە ئاواز و گۆرانیەکانی توانی میللەتی کورد ئاشنا بکا بە ڕەسەنایەتی و پاراستنی کولتور و ئەدەبیات بۆیە، هەمیشە بەنەمری دەمێنێتەوە.

دووبارە سڵاو لەگیانی پاکی ماملێ
زانا مەحمود عوسمان
٢٣/١/٢٠١٩

بابەتی پێوەندیدار