Skip to content

ئەو کەسانەی گلۆپن بۆ کۆمەڵگا – سەعید محەممەدی

کاتێک سەیری مێدیاکان دەکەم بە دڵ گەش دەبمەوە کە دەبینم کۆمەڵێک لاوی خوێنگەرم پێگەیشتوون و بە ئەوین و زەوقەوە سەرقاڵن تا لە ڕێگای هونەرەوە بتوانن خزمەتێک بە هونەری نەتەوەی خۆیان بکەن. وا دەبینی کە ڕادەی ئەو هونەرمەندانەی ڕێبازی هونەری دەگرنە بەر لەچاو ساڵانی پێشوو ڕوویان لە زیادبوون دایە و شێلگیرانەتر و دڵسۆزانەتر بەرەو لوتکەی هونەر هەنگاو دەنێن و شۆڕشێکی هونەری گەورە بەڕیوە دەبەن کە پێویستییەکی هەرە زەقی کۆمەڵگای داخراو و تا ڕادەیەک دواکەوتووی کوردەوارییە.
ئەو ڕادەیە لە ڕێبوارانی هونەر بە یەکشەوە زیادی نەکردووە و دەبێ هۆکارێک لە فەرهەنگ و تێڕوانینی کۆمەڵگادا ڕووی دابێت کە دەرگای ماڵەکان بەرەو هونەر لەسەر گازی پشتە. گومان لەوە دا نییە کە کارتێکەری هونەرمەندانی وەچەی پێشوومان لەسەر جیلی ئێستا دیار و بەرچاوە. ئەو هونەرمەندە کۆنانەمان وەها شۆڕشێکی فەرهەنگییان کردووە کە ئەمڕۆکە هونەر و گۆرانی بووەتە مەتەرێزێکی بەهێز دژی تاریکپەرستی و فەرهەنگی کۆنەپەرستی.
زۆر جاران بینەری مێدیای کوردی دەبم و گوێبیسی چاوپێکەوتنی زۆربەی ئەو لاوە هونەرمەندانە دەبم کە ناویان دەرکردووە و خۆیان بوون یان دەیانهەوێ ببن بە کەسایەتییەکی هونەری. زۆربەیان لە وتوێژەکانیان دا لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئاخۆ هێمای هونەریتان کییە یا کام لە هونەرمەندان بوون بە هاندەری مشووری هونەریتان؟ بە بێ دوودڵی لە وەڵام دا گەر نەڵێن کەسی یەکەم بە دڵنیاییەوە کەسی دووهەمیان ناوی محەممەد ماملێ دێنن کە لەسەر دەنگ و گۆرانییەکانی ئەو دەستیان کردووە بە کاری هونەری. ئەوە هەمان ئەو شۆڕشە فەرهەنگییەیە کە لەبان باسم لێکرد کە هونەرمەندانی جیلی پێشوومان وەک کاک محەمەد ماملێ بەرپایان کردووە و ئەمڕۆکە میللەتەکەمان بەری لێدەخۆن و هەزاران لاوی ئەو نیشتمانە ڕێچکەیان دەگرن و لاسایان دەکەنەوە.
بەڵێ ماملێ چەشنی گڵۆپێک لە تاریکستانی کۆمەڵگای خۆی دا داگیرساوە و لە گەشە دایە.
هیوادارم کۆمەڵگامان ببێتە ئەو گلۆپە داگیرساوە کە هەرگیز نەکوژیتەوە و هەموو کون و کەلەبەری وڵاتمان ڕووناک بکات.
یادی ماملێ هەر بەخێر و ڕێگای پڕڕێبوار
سەعید محەممەدی
ڤەنکۆڤێر – کانادا
٢٥/١/٢٠١٩

بابەتی پێوەندیدار