Skip to content

بێشکەی بیرەوەرییەکی هەتا هەتایی

ئێوارە پاییزێک تازە کەواپاتۆڵە قاوەییەکەم کە  لەکن قەلەندەری بە دروون دابوو و لە بەرم کرد و خۆم بە عەتری وانمانشۆ شورد و بەرەو شەقامی شاپوور وەڕێ کەوتم..

دەبوو کاتژمێر 5ی ئێوارەش خۆم گەیاندباوە بۆ ماڵ، ئاخر کاتی ڕادۆ دەنگی کوردستان بوو نەدەکرا کاتی ڕادۆ دەنگی کوردستان لە ماڵ نەبام..

لە ناو جەرگەی شار، لە شەقامی شاپوور، چاوم بە کەسێک کەوت کە هەر لە شریت فرۆشەکەی تەلایی مەهاباد وێنەکەیم دیتبوو، زۆری تێڕامام… لەگەڵ چەند گەورە پیاوێکی سابڵاغ ڕاوەستابوو و بە هێمنی چاوی لە خەڵکی سەر شەقامەکە دەکرد..

دوودڵ بوو ئەوە هەر ئەو هونەرمەندەیە کە وێنەکەییم دیوە یان نا؟

رۆیشتمە کنی، سڵاوم کرد و توند دەستەکانیم گوشی و هەر چاوی لێدەکردم، دانیشت و بە دەم بزەیەکەوە فەرمووی بۆ وام چاو لێدەکەی؟

کوتم لە شریت فرۆشی تەلایی وێنەیەکم دیتووە هی کاک محەممەد ماملێ، جا نازانم هەوی یان نا.

ماچی کردم و کوتی بەڵێ کاک محەممەدەکەی تۆم..
لە خۆبایی بووم و پێم وابوو هیچ منداڵێک هێندی من کاک محەممەدی خۆش ناوێ و هیچ منداڵێکیش وەک من نەیتوانیوە ئاوا لە نزیکەوە ئەو مامۆستا مەزنە ببینێ..

پێشتر لە ماڵە مامە “مەحموود ئازەرپوور”م، گوێم لە گۆرانیەکانی ببوو و جار جاریش بە دزی گوێم لە سروودی ئەی ڕەقیب ببوو کە کاک محەممەد ماملێ وتبوویەوە.

کوتم کاک محەممەد قسەیەک بە گوێت دەڵێم!
بێ یەک و دوو دەستی لە ئەستۆ کردم و ئەمنیش پێم وت سرودی ئەی ڕەقیب کە چڕیوتەوە بۆم بڵێ..
هەر ئەو کات ماڵاوایی لە هاوڕێیانی کرد و دەستی گرتم و بۆ لای چواڕای مەولەوی وەڕێ کەوت.

کات دەهات و  درەنگتر دەبوو و ئەمنیش لە خۆشی مامۆستا ماملێ ئارام و قەرارم لێ هەڵگیرابوو..

گەیشتینە چواڕای مەولەوی و بۆ لای دەنگ و ڕەنگی مەهاباد ڕۆیشتین و چووینە ماڵێکی زۆر خۆش.. لە دیوەخان داینیشاندم و پاش چەند چرکە مامۆستا شریتێکی کڕۆن داری بۆ هێنام و بە دیاری دایمێ و فەرمووی لەگەڵ مامە مەحموودت و بابت و بنەماڵەت گوێی لێڕاگرە..
پاشان سرودی ئەی ڕەقیبی بە دەنگی خۆی بۆ وتمەوە و پاشان هەتا بن دەرکی ماڵە خۆمان کە لە وەفایی بووین، لەگەڵم هاتەوە…

ئەو بیرە بەرزە بوو بە بێشکەیی بیرەوەرییەکی هەتاهەتایی کە نە قەت سرودی ئەر ڕەقیبم لە بیر بچێت و نە قەتیش خووی بەرزی ئەو مامۆستا نەمرە.

مامۆستا گیان درۆیە دەلێن تۆ مردوو، نا تۆ لە ناو دڵی سەدان هەزار کەسی وەک من دای.

رێباز ئازەرپوور

بابەتی پێوەندیدار