Skip to content

ڕاپۆڕتی بەڕیوەچوونی مەراسیمی خەڵاتی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠١٩ (حوسێن سەفامەنێش)

ڕاپۆڕتی: سەید مەسعود سەعیدی
هەر وەک ئاگادار کرانەوە، مەڵبەندی هونەریی ماملێ هونەرمەند حوسێن سەفامەنێشی وەک هونەرمەندی ساڵ هەڵبژارد و خەڵاتی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠١٩ی ئەو مەڵبەندەی پێشکەشی بەڕێزیان کرد.

ئەو مەڵبەندە وەک نەریتی ساڵانەی خۆی هەوڵ دەدات تا لەکۆی مەراسیمێکی شایان دا ڕێز لە هونەرمەندی ساڵ بگرێت. بە مەبستی ڕێزگرتن لەو هونەرمەندە مەڵبەند بانگهێشتی بەڕێزیانی کرد تا لە مەهاباد، زێدی ماملێ ئەو بۆنەیە بەڕێوە بچێت. بەیانی ڕۆژی چوارشەممۆ ڕێکەوتی ٣ی ڕێبەندانی ٢٠١٩ کاتژمێر ١٠:٣٠ بەیانی وەک وەفایەک بۆ محەممەد ماملێ هاوڕێ لەگەڵ چەند ئەندامێکی بنەماڵەی ماملێ  هونەرمەند سەفامەنێش چەپکە گوڵی خۆشەویستی لەسەر مەزاری ماملێ دانا و بە خوێندنی چەند گۆرانییەکی ماملێ هەست و سۆای خۆی بۆ ماملێ دەربڕی.
ئێوارەی ئەو ڕۆژە کاتژمێر ٢٠:٣٠  لەلایان مەڵبەندی هونەریی ماملێ، بە بۆنەی بیستەمین ساڵوەگەڕی کۆچیدوایی ھونەرمەند محەممەد ماملێ و بە بەشداری کۆمەڵێک لە عاشقانی ماملێ و بنەماڵەی ئەو هونەرمەندە،  لە ھۆڵی ڕووباری شاری مەھاباد، خەڵاتی زێڕینی ماملێ بۆساڵی ٢٠١٩ لە لایەن ئەو مەڵبەندە پێشکەشی ھونەرمەندی نیشتمانپەروەر حوسێن سەفامەنێش کرا.

سەرەتا پێشکەشکاری بەرنامەکە بەڕێز پەیام حیسامی بەخێرهاتنی میوانانی کرد و بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی مامۆستا محەممەد ماملێ و ھەروەھا بۆ یادێک لە شێخی تازە کۆچ کردوو خوالێخۆشبوو شێخ فاڕوق گەیلانی زادە کە ماملێ خۆی دۆست و وەفادارێکی ڕێبازی شەمزینان دەزانی، خوولەکێک بێ دەنگێ ڕاگەیندرا.

پاشان ھونەرمەند کاک عەبدوڵڵا ماملێ بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی ماملێ بەخێرھاتنی میوانانی کرد.

 لە درێژەدا شێوەی کار و ئامانج و بەرنامەکانی مەڵبەندی ھونەری ماملێ لە کورتە فیلمێک بڵاو کرایەوە.

ئەمجار لە لایەن پێشکەشکاری بەرنامە پەیامی مەڵبەندی ھونەریی ماملێ خوێندرایە.

سەید ئیسماعیل شاھۆیی ، یای  ئامینە سۆنبولی، یای خاقان قادری، ناسر ئاغا برا،  بە خوێندنەوەی شێعر یادی شەنگەسواری گۆڕەپانی مۆسیقا و ئاوازیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت. 

لە درێژە دا کەریم سۆفی مەولوودی (تینوو مەھابادی) وتارێکی پەیوەندیداری بە ژیانی مامۆستا ماملێ و ھونەرەکەی پێشکەشی میوانان کرد. پاشان هەر یەکە کاک عەبدوڵڵا ماملێ ، کاک ئیبڕاھیم قادری و کاک حوسێن سەفامەنێش بە هاوکاری هونەرمەندانی ژەنیار پەیمان فەیزیابی، بەختیار ماملێ، جەلال ڕەحیمی و موحسین کەڕامەت کۆڕەکەیان بە خوێندنەوەی چەند گۆرانیەکی خۆش ڕازاندەوە.

  لە کۆتایی بەرنامە، خەڵاتی زێڕینی ٢٠١٩ ی مەڵبەندی ھونەریی ماملێ لە لایەن دکتور جەعفەر ئەبریشەمی بە نوێنەرایەتی لە لایەن ئەندامانی ئەم مەڵبەندە و ھەروەھا بە نوێنەرایەتی خەڵکی مەھاباد پێشکەشی ھونەرمەند حوسێن سەفامەنێش کرد. هەروەها لەلایان مامۆستا قاسم موئەیەدزادە لەوحەی ڕێزلێنانی مەڵبەندی هونەریی ماملێ پێشکەش بەو هونەرمەندە دەنگخۆشە  کرا.

ئینجا ھونەرمەند سەفامەنێش لە وتارێک دا وێڕای بەرز ڕاگرتنی یادی مامۆستا ماملێ و دەستخۆشی لە خەڵکی شاری مەھاباد، ڕایگەیاند:
لەمەولا من ئەرکێکی قورسی ھونەریم کەوتە سەر شان ، چوون بەر لە من ناودارانی تر بەم خەڵاتە گەیشتوون، ھەر بۆیەش دەبێ بۆ خزمەت بە مۆسیقا و ئاواز و زمان و فەرھەنگ تێکۆشانێکی بەرچاوترم ھەبێت.

شایانی باسە لە پەراوێزی ئەم بەرنامەیە ، بەشداربووان لە سەر ئەم بابەتە دەدوان کە ھەڵبژاردنی ھونەرمەند سەفامەنێش نیشان دا کە بەرپرسانی ئەم مەڵبەندە بێ جییاوازی ناوچەی و زاراوەیی و تەنیا لە سەر تێکۆشانی ھونەری ھونەرمەندانی بواری مۆسیقا و ئاواز ، لە ساڵانی پێشووش بەرەندەبووانیان دەست نیشان کردووە.
لێرەدا چەند وێنەیەکی ئەو مەراسیمەتان پێشکەش دەکەین و بەردەوام  بە وێنە و فیلم ئەو بابەتە تازە دەکەینەوە.

بابەتی پێوەندیدار