Skip to content

بنکەی ڕۆشنبیری “ماڵی ماملێ” لە قەڵادزێ بەردەوامە.

ماوەیەک پێش بەڕێوبەرانی بنکەی فەرهەنگی و کلتووری “ماڵی ماملێ” لە شارە جوانەکەی قەڵادزێ بەهۆی کێشەی داراییەوە بڕیاریان دا دەرگای ئەو بنکەیە دابخەن کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو دا ببو بە شوێنی دەیان چالاکی فەرهەنگی و هونەری ئەو دەڤەرە، بە چەشنێک کە چالاکییەکانیان ببو جێی ڕێز و سەرنجی جەماوەری ڕووناکبیر و هونەردۆستی ئەو شارە.

ئەم بڕیارە کۆمەڵێک کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و خەڵکانی دڵسۆز و هونەردۆست و ماملێ‌خۆشەویست بەهانای گرفتەکانی ئەو بنکەیە هاتن و نەیانهێشت دەرگای ئەو ماڵە گەرم و گوڕە دابخرێت. لە دوایین کاردانەوە بەڕێز پارێزگاری سلێمانی بڕیاری داوە بەهۆی پێگەی قائیم و کۆمەڵایەتی ئەم بنکەیە تا چارەسەرکردنی ڕێشەیی کێشەکانی ئەم ناوەندە، مانگانە کرێی بینای ئەم سەنتەرە دابین بکات.

ماڵی ماملێ لە پێگەی فەرمی خۆیان دا لە فەیسبووک بەم شێوەیە لە داهاتووی خۆیان دەدوێن:

ماڵی ماملێ ماڵی ھەمووان
ماڵی ماملێ بەردەوام دەبێت:
دوای ئەوەی ئێمە وەک ستافی بەڕێوەبردنی ماڵی ماملێ بەهۆی کەم توانای ماددی و قەیرانی داراییەوە بڕیارماندابوو کە ماڵی ماملێ دابخەین و کۆتایی بەکار و چالاکیەکانمان بهێنین ، بەڵام خۆشبەختانە کۆمەڵێک کەسایەتی دڵسۆز و خەمخۆر ، هەوڵەکانیان خستە گەڕ و ڕێگەیان نەدا ماڵەکە دابخرێت و بەڵێنیان پێداین لە هەوڵی بەردەوامدا بن بۆ مانەوەی ماڵەکە و بەردەوامیدان بە کارو چالاکیە ئەدەبی و ڕۆشنبیریەکان لە شارەکەماندا.

لێرەوە سوپاسی یەکەبەیەکەیان دەکەین، ئەم هاوکاریەی ئەوان بەرز دەنرخێنین و هیوادارین بتوانین ئێمەش لەئاست گەورەیی و دڵسۆزیی ئەوان دابین، بەپێویستی دەزانین لێرە ناوی ئەوانە بهێنین وەک ڕێزێک بو هاوکاریەکانیان کە لەم بەڕێزانەی خوارەوە پێک هاتون:

١- (دکتۆر هەڤاڵ ابوبکر) پارێزگاری سلێمانی کە لەڕێگای بەڕێزان (کاک بکر بایز )جێنشینی پشدەر و (کاک هاوسەر وشیار) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیەوە دیاری خۆی گەیاندە ماڵەکە و پشتیوانی ھەمیشەیان دووپات کردەوە .
٢-(کاک ئارام محمد) سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ.کە دوای بیستنی ھەواڵەکە خۆی ھاتە ماڵەکەو وتی کە دەبێت ئەو ماڵە بمێنێت و ئێمەش چی بخەنە سەرشانمان بە ئەرکی خۆمانی ئەزانین .
٣-(کاک جوتیاری حاجی چاوشین) ناسراو بە جوتیار قەڵادزەیی
دوبارە سوپاسی بێ پایانمان بۆ یەکە بە یەکەیان
کە وەک نمونەی کەسانی دڵسۆز و خەمخۆر دەرگای ماڵەکەیان بە کراوەی بەرووی ھاوشاریاندا ھێشتەوە..
ستافی بەڕێوەبردنی ماڵی ماملێ

بابەتی پێوەندیدار