Skip to content

ئێرە مەهابادە – ڕەسوڵ سوڵتانی

ئێرە مەهابادە. دڵە نەسرەوتووەكەی كوردستان و كوانووی بەگڕ و كڵپەی كوردایەتی و جڵەوداری خەباتی بێپسانەوەی كورد. ئێرە قەڵای كوردایەتییە، قەڵایەك كە پشتی بە چیای داڵاهۆ و گابەردەكانی بێستوون و مێژووی تاقوەسان گەرمە و هەر هەناسەیەكی هەڵیدەمژێ، ئاوڕێك لە لووتكەی ئاگری و قەندیل دەداتەوە و بە دەم زەردەخەنەیەكەوە سەرێك دەباتەوە نێو مێژووی كارەساتبار و خوێناویی خۆی و دەڵێ: چۆن دەكەوم؟ ئەوەتا گرمەی قوڵینگی فەرهادەكانی بێستوون لە گوێمایە كە ئاشقانە پەیكەری شیرینی ئازادی دادەتاشن و رەوەزەكانی فەقرەقا و تاشەبەردەكانی خڕێ هەنجیران پڕن لە ئاواز و گۆرانیی زەرد و مای بێستوون و پاڵەوانەكانی ئێرەش هەر لە تیرەی ئەو فەرهادەن كە ئاشقانە بەگژ كۆسپ و لەمپەرەكاندا دەچنەوە.

ئێرە مەهابادە، بێشكەی ئەو كۆمارەی كە بە چاوی پڕ حەسرەت و دڵێكی پڕ هیواوە دەیڕوانییە كرماشان و بە ئاواتەوە بوو ئەوێ بكاتە پێتەختی كۆمارەكەی و ئێستاش ئەو خەونە پیرۆزەی بۆ رێبوارانی رێگە و رێبازەكەی جێ هێشتووە.

ئێرە مەهابادە و دەیان بیرەوەریی بولبولە خۆشئاوازەكەی كوردستان واتە سەید عەلی ئەسغەری لە سینەیدا هەڵگرتووە.

ئەگەر ساڵانێك چەقۆی تیژی داگیركەر بێبەزەییانە ویستوویەتی ئەم جەستەیە لێك داببڕێت، ئەم سەر و دڵە هەڵاوێرێ و یەكیان بكوژێ و یەكیان بۆ ماڵی خۆی بەرێ، ئەگەر ساڵانێك ناحەزان هەوڵیان داوە سەر و چاو و دڵ و قاچ و دەستی ئەم نیشتمانە لێك نامۆ بكا و وایان لێ بكا هەرگیز یەكتر نەناسنەوە، وا دەبینین ئێمە دەمار بە دەماری لەشمان وێكڕا و پێكەوە ترپەی دێ و ئەوان هەر دەم لەپووش ماون. ئەوەتانێ هەموو رۆژێ ئەڤینداران لە موكریانەوە دەست دەكەنە ئەستۆی خەمەكانی كرماشان و لە وەیشوومە و بەستەڵەكی زستانێدا گەرمای دڵ و باوەش و هەناوی خۆیان لەگەڵ خوشك و براكانی ئەوێیان دابەش دەكەن و دەبنە كەپر و ساباتێك لە بەردەم باڕن و تۆف و سەرماكەی ئەوێدا و ناهێڵن ئەم بەشەی جەستەیان كەسیرە بێت.

دە گوێ هەڵخەن، ئەوەتا قەتارەی ماملێ وەك خوناوەی باران بەسەر بەرد بە بەرد و پێنجك بە پنكی دەشت و چیاكانی كرماشانێدا دەبارێ و تینوێتیی دڵیان دەشكێنێ و شان بە شانی “كرماشان شاری شیرینم”ـەكەی حەسەن زیرەك، داو بە داوی تانوپۆی تەونی دوژمنان هەڵدەوەشێنێتەوە و سەر لەنوێ نەخش و نیگارێكی كوردانە بە بەر رۆحی نیشتماندا دەكاتەوە. دە گوێ هەڵخەن هۆرەی جافی و سیاچەمانەی گۆران و قەتارەی موكریان چۆن دەستیان كردووەتە ئەستۆی یەكتر و خەمەكانیان دەلاوێننەوە و مزگێنیی دوارۆژێكی گەش و روونمان بۆ دەچڕن.

دە گوێ هەڵخەن، ئەوەتا چریكەی نەسرەوتووی كرماشان، پەنگری بن خۆڵەمێشی گەشاندووەتەوە و بەسەر بێستووندا لە شەققەی شاباڵی داوە و لەسەر ئاویەر لەنگرێكی گرتووە و لە بەرزایی داڵاهۆوە سڵاوێكی لە بیرەوەریی شەهیدانی نیشتمانەكەی كردووە و بە ترۆپكی ئاربابادا چووەتە جێهەواری هەڵۆتیژباڵەكانی نیشتمان، جا لەوێوە بە هەگبەیەك بۆن و عەتری گۆرانییەوە رووی كردۆتە مەهاباد و چەپكێ گوڵی لە ئێخەی قەتارەی ماملێ داوە و دواپەیامی فەرهادی بۆ فەقرەقا هێناوە و پێی گوتووە:

تەمی خەم نەگری بڵێی چارەڕەشم

شۆڕشی كورد هەیە من دوورە بەشم

ئاوەدان دەبنەوە نێو سەنگەری تۆش

دڵ پتەو بە بە هەوای رۆژی خۆش

تازە دەكرێتەوە دوژمن كوشتن

ژەنگی سەر دڵ دەسڕێ خوێنڕشتن

بابەتی پێوەندیدار