Skip to content

یادێک لە هونەرمەندی کوردیژەنی ئازەری، مامۆستا (موسەیب – شاداب تیکانتەپە)

خوالێخۆشبوو مامۆستا موسەیب شاداب/تیکانتەپە (مصیب – شاداب تکان تپە) ژەنیار و شارەزای سازەکانی تار و کەمانچە بوو و زیاتر کەمانچەی وەک سازی سەرەکی دەژەنی.بەڕێزیان خزمەتێکی زۆری بە هونەری گۆرانی کوردی کردووە. ئەو بە ڕەچەڵەک لە نەتەوەی ئازەرییەکانی ئێران بوو بەڵام، بە ساڵان هاوکار و هاودەمی هونەرمەندانی کوردی وەک مامۆستایان حەسەن زیرەک، محەممەد ماملێ، مەلا حوسێن عەبدوڵازادە، عەبدوڵای سەنجانێ و … بووە.

shadab2-1

کۆمەڵگای گەشەپێنەکراو و دواکەوتووی ئەو ساڵانەی کە ئەو هونەرمەندانە تێیدا دەژیان، کاریگەری نەرێنی لەسەر گەشەی هونەری موزیک دانابوو بە چەشنێک کە لە هەموو دەڤەری موکریان، دوو ژەنیاری کورد بوونی نەبوو تا بتوانن میزاجی کوردەواری هونەرمەندان و عاشقانی هونەریی کوردی ئۆخژن بکات.

لە وەها کات و دۆخێک دا هونەرمەندانێکی وەک مامۆستایان موسەیب شاداب، بیوکئاغای شەکوری (مەراغەیی)، مەشەدی ئیسلام، مەشەدی مەممەد و مەشەدی علی و…  بوون بە مەشخەڵێک بۆ پێشکەوتنی هونەری گۆرانی، زمانی کوردی و وشەی کوردی.

کاریگەری ئەو بەرهەمانەی کە ئەم بەڕیزانە هاوڕی دەگەڵ دەنگخۆشانی کورد لەسەر گوێگر و بەردەنگی کورد هەیانبوو، هەنووکەش دیارە و بوونی هەیە. هەنووکەش لاوانی کورد ئەو بەرهەمانە وەک پەیژەیەک دادەنێن بۆ سەرکەوتن و گەییشتن بە لوتکەی هونەر. هەنووکەش ڕۆژانە دەبنە میوانی کوردان و جارجار دڵی عاشقان دەلاوێنێت و جاروباریش دڵیێکی سووتاو ئاوپڕژێن دەکات.

ڕێژەی ئەو هونەرمەندە ئازەرییانەی کە وا خزمەتی هونەر و گۆرانی کوردییان کردووە کەم نین، ئەوەی جێی داخەوە ئەوەیە کە بە گوێرەی پێویست ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە و بێناو ماونەتەوە. ئێمە لە مەڵبەندی هونەریی ماملێ هەوڵمان داوە و دەدەین تا ئەو جێگایەی بۆمان بلوێ بنەچەی ئەو هونەرمەندانە بدۆزینەوە و زانیاری زیاتر لەسەر ژیان و خەباتی هونەرییان کۆ بکەینەوە و بە خەڵکی کوردیان بناسێنین.

ڕۆحی بەرزەفڕی ئەو هونەرمەندە غەوارانە شاد کە خزمەتێکی زۆریان بە هونەری کوردی کرد. ئەو کەسانەی کە بوون بە سونبووڵی پێکەوەژیانی دوو نەتەوەی کورد و ئازەری، بەتایبەت مامۆستا موسەیب شاداب.

ڕۆحیان شاد و یادیان هەرمان.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ

کورتەیەک لە ژیاننامەی مامۆستا موسەیب شاداب/تیکانتەپە (مصیب شاداب/تکان تپە).

shadab3-1

مامۆستا موسەیب شاداب لەدایکبووی ٥/٥/١٣٠٠ هەتاوییە لە شاری (تیکاب/تکاب)‌[١]ـی ڕۆژهڵاتی کوردستان. پێکهاتەی شاری تیکاب لە دوو نەتەوەی کورد و ئازەری پێکهاتووە. مامۆستا موسەیب لە نەتەوەی ئازەری‌زمانی ئەو شارەیە و ڕێز و حوڕرمەتێکی تایبەتی لەلایان هەردووک نەتەوەی ئەو شارە هەیە و خۆشیاندەوێ.

خوالێخۆشبوو نائیب عیزەتوڵڵا (نائب عزت‌اللە) باوکی مامۆستا شاداب لە دیوانی حەیدەرخانی مەزن ( حیدرخان کبیر) و لە عەمارەتی ساعیدولسوڵتان (ساعدالسلطان) وەک بەرپرسی بەشی ناوخۆیی کاری کردووە. لەو ماوەیە دا کە باوکی بەڕێز شاداب لەو عەمارەتە کاری کردووە تەمەنی مامۆستا موسەیب شەش بۆ حەوتساڵان بووە. باوکیان جاروبار مامۆستا شادابی دەگەڵ خۆی بردووە بۆ عیمارەت.  ساعیدولسوڵتان کە پیاویکی هومام و دەستڕۆیو بووە، لەهەمانکاتیش دا هونەرمەند و لێزانێکی بواری موزیک و ئاشنای هەموو هەواکانی موزیک بووە بۆیە، بەردەوام کەسانی هونەرمەند سەردانیان کردووە.

جارێکیان ساعیدولسوڵتان میوانێکی زۆری بۆ دێت و لەناویشیان دا هونەرمەند (علی اکبر خان شهنازی)[٢].  ڕۆژانە دەچن بۆ سەیران و بۆ دیتنی شوێنەواری مێژوویی (تخت سلیمان)[٣] و دیتنی سەرچاوەی ئاوی گەرمی ئەو ناوچەیە. شەوانەش دەیکەنە بەزمی گۆرانی گوتن و موزیک. ئەو میوانانە ماوەی مانگێک لە عەماڕەتەکەی ساعیدولسوڵتان دەمێننەوە و بەو جۆرە خۆش دەگوزەرینن. ڕۆژێکیان کە مامۆستا موسەیب شاداب دەگەڵ بابی دەچێتە عەماڕەتی ساعیدولسوڵتان، دەبینێت دەنگێکی خۆش دێت و جەماعەتێک سەرقاڵی ژەنینی ساز و  گۆرانی گوتنن. لە کونجی پەنجەرەکەی ڕا دەڕوانێتە حەوشەی ماڵی ساعیدولسوڵتان و بۆ یەکەمجار لە ژیانی دا وەها دیمەنێکی دەبینێت و دەبێتە هۆی ئەوەی کە یەکەم تەزووی ئەوین بە موزیک، بە ناخی مامۆستا شاداب‌دا  بێنێت و هەروەها دەبێتە هۆی گەشەی ئەو پیاوە مەزنە لە داهاتوو دا.

خوالێخۆشبوو شاداب کە دەنگێکی خۆشیشی هەبوو، لە دوور ڕا گۆرانیان بۆ دەگێڕێتەوە و ئەو هونەرمەندانەش کە دەبینن ئەو مناڵە زۆری زەوق بە هونەری موزیک هەیە، ئیزنی دەدەن کە هەندێک جاران بێت لەناو مەجلیسەکە دا دابنیشێت و هان دەدەن و جارجار تارەکەشی دەدەن دەستی و سەرەتاییترین وانەکانی تارژەنینی فێر دەکەن. سەرنج و مەیلی مامۆستا موسەیب وەها کاریگەری لەسەر میوانەکان دادەنێت کە لەکاتی ماڵئاوایی دا تارەکەیان بۆ مامۆستا شاداب بەجێدەهێڵن.

shadab4-1

عەماڕەتی ساعیدولسوڵتان بەردەوام مەکۆی هونەرمەندانە و ماوەماوە لێی میوان دەبن،  ئەو دۆخەش دەبێتە هەلێکی باش کە مامۆستا شاداب ئەزموونێکی هەراو لە هەرکام لەو هونەرمەندانە کۆبکاتەوە و وەک هونەرمەندێکی خاوەن ئەزموون باقی ژیانی لە دونیای هونەر دا بژیت.

هونەرمەند موسەیب شاداب (تیکانتەپە) مامۆستایەکی بێهاوتای سازەکانی تار و کەمانچە بوو و لە هەواکانی ڕەسەنی ئێرانی و ئازەری دا (مکتب تبریز) شارەزایی باشی هەبوو. ئەو لە تار دا خۆی بە قەرزداری مامۆستا (علی اکبرخان شهنازی)[٤] دەزانێت بەڵآم کەمانچەی زیاتر خۆشدەویست و کاری پێدەکرد.

مامۆستا شاداب زۆر خوێندکاری هەبوون و فێری ژەنینی موزیکی کردبوون. یەک لە هەرە خوێندکارە بەناوبانگەکانی، کوڕەمامی خۆی بوو بەناوی (یدڵڵە کبکی) کە پاشان بوو بە یەک لە هەرە ژەنیارە لێهاتووەکانی کەمانچە.

مامۆستا موسەیب  شاداب لەپاش خۆی مامۆستا (محمدعلی عتباتی) لە ناوچەی هەوشاردا  بە جێگرەوەی خۆی دەزانێت کە شارەزایی تەواوی هەبێت لە ناسینی هەموو هەواکانی موسیقی و شایی زۆریی پێیان بوو.  مامۆستا (محمدعلی عتباتی) یەک لە هونەرمەندەکانی دەنگخۆش و لێزانی ئازەری بوو کە بە هەردوو زمانی کوردی و ئازەری گۆرانی دەچڕی و قسەی دەکرد.

دیار نییە کە  مامۆستا موسەیب کەی هاتووە بۆ مەهاباد تا وەک ژەنیاری کەمانچە بەرنامەی پێشکەش بکات بەڵام، وا وێدەچێت کە هونەرمەند خانباغی دەگەڵ هونەرمەندان محەممەد ماملێ، حەسەن زیرەک، مەلا حوسێن عەبدوڵازادە و عەبدوڵای سەنجانێ ئاشنای کردبێت و تا ساڵانێکی زۆر دەگەڵ ئەو هونەرمەندانە خزمەتی بە هونەری کوردی کرد.

مامۆستا موسەیب شاداب (تیکانتەپە) لە ڕێکەوتی ٢٣/١١/١٣٨١ هەتاوی لە شاری تیکاب کۆچی دوایی دەکات و هەر لەو شارە تەرمی پاکیان تەسلیم بە خاک دەکرێت.ڕۆحیان شاد و یادیان بەخێر.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ

تێبینی:

[ئەو بابەتە لەلایان مەڵبەندی هونەریی ماملێوە ئامادەکراوە و لە ماڵپەڕی فەرمیی ماملێ دا کەوتۆتە بەردیدی خوێنەران و میوانانی هێژای ئەم ماڵپەڕە.

بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتە بە مەرجێک کە ئاماژە بە سەرچاوەکە بکرێت، ڕێگەپێدراوە].
هەروەها سپاس لە کاک “ڕەزا بەرازەندە” کە هاوکارییەکی زۆریان کردین بۆ پێشکەشکردنی ئەم بابەتە.

[١] https://goo.gl/eb4UxU

[٢] https://goo.gl/bzDNwC

[٣] https://goo.gl/az29PD

[٤] https://goo.gl/YJ6iNj

گوێبیسی تاری مامۆستا شاداب و دەنگی هونەرمەند محەممەد عەلی عەتەباتی بن کە هەردووکیان ئازەرین و بە کوردی و ئازەری گۆرانی دەڵێنەوە و تاز دەژەنن.

لێرەش گوێبیسی چەند گۆرانییەک بن بە دەنگی محەممەد ماملێ و تاری مامۆستا شاداب.

بابەتی پێوەندیدار