Skip to content

بەیادی دوایین نۆتەکانی دەنگی ماملێ – زانا ئاسیا

بەبۆنەی سەریساڵی تازە و نەورۆزی کوردەوارییەوە، لەلایان هونەرمەند “زانا ئاسیا”ـوە موزیکی یەک لە گۆرانییەکانی هونەرمەند محەممەد ماملێ بەبێ دەنگی  و هۆنراوە بڵاو کرایەوە و کردی بە دیاری نەورۆزی بۆ عاشقانی هونەر بەگشتی و دەنگی ماملێ بەتایبەتی. ئەو موزیکە لەلایان گرۆپێکی بێگانەوە کاری کلیپ و وێنەگرتنی بۆکراوە و بە ئەوینێکی تایبەتییەوە و هونەری خۆیان تێیدا نەخشاندووە.
هونەرمەند زانا زیاتر بەوە ناسراوە کە لە زۆربەی بەرهەمەکانی دا هەوڵی داوە کۆی ئامێرەکان  خۆی بیژەنێت و لەو بوارەوە بەرهەمەکانی گرینگییەکی تایبەتی پەیدا دەکات و ئاستی توانا و لێهاتوویی ئەو هونەرمەندە زیاتر دەردەخات.

هونەرمەند زانا پێشتریش زۆر بەرهەمی محەممەد ماملێی نوێژەن کردۆتەوە و بە شیوازێکی نوی و موزیکێکی شایان و ئەمڕۆیی پێشکەشی بەردەنگانی خۆی و هونەردۆستانی کردووە. لەو ڕێگەیەش دا یارمەتی گەلێک هونەرمەند و دەنگخۆشی داوە.  

سەبارەت بەم موزیک ویدیۆیە و نوێژەنکردنەوەی ئەم ئاوازە ئەو هونەرمەندە لە کۆتایی کلیپەکە دا ئاوای نووسیوە:

ماملێ لە کۆتایی تەمەنیدا تووشی نەخۆشی “ئاڵزهایمێر” واتە فەرامۆشی ببوو. خەسلەتی ئەو نەخۆشییە وایە کە هیچی بیر نەدەهاتەوە. ڕۆژبەدوای ڕۆژیش خەراپتر دەبوو. جاروبار دەگمەن شتێکی کۆنی بیر دەهاتەوە. یەک لەو شتانە ئەم گۆرانییە بوو بەناوی (ماڵی بابم بێوەفا). کاتێک ئەم ڕووداوەم بیست، ئەو پرسیارانە تەنگیان پێهەڵچنیم:

·         بۆ تەنیا ئەو گۆرانییەی بیر هاتۆتەوە؟

·         کام هۆکار وایکردووە کە ئەو مێلۆدییە دەگەڵ لەش و ڕۆحی ماملێ دا متوربە بکرێت؟

·         کام بیرەوەرییە کە ماملێ دەو گۆرانییە دا دەیدۆزێتەوە و ئامادە نییە بیفەوتێنێت و بیداتە دەستی ئاڵزهایمێر؟

  گوێبیس و بینەری ئەو بەرهەمە جوان بن

بابەتی پێوەندیدار