Skip to content

شێعرێکی نەمر “ڕەحمان قازی” لە گۆرانییەکانی ماملێ دا

زامی دڵ – هۆنراوەی: ڕەحمان قازی – دەنگ و گۆرانی: محەممەدی ماملێ

هەر گۆرانییەک کە لە هەناوی هونەرمەندێک هەناسەی دێتەبەر، هەڵگری مێژوو و پێناسەیەکە. لە زەمەنی هونەرمەندانی پێشوو کە دوونیا پێشکەوتنێکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیبوو و زانستی تۆمارکردنی دەنگ گەشەی نەکردبوو و ئاستی هۆشیاری گەل وەک ئەمڕۆ پەرەی نەستاندبوو تا هونەرمەندان و دڵسۆزانی بوارە ئەدەبی و هونەرییەکان، خەمێک لە ئارشیوکردن و پێناسەپێدانی بەرهەمە هونەری و ئەدەبییەکان بخۆن.

ئەو دۆخە لەو سەردەم دا کەس هەستی بە گرینگییەکەی نەدەکرد و وەک حاڵەت مابۆوە بەڵام، ئەمڕۆ وەک دیاردەیەکی ناخۆش و پڕکێشەی لێهاتووە و مەگین بە بەڵگەی پشتئەستوور دەنا زەحمەتە ناسنامەی ئەو بەرهەمانە زیندوو بکرێنەوە.
لەو پێوەندییە دا مەڵبەندیی هونەریی ماملێ بەردەوام لە هەوڵ و تێکۆشان دایە و هەوڵ دەدات میژووی ئەو گۆرانییانەی ماملێ بەپێی توانا و مەجالی بەردەست زیندوو بکاتەوە کە لە کتێبە چاپکراوەکان دا بە فۆلکلۆر یا بە هەڵە و بە مەبەستی تایبەت، مێژووی دەستکردیان بۆ ساز کراوە و تەنانەتی مامۆستا “هاشم نانەوازادە” لە پەرتووکەکەی خۆیان دا، ئەوپەڕی گلەیی و گازندەی لەم کەمتەرخەمییە پێشان داوە.

ئەو ماوەیە ناوەندەکەمان پێناسەی یەک لە گۆرانییەکانی محەممەدی ماملێ کە لەناو خەڵك دا بە (مەڵێن دڵ پارچەگۆشتێکی بەخوێنە) ناسراوە ئاشکرا دەکات و زانرا کە هۆنەری هۆنراوەی ئەم گۆرانییە، شاعیر و هونەرمەندی کورد مامۆستای خوالێخۆشبوو (ڕەحمان قازی)ـیە و ناوی هۆنراوەکەش (زامی دڵ)ـە وگۆرانییەکەش نووسینی زیندەیاد محەممەدی ماملێ‌یە.


زامی دڵ

مەڵێ دڵ پارچە گۆشتێکی بە خوێنە …… پەنای گرتووە لە بن دیواری سینە

مژۆڵی تیری تیژی نازەنیان ……. بە دڵ دێنن لە سەد جێگە برینان

بە نۆش داڕو عیلاجی ئەو برینە … لە کوێ ساڕێژ دەبێ یا دەکرێ پینە … برینی جەرگی من زامی ئەوینە

ئەگەر ئەستی گەیشتە تاژدینێ …… مەمیش کوژرا بە تیری دەستی زینێ

ئەگەر خوسرەو لە باوەش دەگرێ شیرین …… بەڵام فەرھاد فیدای کرد گیانی شیرین

بە نۆش داڕو عیلاجی ئەو برینە … لە کوێ ساڕێژ دەبێ یا دەکرێ پینە … برینی جەرگی من زامی ئەوینە

ئەوین کردی بە زۆرھانی بە سەنعان …… لە بۆ چاو کاڵێ بچتە بەر بەرازان

ئەوین مەجنونی خستە شاخ و کێوی …… تەوەلا بو لە قەوم و خێڵ و خێوی

بە نۆش داڕو عیلاجی ئەو برینە … لە کوێ سارێژ دەبێ یا دەکرێ پینە … مبرینی جەرگی من زامی ئەوینە

لە بەرچی رۆژ و شەو بولبول دەناڵێ لە عیشقی گوڵ پەڕوپۆی دادەماڵێ

وەرە تۆ بێ وەفایی گوڵ ببینە بە بولبول ناڵێ بەسیە ئەم گرینە

بە نۆش داڕو عیلاجی ئەو برینە … لە کوێ ساڕێژ دەبێ یا دەکرێ پینە … برینی جەرگی من زامی ئەوینە

ئەدی شەم بۆ دەسوتێنێ پەپولەی ئەدی بۆ کەس نییە وەربگرێتۆڵە

یلەعیشقی شەم پەپولە ھەڵپڕوزا دڵی شەم بۆ پەپولەی بۆ نەلەرزا

بە نۆش داڕو عیلاجی ئەو برینە … لە کوێ ساڕێژ دەبێ یا دەکرێ پینە … برینی جەرگی من زامی ئەوینەو

(رەحمان قازی)

رەحمان قازی، کوڕی قازی کەریم، یەک لە ئەندامانی بنەماڵەی سەربەزیی قازیییە و بنئامۆزای پێشەوای موعەززەمی کوردستانە کە لە ساڵی ١٣٠٣ی ھەتاوی واتە ١٩٢٤ی زایینی لە شاری مەھاباد لە دایک بووە . پۆلەکانی خوێندنگای ناوەندی و دواناوەندی لە مەھاباد تێپەڕاند و لە سەردەمی کۆماری کوردستان بۆ درێژەدان بە خوێندن نێردرایە یەکێتی سۆڤیەت و لە زانکۆی ئەفسەری شاری “باکۆ” درێژەی بە خوێندن دا.  دوای ئەوەی کۆماری کوردستان جوانەمەرگ کرا، گەڕایەوە مەھاباد .

 ساڵی ١٣٢٨ ی ھەتاوی واتە ١٩٤٩ی زایینی وەک مامۆستا لە قوتابخانەکانی مەھاباد دەستی بە کار کرد . بە ھۆی شارەزایی لە بوارەکانی شێعر و خۆشنوسین و وێنەکێشان، زۆر زوو وەک ھونەرمەند و شاعیر ناوی دەر کرد و ھەروەھا بەردەوام لە چالاکی سیاسی و ڕامیاری ناوچەکە دا ڕۆڵی خۆی دەگێڕا . بە هۆی کاریگەریی هەوڵە سیاسی و فەرهەنگییەکانی لە سەردەمی محەمەدرەزاشا دا چەندجارێک دەستبەسەر دەکرێ و دوو جاریش بۆ ماوەی چەند ساڵ لە شار و بنەماڵەی خۆی دوور دەخرێتەوە .

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و خۆسەپاندنی حکومەتی مەلایان، گوشارەکان لە سەری کاک ڕەحمان زیاد دەبن و چەندین جار زیندانی و ئەشکەنجە دەدرێ . ھەروەھا دوو جاری تر بۆ دووروڵات دوور دەخرێتەوە بەڵام، سەختی و گوشارەکان چۆکی پێ دانادەن و لە کاری فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی خۆی بەردەوام دەبێ .

نەمر کاک ڕەحمان کە پەروەردەی دەستی کۆماری کوردستان بوو، بە گرینگی کارە فەرهەنگییەکانی بۆ گەشەی کۆمەڵگای کوردەواری باش دەزانی و هەوڵی دەدا بەردەوام دە پێوەندییەکی پتەو دابێت دەگەڵ هونەرمەندان و پیاوانی ئەدەبی وڵاتەکەی. ھاوڕێ بونی دەگەڵ ھونەرمەندان و شاعیرانی ناوچە وەک نەمران مامۆستا ھێمن موکریانی و مامۆستا محەمەدی ماملێ و هەروەها هاوکاریکردنیان بەیەکەوە ئەو ڕاستییەم،ان بۆ دەردەخات کە کاک ڕەحمان بەردەوام لە گۆڕەپانی ھونەر و شێعر و خەبات دا چالاکانە ھەوڵی داوە .

خوالێخۆشبوو رەحمان قازی چەندین بەرھەمی ھونەری وەک (دیوانە شێعر) کە ئێستا لە ژێر چاپ دایە، کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆی بەناوی (رۆژگاری ون بوو)، (دەستنووسی قوڕئانی پیرۆز)، نووسینەوەی (چوارینەکانی خەیام  لە وەرگێڕانی مامۆستا ھەژار  و  بە خەتی نەستەعەلیق) و کۆمەڵێک تابڵۆی شێوەکاری کە لە داب و نەریتی کوردەواری دەدوێن، لە پاش بەجێماوە کە ھەر کامیان گەوھەرێکی نایابن .

زیندەیاد رەحمان قازی لە شەوی ٢٤ی رەشەمەی ساڵی ١٣٨٦ی ھەتاوی بەرامبەر ١٤ی ماڕسی ٢٠٠٧ی زایینی دڵی پڕ ئاوات و تاسەی لە لێدان و کەوت و تەرمی پیرۆزیان لە گۆڕستانی هونەرمەندان و شاعیرانی شاری مەهاباد (مقبرةالشعرا) بەخاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردراوە.
ڕۆحیان شاد و یادیان هەرمان.

زامی دڵ

بابەتی پێوەندیدار