Skip to content

خوالێخۆشبوو شێخ نەجمەدین بەرزنجی: ماملێ کە ھاتە ناو دنیای ھونەر، گۆرانیبێژیی حوڕمەتێکی دی پەیدا کرد.

لەو ساڵانەی کە بۆ نووسینی کتێبی ژیاننامەی سەردار، شەھید “شێخ بابا سەعید بەرزەنجی غەوساباد” دەچومە خزمەت خوالێخۆشبوو جەنابی “شێخ نەجمەدینی بەرزەنجی”، لە دانیشتنەکانماندا لە ھەر دەرگایەک دەدواین. ڕۆژێک لە ناو بەڵگەکانیان دا بەڵگەیەکم دوزییەوە کە پەیوەندی بە سەردەمی قەیرانی  ناوچە کوردنشینەکان لە ساڵەکانی ھەوەڵی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران ھەبوو. ناوبراو وەک گەورەی تایفەکەمان مەتمانەی باشی سەبارەت بە من ھەبوو و زۆر بیرەوەری بۆ دەگێڕامەوە. یەکێک لەم بیرەوەرییانە باسی ھونەرمەندی ناوداری کورد  مامۆستا “محەممەد ماملێ” بوو. جەنابی شێخ نەجمەدین بۆی گێڕامەوە:
(لە سەردەمی قەیرانی پاشی شۆڕشی گەلانی ئێران و تێکچونی بارودۆخی کوردستان، جەماوەرێکی زۆر لە شارەکان ڕوویان کردە گوندەکان. گوندی “غەوساباد” لەم شوێنانە بوو کە بە ھۆی ئەم ڕووداوانە خەڵک لە ھەموو چین و توێژێک لەوێ  ڕوویان کردە ماڵمان. ڕێکەوتی ٢٩ خەرمانانی ١٣٥٩ بوو کە ھونەرمەندی ناودار کورد کاک “محەممەد ماملێ” لە دوورە وە لێم وەدیار کەوت و گوتی: جەنابی شێخ، میوانی ڕادەگری؟ نازانم دەبا لە دیتنی کاک محەممەد خۆشحاڵ ببام کە لێم میوانە یا بەپەرۆش بم کە ئەویش ماڵی بەجێ ھێشت و ئاوارە بووە!؟

سەید مەسعود سەعیدی

یەکترمان لە باوەش گرت و بەخێر ھاتنم پێگوت. زانیم ماڵی ھاتۆتە گوندی “مەنیچێر” لە نیزیکەی غەوساباد. کاک “عەبدوڵڵا”ی کوڕی کاک محەممەد ماملێ و کاک “یۆسف خوڕڕەمی” (زاوای کاک محەممەد) ماڵیان ھاتە غەوساباد . ھەر بەو بۆنەیە کاک محەممەد بە ھەر دوو یا سێ ڕۆژان سەردانی ماڵە منی دەکرد. دوو  ڕۆژ لە ھاتنی کاک عەبدوڵڵا و کاک یۆسف  تێپەڕ بوو کە ھەواڵی ھێرشی ئەڕتەشی عێراق بۆ سەر خاکی ئێران بڵاو کرایەوە. پەنابەران لە بابەت بارودۆخ زۆر بەپەرۆش بوون.

کاک محەممەدم دەدیت کە خەڵکی دڵگەرم دەکرد بەوە کە شەڕ کۆتایی پێ دێت.

 وەک ساحێبی ماڵ کە دەمدی میوانان ئاوا دڵبەخەمن زۆر پەرۆش بووم. لە ناکاو بیرم لەوە کردەوە دەنگی بلاوێنی کاک محەممەد، دەتوانێ تا ڕادەیەک ئەم خەم و خەفەتەی لە بیری خەڵک دوورخاتەوە. ھەر بۆیەش داوام لە کاک محەممەدی کردی چەند گۆرانی مان بۆ بڵێ، بەڵام کاک محەممەد گوتی: جەنابی شێخ، لە بابەتی گۆرانی گوتن عەفووم بفەرموو.

زۆرم پێ سەیر بوو. ھۆکارەکەم پرسیار کرد. وڵامی داوە: من بە حوڕمەتی مەزاری شێخ بابای شەھید لەم ئاوائیە گۆرانی ناڵێم.

خوالێخۆش بوو شێخ نەجمەدین گوتی: گەرچی ھەستی نیشتمان پەروەری و ھەروەھا  ئیرادەتی کاک محەممەدم بە تەریقەت دەزانی بەڵام، ئەمجار ئەم ھونەرمەندەم چاکتر ناسی.

said masud2
خوالێخۆشبوو شێخ نەجمەدین بەرزنجی و سەید مەعود سەعیدی

 بۆ کاک محەممەدی، باسی بیر و بۆچوونی شێخ بابای شەھید، سەبارەت بە جەخت کردنی ئەم تەبیبە لە بەکار ھێنانی ئاواز بۆ ئەم کەسانەی تووشی نەخۆشی ڕووحی ھاتوون کرد و بە پێکەنین گوتم : کاک محەممەد باوەڕت بێ ئەگەر شێخ بابای نەمر ئێستا مابا و جەنابت لێی میوان بای، بێ شک ئەم دەرفەتەی لە دەست نەدەدا و چەند گۆرانی پێ دەگوتی. کاک محەممەد بزەی ھاتێ و دەستی ھەڵێنا و گوتی: تەسلیمم.

پاشان بە حوڕمەتی شێخ بابای شەھید گوتی: من تەنیا دوو گۆرانی کە شێعرەکانی عاریفانەیە و لە ھۆنراوەکانی مامۆستا وەفاییە بۆتانی دەڵێم. ئیتر دەستی بە خوێندی گۆرانێکانی “پیری مەیخانە” و “گوڵەکەم دەڵێن ئاوا دێ” کرد.

دوو خاڵی گرینگ  لەم بیرەوەرییەدا، سرنج ڕادەکێشێ. یەک ئەوەیە کە:

  • خوالێخۆش بوو شێخ نەجمەدینی بەرزەنجی دەنگی ھونەرمەند محەممەدی ماملێی بۆ دوور خستنەوەی خەم و خەففەتی ھاوڵاتیانی داوا دەکا و بە مەرھەمی دەزانێ.
  • دووھەم، ڕێز لێنانی  تایبەتی کاک محەممەد ماملێ لەو کەسانەیە کە بۆ خزمەت بە گەل ژیاون و بۆ نیشتمان گیانیان داناوە.

جەنابی شێخ نەجمەدین بۆی گێڕامەوە لە ڕابردوو تا ڕادەیەک بە چاوی سوک دەیان ڕوانییە گۆرانی بێژان بەڵام، کاک محەممەد کە ھاتە ناو دنیای ھونەر، بەڕاستی گۆرانی بێژی حوڕمەتێکی دی پەیدا کرد چون، جگە لە باری ئەخلاقی تایبەتی کە ھەیبوو، خۆی لە خەڵک و خەڵکی لە ھیی خۆی دەزانی .

١٩ ی گەلاوێژی ١٣٩٨

سەید مەسعوود سەعیدی

سەید مەسعوود سەعیدی

بابەتی پێوەندیدار