Skip to content

ماملێ زایەڵەی کوردایەتێکی ڕادیکاڵ

(دیاردەناسی هونەری کوردانەی مامۆستا مەحەممەدی ماملێ)

نووسینی: شاهۆ حوسێنی

پێشەکی:

دیاردەناسی بریتیە لەناسین و شرۆڤەی دیاردەکان و دیاردەکانیش هەموو ئەو دەرکەوتانەن کە لەچوراچێوەی دەرک و ئاگایی مرۆڤەکان‌دا دەگوونجێت، بەواتایەکی تر بەمانای شرۆڤە و ناسینی فۆرم و پێکهاتەی ئەزموون و ئاگا بوونە. دیارە ناسی لەڕاستی‌دا ئاگا بوونی زەینی و دەروونی مرۆڤەکان شرۆڤە دەکات کە بەرهەمی ئەزموون کردنێکی ڕاستەوخۆیە ، درووشمی دیاردەناسی گەرانەوە بۆ گەوهەر و هەناوی دیاردەکانە. لە فەلسەفەی کانت‌دا دیاردە ناسی لەخۆگری هەموو ئەو دەرکەوتانە بوون کە پەیوەستی بە ئەزموون بوون، یانی هەر شتێکی زەمان و مەکان بۆ ئیمەی دەردەخەن. دیاردەکان لە ئەندێشەی هۆسرل‌دا ئەو ڕاستیانە لەخۆ دەگرێت کە لە چوارچێوەی ناسیاوی مرۆڤ‌دا دەگونجێت. بەو پێیەش دەشێ بگوترێ کەکوردایەتی و کورد بوون ئەو دیاردەیە کە لە هوونەری مامۆستا مەحمەممەدی ماملێ‌دا دەدرەوشێتەوە، یان دەشێ بگوترێ کە مامۆستا مەحەممەدی ماملێ زایەڵەی ئەو کوردایەتی و کورد بوونەیە کە لە هوونەردا دەرکەوت.

هوونەری ماملێ دیاردەیەکی کوردانەی ڕادیکاڵ:

بۆچی هوونەری ماملێ تا قوڵترین مەڵبەندی هەستی مرۆڤی کورد رۆچوە؟ چ شتێک لە هوونەری ماملێ‌دا هەیە کە دەشێ وەک ئاوێنەی باڵانوینی هوونەرێکی کوردانەی پێناسە بکەیت؟

هوونەری ماملێ سەفەری ئەزموون و ئاگابوونی دەروونی و زەینی مرۆڤەێکە لە  هەناوی کلتوور، نۆرم و هەستی کۆمەلگایەکی کوردانەدا. ئەگەر بیرمەند ناوەرۆکە هزرێکانی نادیاری ناو شادەمارەکانی زەینی و رواڵەتی کۆمەڵگەکەی دەخاتە ناو بازنەی ڕەستە و لەفۆرمی پاردایمێکی فەلسەفی، کۆمەلناسی و….. هتد دا دەیانخاتە بەردەم تاک و کۆمەلگا بۆ هۆشیار بوون و ناسیاوی پەیدا کردن لەمەر “خود”وەک تاک و “خود” وەک کۆمەلگا لە فۆرمی مێتا تاکێک‌دا، ئەگەر رێبەرێکی سیاسی وەک کاریزمایەکی نەتەوەیی بە ئاگایی پەیدا کردن و ناسینی ڕوحی نەتەوەیی دەبێتە پێشەوایەک و نەتەوەکەی بەرەو کەنارەکانی بەختەوەری، سەربەخۆیی و سەربەرزی دەبات، ئەگەر شاعیرێک بە ئاگایی پەیدا کردن، بیستنی ترپەی ڕوحی هەستی کۆمەڵگاکەی و مەلەوانی لەناو  زەریای ئەو هەستەدا وشەکان دەکاتە بەستێنی گەشانەوە و پەرەی عەشق وخۆشەویستی مرۆڤەکان و تاکەکانی ناو کۆمەلگا بەرامبەر بەیەک، ئەوا موزیسیەنێک ئەو زەین و هەستانەی کە موڵکی تاک و کۆمەلگایەکن دەکاتە هارمۆنیکی هەست بزوێنی دەنگەکان و گۆرانی بێژێکیش دەبێتە بێژەری  ئەو زەین و هەستە نادیارانەی کە تاکەکان لەناو جەغزێک‌دا بەناوی کۆمەلگا لێک گرێ دەداتەوە. واتە بیرمەندێک، ڕێبەریکی کاریزما، موزیسیەنێک و گۆرانی بێژێک ئەو کاتەی دەبێتە ئاوینەی باڵانوینی بیر، شعور، خواست و هەستی کۆمەلگا و نەتەوەیەک ئەوا دەبیتە کەسایەتێکی نەتەوەیی و درەوشاوە لەناو کۆمەلگا و نەتەوەکەی‌دا.

مامۆستا مەحەممەدی ماملێ یەک لەو هوونەرمەندانەیە کە وەک ئەستێرەیەک لە ئاسمانی هوونەری نەتەوەیی و هەستی نەتەوەیی کوردا دەدرەوشێتەوە، ماملێ لەو دەگمەن هوونەرمەندانەیە کە بە ئەزموون کردن و ئاگابوونێکی ڕادیکاڵی دەروونی و زەینی لە ڕوحی نەتەوەیی و نۆرم و کلتووری نەتەوەیی کورد، توانی ئەو ڕوحە نادیار و شاراوەیە لە دەنگ و گۆارانێکانی‌دا دەربخات و ببێتە سەرچاوەیەکی ئاگایی و ناسیاوی پەیدا کردنی تاک و کۆمەڵگەکەی لەگەڵ ئەو ڕوحە نادیارە. واتە چ ئەو کاتەی ماملێ عاشقانە دەبێژێت، چ ئەو دەمەی سیاسی دەبێژێت، لە هەر هەموو حاڵەتێک‌دا نەتەوەیی دەبێژێت، چوون ماملێ بەدەرکێکی زەینی و دەروونی کە لە ڕوحی نەتەوەیی و هەستی نەتەوەیی پەیدای کردبوو، توانی بەرهەم هێنی ئەو گورانێ کوردانەیە بێت کە زۆربەی تاکەکانی کۆمەلگا دەتوانن خۆیانی تیا ببیننەوە. بێ‌گومان لەغیابی دەرک و فامێکی ڕادیکاڵ، غیابی ئەزموونێکی زەینی قوڵ ئەو هوونەرە بەرهەم نەدەهات و مامۆستا ماملێ هیچ کات نەدەبوو بە ڕووگەی هەست و کلتووری نەتەوەکەی. بەو شێوەیە هوونەری مامۆستا مەحەممەدی ماملێ سەرچاوەیەکی ڕەسەنی کوردانەیە کە ڕوح و هەستی کوردانە تیا قەڵبەزە دەدات و تیا دەردەکەوێت. بەکورتی دەشێ بگوترێ کە مامۆستا ماملێ تاکی ڕەسەن و نابی مێژوو ، هوونەر، ڕوح و هەستی  نەتەوەی کوردە. سەرچاوەیەکی پاراوی هوونەری کە لەتەنیشت هەموو دیاردەکانی تری مێژویی،سیاسی، کۆمەڵایەتی دەکرێ وەک سەرچاوەیەکی ئاگایی بەخشی نەتەوەیی لە ئاستی هوونەری‌دا چاوی لێ بکرێت و شوناسی و تێمای نەتەوەیی کوردانەی تیا بدۆزینەوە.

وێنە: چارەانداز

بابەتی پێوەندیدار