Skip to content

پێشکەشکردنی “ئەستێڕەی زێڕینی” ناوەندی هونەریی “نامۆ” بە کۆچکردوو هونەرمەند محەممەدی ماملێ.

لە ڕێکەوتی ١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩  لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی لە لایان “ناوەندی هونەریی نامۆ‌”وە خەڵاتیکی ڕێزلێنان پێشکەش بە هونەرمەند محەممەدی ماملێ کرا. لەو مەراسیمەدا کە کۆمەڵێک هونەرمەند و خەڵکی هونەردۆست و ڕووناکبیر بەشداریی ببون، ئەو خەڵاتە بە نوێنەرایەتی ماڵباتی محەممەد ماملێ، پێشکەش بە مامۆستا ناسری ڕەزازی کرا کە ئەویش بیگەیەنێتە دەستی خانەوادەی ئەو هونەرمەندە کۆچکردووە.

ناوەندی هونەریی نامۆ لەلایان هونەرمەندی شێوەکار “ئەحمەد نامۆ” بە شێوەیەکی فەرمی و لە وڵاتی سوئێد دامەزراوە. ئەو ناوەندە لە ماوەی تەمەنی کورتیی خۆیاندا کۆمەڵێک هەنگاوی باش و بنەڕەتی هەڵێناوەتەوە بۆ ڕێزلێنان لە هونەرمەندانی کوردستان. بۆ ئەو هونەرمەندانەی لە ژیاندا ماون، قالبگرتنی پەنجەیان و پێشکەشکردنی بڕوانامەی زیڕین لەژێر ناوی “پڕۆژەی لەبزێڕین”، هەروەها “ئەستێرەی زێڕین” بۆ ئەو هونەرمەندانەی لە ژیاندا نەماون، ئامادەکردنی پێشانگای هونەری شێوەکاری و چەندین چالاکی تر هەوێنی تێکۆشانەکانی ئەو ناوەندەن. 

بە گوێرەی وتەکانی بەڕێوبەری ئەو ناوەندە بەڕێز کاک ئەحمەد نامۆ، ئەم ناوەندە خۆبەخشانە کار دەکات و هەموو تێچووی چالاکییەکانی لەسەر حیسابی خۆیانە و تائێستا لەلایان هیچ لایەنێکەوە پشتگیری دارایی لێنەکراوە.

سپاس بۆ هونەرمەندی گەلی کورد کاک ناسر ڕەزازی کە بەردەوام وەک کوڕێکی دڵسۆزی ماملێ ڕۆڵی بینیوە و نوێنەرایەتی ماملێی کردووە، ئەمجارەش بە هەمان ڕۆح لەم خەڵاتە بە خاوەن دەرکەوت و بە ئەمانەتەوە گەیاندییە دەستی ماڵباتی ماملێ.
هەروەها جێی خۆیەتی ئەوپەڕی سپاس و پێزانینی خۆمان بکەین لە ناوەندی هونەریی نامۆ کە ماملێ‌ی خۆیان لەبیر بووە و ئەمەکناسانە خەڵاتی ئەستێرەی زێڕینی خۆیان پێشکەش بە ڕۆحی ماملێ کرد. هەر بژین
مەڵبەندی هونەریی ماملێ

بابەتی پێوەندیدار