Skip to content

ده‌نگێكى هه‌مووكات زيندوو – جەماڵی دەلاک

ئه‌ى گوڵفرۆش تاكه‌ى سه‌وداى تۆبم
عه‌ترى گوڵم بڕوا و من ڕه‌نجه‌ڕۆبم
بێنه‌ گوڵى سوورم ، تاعه‌ترى ماوه‌
جه‌ورى زه‌مانه‌ به‌سه‌ ، جه‌رگم بڕاوه‌ (*)

جه‌مالى ده‌لاك

جه‌مالى ده‌لاك
يه‌كێك له‌و ده‌نگه‌ ڕه‌سه‌ن و پاراوه‌ كوردييه‌ى كه‌ هه‌موو كات و بۆ هه‌موو ته‌مه‌نه‌كان پڕچێژ و شادى به‌خش و ئارامكه‌ره‌وه‌ى ڕووح و جه‌سته‌ى تاكى كوردبووه‌ ئه‌ويش هونه‌رمه‌ندێكه‌ كه‌ هه‌موو ژيانى به‌خشيوه‌ به‌ ڕێگا پيرۆزه‌كه‌ى هونه‌رى موزيك و گۆرانى كوردى و خاوه‌نى ڕێچكه‌و قوتابخانه‌يه‌كى به‌رزى هونه‌رى كوردييه‌ ،هونه‌رمه‌ند و مامۆستاى به‌سته‌ و قه‌تار ( محه‌مه‌دى ماملێ ) يه‌ ،
له‌ ياد و ياده‌وه‌رى 21 ساڵه‌ى كۆچى دوايي هونه‌رمه‌ند (محه‌مه‌دى ماملێ) دا ، وه‌ك وه‌فايه‌ك بۆ به‌رزو پيرۆزى ناوى ماملێ و ئه‌و هه‌موو خزمه‌ت و به‌خششه‌ هونه‌رييه‌ى پێي به‌خشيوين و ئه‌رشيفى هونه‌رى موزيك و گۆرانى كوردى پێ ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌ ، كه‌سايه‌تى و هونه‌ره‌كه‌ى هه‌موو كات پێشه‌نگ و له‌لوتكه‌دايه‌ ،،سه‌رى ڕێزو حورمه‌ت له‌ئاست كه‌سايه‌تى و گڵكۆى پيرۆزى دا داده‌نه‌وێنم ،
له‌م ساڵياده‌دا جيا له‌به‌رز نرخاندنى مێژووى لێوانڕێژ له‌هونه‌رى ڕه‌سه‌ن و به‌رزى كه‌سايه‌تى وخانه‌دانى هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دى ماملێ ، پێم باشبوو يادێك له‌و هه‌موو شاعير و ئاوازدانه‌ر و هونه‌رمه‌ندى ژه‌نيار و هه‌موو ئه‌وبه‌ڕێزه‌ ده‌نگ هه‌ڵگرانه‌ كه‌ بوونه‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌له‌ده‌نگه‌ كوردى و پڕسۆزه‌كه‌ى هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دى ماملێ بێ به‌شيان نه‌كردين ،
ڕاسته‌ هونه‌رمه‌ندى ده‌نگبێژ و گۆرانبێژ خاوه‌نى چريكه‌و ئه‌و ده‌نگه‌ خۆشه‌يه‌ كه‌له‌ڕێي سينه‌و گه‌رووييه‌وه‌ ده‌يبه‌خشێت به‌ بيسه‌ران و گوێگرانى ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ى ، به‌ڵام نابێت هيچ كات ڕۆڵ و ماندووبوون و خامه‌ى به‌رزى شاعيران و ده‌ست و په‌نجه‌ى ژه‌نياران كه‌له‌پشتى هونه‌رمه‌ندى گۆرانيبێژه‌وه‌ن فه‌رامۆش بكه‌ين ، له‌ ساڵيادى ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كوردپه‌روه‌ره‌ دا ( محه‌مه‌دى ماملێ ) كه‌له‌هه‌موو قۆناغه‌كانى ژيانى كه‌سايه‌تى و ژيانى هونه‌ريدا هه‌مووكات له‌به‌ره‌ى گه‌له‌ چه‌وساوه‌كه‌يدا بووه‌ ، و ڕۆژێك له‌ڕۆژان سه‌رى نه‌وى نه‌كردووه‌ بۆ دوژمن و داگيركه‌رانى كوردستان به‌ڵكو له‌پێناو نه‌ته‌وه‌كه‌يدا قوربانيشى به‌خشيوه‌ به‌ڕيگا پيرۆزه‌كه‌ى ئازادى و سه‌ربه‌خۆيي كوردستان ، له‌م ساڵياده‌ وه‌ك وه‌فايه‌ك بۆ به‌رزنرخاندنى هه‌موو ئه‌و ئازيزانه‌ كه‌ پشت و په‌ناى سه‌رخستنى هونه‌رى ماملێ هونه‌رمه‌ند بوون يادێكيان لێ بكه‌ين و ناوييان بێنين ، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دى ماملێ كه‌سێكى به‌ئاگا و شاره‌زا بووه‌ له‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و دياريكردنى هۆنراوه‌ دا ، ماملێى مامۆستاى قه‌تار سوودى له‌هۆنراوه‌ى ئه‌م شاعيرانه‌ وه‌رگرتووه‌ و به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ى هۆنراوه‌ى ئه‌وشاعيرانه‌ى چڕيوه‌ وه‌ك ( وه‌فايي ، هێمن ، هه‌ژار ، حاجى هاشم نانه‌وازاده‌گان ، ئه‌حمه‌د هه‌ردى ، حه‌قيقى ، سه‌يدكاميلى ئيمامى ، غه‌ريب پشده‌رى و تاد )داواى لێبوردن ده‌كه‌م كه‌ناوى هه‌ندێك له‌شاعيرانم نه‌نوسيبێ ، كه‌واته‌ هه‌رده‌نگ خۆش و پڕچێژى ماملێ بووه‌ هۆنراوه‌و تێكستى ئه‌و شاعيرانه‌ى به‌گوێگر و بيسه‌رى به‌ر‌هه‌مه‌كانى ناساندووه‌ ، زۆرجاران باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ماملێ له‌بوارى موزيكدا هه‌ژار بووه‌ ،ئه‌ويش به‌هۆى نه‌بوونى تيپێكى موزيكى پرۆفيشناڵ كه‌بۆ ده‌نگ و هونه‌رى ماملێ گونجاو بوبێت ، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تاى كارى هونه‌رى ماملێ وه‌ تا دواساڵه‌كانى ژيانى كۆمه‌ڵيك ده‌ست و په‌نجه‌ شيرين و لێوڕيژ له‌هونه‌رى موزيكژه‌نين له‌پشتى كاره‌ هونه‌رييه‌كانى ماملێ بوون به‌و كه‌م ده‌رامه‌ته‌ هونه‌رييه‌و نه‌بوونى ستۆديۆى تۆمارى ده‌نگ ، به‌ڵام هونه‌ره‌كه‌يان و دڵسۆزى خۆشه‌ويستيان بۆ ماملێ و هونه‌ره‌كه‌ى ئه‌و شاكارانه‌يان تۆماركردووه‌ ، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندانى ڕاديۆى كرماشان و تيپى موزيكى ئازه‌ربايجان و تيپى موزيكى مه‌هاباد ، هونه‌رمه‌ندانى ژه‌نيار وه‌ك (مه‌مه‌دى تارژه‌ن و عه‌لى كه‌مانچه‌ژه‌ن و ئيسلامى كه‌مانچه‌ژه‌ن_ له‌بنه‌ڕه‌تدا تورك بوون‌) ،(جه‌عفه‌رى مينايي _ ڤيۆلۆن ) ، (محه‌مه‌د دانش _ عودژه‌ن) ، ( سه‌روان محه‌مه‌دى ناهيد _تار ) ، ( جه‌عفه‌رى ئه‌مينى _ ئيقاع ) ، ( عه‌لى جافه‌رى _ سه‌نتوور ) ، ( ڕه‌شيدخانى فه‌يزنه‌ژاد _ ڤيۆلۆن)، ( ئازاد قه‌ره‌داخى _ كه‌مانچه‌ ) و (عه‌دنان كه‌ريم _ عود) لێره‌شدا داواى لێبوردن له‌و هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نيارانه‌ ده‌كه‌م كه‌ناويانم نه‌هێناوه‌ ، به‌ڵام ستايش و سپاسگوزارى و به‌رزنرخاندن بۆ هه‌ست و دلسۆزيي و ماندووبونيان ، هه‌روه‌ها نابێت يادێك له‌و مرۆڤه‌ خۆنه‌ويست و دلسۆزانه‌ نه‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌ڕێي ئامێرى تۆماركردنه‌وه‌ له‌ شه‌و ئاهه‌نگ و دانيشتن و زه‌ماوه‌نده‌كاندا به‌خۆيان و ڕيكۆرده‌ره‌كانيانه‌وه‌ ئه‌و هه‌موو به‌رهه‌مه‌ جوانانه‌يان تۆماركردووه‌ و ئه‌مرۆ جێى شانازين و هه‌تا ميلله‌تى كورد بوونى هه‌بێت ده‌نگ و سه‌دا و هونه‌رى هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دى ماملێ بوونى هه‌يه‌و هه‌ميشه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ ڕه‌سه‌نه‌ به‌زيندوێتى ده‌مێنێته‌وه‌ ، يه‌كێك له‌و هونه‌ردۆستانه‌ به‌رێز ( كه‌ريمى ته‌ڵايي ) يه‌
هه‌زاران چه‌پكه‌ گوڵ بۆ سه‌ر گڵكۆى پيرۆزى هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دى ماملێ و يادى هه‌مووكات به‌خێر و ڕۆحى شاد و له‌قوڵايي دڵمه‌وه‌ سپاس و ستايش و سپاسگوزارى بۆ ئه‌و خاتوونه‌ خانه‌دانه‌ (ئامينه‌خان ) هاوسه‌رى ماملێ بۆئه‌ومێژووه‌ جوانه‌ نه‌خشاندوويه‌تى كه‌ هه‌موو كات پشت و په‌ناو دلسۆزو هاوكارو درێژه‌پێده‌رى هونه‌رى محه‌مه‌دى ماملێ بووه‌ ، بۆئه‌و په‌روه‌رده‌ جوانه‌ى منداڵه‌ شيرينه‌كانى هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دى ماملێ .
24/1/2020
(*) هۆنراوه‌ى حاجى هاشم نانه‌وازاده‌گان

بابەتی پێوەندیدار