Skip to content

فیلمێکی نوێ لە ماملێ و چەند وردە زانیارییەک.

ڕەنگبێ بینەر سەیری ئەم فیلمە بکا، وا تێبگا کە ماملێ و هونەرمەندانیتر لە شوێنێکی تایبەتی  و پرۆفێشیوناڵی هونەریدا ئەم فیلمەیان تۆمار کردووە؟ نەخێر بەپێچەوانە. ئەم بەرهەمە و دەیان بەرهەمی تر لە ماملێ و دەیان هونەرمەندی تر هەر وەک ژیانی ئاسایی خۆیان، ساکار و دەستکورت و خاکەڕا تۆمار کراون. لەو سەرو بەندەدا کە هیچ جۆرە بەستێنێک بۆ پەرەپێدانی هونەری نەتەوەیی لەبەردەست دا نەبوو، ئەم هونەرمەندانە ناچار ببوون لە ژێرزەمین دا بەرنامەی خۆیان بەڕێوە بەرن. دیوار و عەرزی ژێرزەمین بە فەڕش داپۆشن و پەنجەرەکانیشی بە خشت و گڵ سواغ دەن تا دەنگ و سۆما نەچێتە دەرێ و پاستار پێی نەزانن و سزا نەدرێن.

هەر چالاکییەک لە پێوەندی بە چاند و هونەری کوردی، دەبوا بە شێوەی نهێنی ئەنجام بدرێت. گەر تاکێکی کورد بە ئامرازێکی مۆسیقاوە دیترابا، لە لایەن پاستارانەوە بە بیانووی جۆراوجۆرەوە دەستبەسەر دەکرا. هاوکات گەر کامێرایێکی فیلمهەڵگرتنەوە کە ئەوسەردەم زۆر دەگمەن کەسێک هەیانبوو بە دەستی تاکی ئاسایی کۆمەڵگاوە دیترابا، زۆر بە ساکاری بە تاوانی هاوکاری بۆ وڵاتانی بیانی تۆمەتبار دەکرا و گیانی دەکەوتە مەترسییەوە. لە کەشێکی ئەوتۆدا کە ڕێگەی خزمەت بە هونەر چەتوون ببوو، کۆمەڵێک کەسی بە ئەمەگ بە هاوکاری یەکتر توانیان کۆمەڵێک بەرهەم ئاڕشیو بکەن کە ماڵ بە ماڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگێڕدران و تینیان بە ورەی کورد دەبەخشییەوە.

ئەو گرتانە بە قاچاغی و بە کەمترین ئیمکانات هەڵگیراون. تەنیا بۆیان گرینگ بووە کە ئەو دیمەنانە بۆ داهاتوو بە یادگار بمێنێتەوە. ئەم گرتەیە کە دەیبینن بە شێوەی (پلەی بەک) تۆمار کراوە، واتە پێشتر دەنگەکەیان تۆمار کردووە و پاشان وێنەکانییان هەڵگرتووە.
ئەم فیلمانە لە کەشێکی زۆر ناسکی سیاسیدا لە مەهاباد لە ماڵی کاک عەزیز خاڵندی تۆمار کراوە.  هاوکات دەگەڵ ئەم گۆرانییە چەند گۆرانی تریش هەن کە لە داهاتوو دا ئێمە لە مەڵبەندی هونەریی ماملێ، پاش ئەوەی کە دەنگەکانمان خەوشەبڕ کرد، دەگەڵ فیلمەکە دەیلکێنین و پێشکەش بە هۆگرانی ماملێ و گەلی کوردی دەکەینەوە. بەڵام گرینگە ئەوە بڵێین کە ئەو کارە گەلێک زەحمەتە و پێویستی بە کات و کەرەسەی تایبەت هەیە.
دڵنیاتان دەکینەوە کە هەردەم بابەتی نوێ بڵاو دەکەینەوە. دەگەڵمان بن.

خۆ من کوردم
گۆرانی: محەممەد ماملێ
بە دەنگی: محەممەد ماملێ
هۆنراوە: بەشێک بە دڵنیاییەوە فۆلکلۆرە و بەشێکیش شیمانە دەکرێ یان ئی ماملێ بێت یان ئی هاشم نانەوازادە.
کەمانچە: عەلی عەجەم (بەداخەوە ناسناوەکەی نەزانراوە و هەر بەو ناوە بانگیان کردووە و بۆیە ئێمەش وەک خۆی نووسیومانەتەوە)
زەرب: جەعفەر ئەمینی

بابەتی پێوەندیدار