Skip to content

با ون نەبێ – سەید مەسعود سەعیدی

ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٣٩٣⁄١١⁄٩ ، دۆستی زێدە ئازیز و خۆشەویستم کاک ” حەبیب سەلیمییان ” کە بۆ ماوەیەک ئامێری سەنتووری بۆ ھونەرمەندی نەمر کاک محەممەد ماملێ ئەژاند ، لە سەردانی نووسەران و شاعیرانی مەھابادی لە ماڵی ماملێی نەمر و چاوپێکەوتنی باجە ئامین لە بیرەوەرێک ئەخلاق و ھەستی پڕ لە دڵسۆزی ماملێی نەمری خستە بەر باس.

کاک حەبیب بیرەوەرێکی بۆ میوانان بەم چەشنە گێڕاوە کە

بە کاک محەممەد یان ڕاگەیاند یەکێک لە ھاوشاریان بە ناوی ….. تووشی مادەی ھۆشبەر بووە بنەماڵەکەی زۆریان ھەوڵ و یارمەتی داوە بۆ تەرکی کردنی بەڵام دەسکەوتێکیان نەبوو.

کاک محەممەد بە بیستنی ئەم ھەواڵە زۆر بە پەرۆش دەبێت و پاش کورتەماوەیەک بیر کردنەوە دەڵێت من حازرم بۆ وەلانانی ئەم مادەیە ، یارمەتی کاک ….. بدەم بەڵام بە شێوەیەکی تایبەت کە خۆم  وەبەر چاوی دەگرم.

لە سەر ویستی کاک محەممەد ماملێ ، چەند کەس لە ژەنیاران بانگ کران  و کاک محەممەد ئامانجەکانی لە درێژەی ئەم تێکۆشانە ی بۆ باس کردین. بڕیار درا چاودێری خۆمان لە ماڵە ….. دەست پێبکەین.

ھەر وەکی پێشبێنی دەکرا ٤٠ ڕۆژ مان دەرفەت دیاری کرد بۆ دوور خستەوەی …. لەم بەڵایە.

بە ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە شوێنە چاودێری تایبەت لە ….. کرا . ھەر کات ….. ھەستی بە ئێش و ژان دەکرد ، کاک محەممەد دەیگوت کوڕینە با دەست پێبکەین و ئەو شێعر و گۆرانی دەگووت و ئێمەش دەستمان بە ژەنین دەکرد.

…… ژانی دەکێشا و ئێمەش دڵخۆشیمان دەداوە . ئەم چل ڕۆژە ، لە ژیانی تایبەتی خۆمان دوور کەوتین و ھیچ بەرنامەیەکمان جگە لە سڵامەتی ….. و گەڕانەوەی بۆ کۆمەڵگا نەبوو .

لە ماوەی ئەم چل ڕۆژە سەختە دا ، مامۆستا ماملێ تەنیا دوو شەو بە ھۆی ھاتنی میوان لە ناوچەی مەڕگەوەر و باشوور چۆوە ماڵی خۆی و سی و ھەشت شەو ماندوو نەناسانە لەم شوێنە مایەوە. ئەوەش جێی سرنجە کە مامۆستا ماملێ تەمەنێکی ڕابوارد بو و خۆی پێویستی بە ئیستراحەت و پشوو دان ھەبوو.

پاشی تێپەڕاندی چل ڕۆژی پڕ لە سەختی ھەم بۆ ئێمە و ھەم بۆ نەخۆش ، …… توانی خۆی لە مادەی ھۆشبەر پاک بکات و ڕۆژی ئاخر ڕۆژێکی پڕ لە خۆشی بوو . کاک محەممەد شوکری بەجێ ھێنا و دەسخۆشی پێ گوتین و گوتی لە دڵما  ھەست بەوە دەکەم کە ئەمڕۆ جێژنە و ئێوەش بچنەوە سەر ژیانی خۆتان.

بە داخەوە پاشی ماوەیەک …… دیسان خۆی تووشی مادەی ھۆشبەر کردەوە و لە درێژە دا کۆچی دوایی کرد.

کاک حەبیب زۆر جار باسی لەخۆبوردوویی و دڵسۆزی کاک محەممەد دەکا . کاک جەعفەر ئەمینی بە ئامێری زەرب لەو مەراسیمەدا نەخشی بەرچاوی ھەبووە.

سەید مەسعوود سەعیدی

مەھاباد _ گۆڤاری زانکۆ ، ژمارەی٤

بابەتی پێوەندیدار