Skip to content

ڕۆژانی سەخت و ئەرکی نیشتیمانیمان

لە پاش کۆمەڵکوژکردنی گەلەکەمان لەلایان هەردووک قەیسەری عوسمانی و ڕووس لە شەڕی یەکەمی جیهانی کە لێکەوتەکەی بوو بە ماڵوێرانی و لەبرسان مردنی زۆر لە خەڵکی کورد، (بەتایبەت لە محاڵی موکریان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ئەوە یەکەمجارە کە گشت جیهان و بەتایبەت نەتەوەکانی بێدەرەتانی وەک کورد، وەها دۆخێکی ناخۆش تێپەڕ دەکەن و لەبەر پەتای کۆڕۆنا دەستیان ناڕوات بەرهەمی کار و ڕەنجی خۆیان بخۆن و ناچارن لە قەرەنتینەدا بن و خۆیان و بنەماڵەکەیان لە مردن بپارێزن. گەر ئەو دۆخە ئاوا بەردەوام بێت برسێتی و قاتی لەوانەیە ڕوومان تێبکات و ئەگەری ئەوەش هەیە لە هەموو جیهان کارەساتێکی گەورەی مرۆیی ڕوو بدات بە کوردستانیشەوە. ئەوە جیا لەو باسەیە کە هەنووکەش کەسانی بێ نان و برسیمان زۆرن و دەبێ ئاوریان لێبدرێتەوە.

ئێمەی کورد هەموو چەشنە نەهامەتی و کارەساتێکمان دیوە و ڕاهاتووین کە خۆمان دەگەڵ کێشەکان بگونجێنین بەڵام، دەبێ ئەمجارەیان زیاتر وشیار بین و تا دەتوانین بە کەمترین خەساری گیانی و ماڵیی، لەو قەیرانە ڕزگاریمان بێت، دەزانن بۆ؟ چوون چۆلکردنی جەستەییمان لەسەر ئەو خاک و خۆڵە، خەونی ناحەزانی کوردە و لەمێژساڵە تاڵانی خاک و  قەڵت و پەی سەرمان و شوورت و شۆی خەڵکمان دەکەن. مخابن کە ئەمجارەیان پەتای کۆڕۆنایش بە یارمەتییان هاتووە.
خۆ پاراستنمان لە پەتای کڕۆنا و یارمەتیدانی یەکتر ئەرکێکی مرۆڤانە، ئەخلاقی، نیشتمانی، کوردانە و نەتەوەییە. زیندوومانەوەی کورد دەبێ یەکەم خەممان بێت. هەرکام لە ئێمە دەبێ بە ئەرکی ئەخلاقی و مرۆیی خۆمانی بزانین کە لەو نەخۆشییە خۆمان بەدوور بگرین، دەستی یەکتر بگرین و پارۆمان بەش کەین دەنا، ئەوجارە بکەوین، بە بابی دیاکۆش هەڵناستینەوە و تێدادەچین.

لەو ماوە کورتەدا کە قەیرانی کۆڕۆنا سەری هەڵداوە، بە خۆشییەوە کۆمەڵە هەواڵێکی دڵخۆشکەر بە گوێمان دەگات کە بەشێک لە سەرمایەدارانی کورد هۆیان داوەتەوە و بوون بە قارەمانێکی نەتەوەیی و بەهانای لێقەوماوان و بێدەرەتانانی نیشتمان ڕۆییشتوون. با ئەو کەسانە بزانن کە سەرمان پێیان بەرزە و ناویان بۆ هەتایە لە لاپەڕەکانی مێژووی گەلدا پڕشنگدارانە ترووسکە دەدات. هیوادارین ئەو کەسانە نمونە و زێڕ و هێزیان زۆر و لەگەشە بێت.

ئاواتەخوازین ئەو پەتایە بارگە و بنەی زوو کۆ کاتەوە و بەرۆکی مرۆڤایەتی بەر بدات و کوردیش هەر زیندوو بێت.
مەڵبەندی هونەریی ماملێ

بابەتی پێوەندیدار