Skip to content

ڤیدیۆی “سووڕی دەوران” بە دەنگی مامۆستا “هێمن موکریانی”

مەڵبەندی هونەریی ماملێ لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندییەوە، هەوڵی داوە ببێتە شوێنێکی مەتمانەپێکراو کە لەسەر ئەساسی بەڵگە و فاکتی پشت ئەستوور، لەسەر مژارە جیاوازەکان بدوێ و هەنگاو هەڵێنێتەوە، نەک لەسەر ئەساسی وتی وتی و سازکردنی مێژووی دەستکرد و بێبنەما بە مەبەستی خۆ دەرخستن. هەر ئەو خاڵەش بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی پێگەی ئەو ناوەندە تا لەلایان جەماوەری فەرهەنگ دۆست و هونەرخۆشەویستەوە مەتمانەی پێبکرێت.

لە ساڵی ٢٠١٧ هاوکات دەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئاڵبۆمی “ڕێژنە”، فایلێکی دەنگی لە مامۆستا هێمنی موکریانی کە هۆنراوە جوانەکەی (سووڕی دەوران) دەخوێندەوە، لە لایان یەک لە دڵسۆزانی فەرهەنگ و هونەری کوردی و یەک لە دۆستانی نیزیکی مامۆستا هێمن موکریانی بە ناوی یای “خەجیج حەداد” هاوسەری تێکۆشەری دێرین کاک “کەریمی حەداد”ەوە پێشکەش ئەو مەڵبەندەوە کرا تا لە ڕێگای ئەوەوە پێشکەش بە میللەتی کورد بکرێتەوە.
ئەو مەڵبەندە  کوت و پڕ قۆڵی لە فایلەکە هەڵماڵی و لە کۆی ئاڵبۆمێکی سی.دی و لەسەر تێچووی ئەو مەڵبەندە پێشکەشی کردەوە بە هۆگران و عاشقانی هێمنە هەردەم تاقانەکەی کوردستان.

بەداخەوە ئەوسەردەم لەبەر نەبوونی کاتی بەردەست و ئیمکاناتی گونجاو بۆمان نەکرا کە ئەو فایلە دەنگییە بە شێوەی ویدیۆ و کلیپ بڵاو بکەینەوە. بە خۆشییەوە ئەمساڵ توانیمان ئەو ئەرکەی خۆمان بەجێ بگەیێنین و لە سی و چوارەمین ساڵیانی ئەو هۆزانەدا بڵاویان بکەینەوە کە لە ژێر ئەم نووسینانەوە پێشکەشتان دەکرێت.
پێویستە دووپاتی بکەینەوە کە ئێمە لەو مەڵبەندە لەسەر ئەساسی پڕەنسیپە ئەخلاقییەکانی محەممەدی ماملێ کار دەکەین و ئەخلاق لە کارماندا قسەی یەکەم دەکات تا ئەو ڕۆژەی هەناسە بدەین لەو هێڵە لا نادەین و تێچووەکەشی چ بێت، بە دڵ و بە گیان هەروەها بە سەری بەرزەوە ئامادەین بیدەین.
دیسان سپاس لە مەتمانەی بنەماڵەی حەداد و هەروەها کاک فاروق فەرهاد کە ئەو مەڵبەندەیان بە مڵکی خۆیان زانی.
مەڵبەندی هونەریی ماملێ

بابەتی پێوەندیدار