Skip to content

یادێک لە مامۆستا هاشم نانەوازادە

نووسینی: خەبات محەممەدزادە

ماملێ و هاشم نانەوازادە

لە مێژوووی ئەدەبی کوردی زۆر بە دەگمەن شاعیر هەڵکەوتووە کە شێعر بۆ گۆرانی بهۆنێتەوە، وەک دەڵێن (ترانەسرا) بێ.
لەو نێوەدا دەکرێ ئاماژە بە مامۆستا “عوسمان ئەحمەدی” بکەین کە شاعیری بەشێک لە گۆرانییەکانی “مەزهەر خالەقی”ـیە، لەوانەی ئەوڕۆییش مامۆستا “ئەحمەد محەممەد” یەکێکی تر لەو بەڕێزانەیە کە شێعر بۆ گۆرانی دەنووسێ، بەڵام باس لە کەسێک دەکرێ کە سەرتۆپی هەمووانە واتە “مامۆستا هاشم نانەوازادەگان”ـە.

مامۆستا نانەوازادەگان ساڵی ١٣٠٧ ی هەتاوی له شاری مەهاباد چاوی به دنیا هەڵێنا. لە تەمەنی شەش ساڵی باوکی بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی دەکا، ئەو بەڕێزە لەو لاوانە ئەژمار دەکرێ کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان دەنێردرێتە وڵاتی سۆڤیەت و لە شاری باکۆ لە دانیشکەدەی ئەفسەری فێری ددانسازی و کاریکاتۆر و نیگارکێشانیش بووە. ئەگەر دەستی لە نیگارکێشان هەڵنەگرتبا بێ شک ئێستا یەکێک لە نەخشێنەرە هەرە بەناوبانگەکانی کورد بوو.

مامۆستا قورئانخوێنێكی دەنگخۆش بووه و سەدان شێعری له بارەی عیرفان و تەسەووف دا كوتووه، هەروەها وێڕای مامۆستا محەممەدی ماملێ هۆگر و شەیدای خانەدانی “نەهری/ شەمزینان”  بوون.

ئەوەی مامۆستا هاشم نانەوازادەگانی زیاتر ناساندووه، هەڵبەسته بەپێز و سۆزەكانێتی كه به دەنگی زۆربەی گۆرانیبێژه بەناوبانگەكانی كوردستان و بەتایبەت موكریان كراون به مەقام و قەتار و گۆرانی.

مامۆستا هاشم نانەوازادە دەگەڵ مامۆستا محەممەد ماملێ لە خانەقای شەمزینان لە خزمەت حاج سەید عەبدوڵا ئەفەندی ساداتی نەهری هاوڕێ دەگەڵ کۆمەڵێک لە شارۆمەندانی سابڵاغی

ئەوەی دەبێته هۆی سەرکەوتنی گۆرانیبێژ، هاوڕایی شاعیری بەستەکانێتی و تا ئەو دوو کەسایەتییە لە یەک نیزیکتر بن و ئاگایان لە هەست و سۆزی بەرامبەریان بێ بەستە و مەقامەکان جوانتر و دڵنشینتر دێنە سەر زمان و تۆمار دەکرێن، لە ڕاستیدا مامۆستا نانەوازادەگان و مامۆستا ماملێ گەیەشتبوونە ئەو تێکەڵاوییە ڕۆحییە و لە هەست و دەروونی یەکتری ئاگادار بوون کە ئەو هەست و سۆزە جوانە لە گۆرانی و قەتارەکانی مامۆستا ماملێ بە جوانی خۆی نیشان دەدا و گوێگر هەستی پێ دەکات.
مامۆستا خۆی له نامەیەك دا كه بۆ كاك پۆڵای كوڕی نووسیوه دەڵێ: ئەمن دەوری ١٢٠ پارچه هەڵبەستم لەسەر ئاوازی كوردی، فارسی، عەڕەبی و توركی داناوه كه زۆربەیان ماملێ كوتونی کە دەکرێ ئاماژە بە گۆرانییەکانی کۆچی سوور، زمزیران، پەیامی دڵ، یار یار، یادی بەخێر، ماڵە بابم بێوەفا، وەرە گوڵم و گوڵفرۆش بکەین.

هەڵبەستەکانی مامۆستا لەلایان زۆر هونەرمەندی تر کراون بە گۆرانی کە دەکرێ ئاماژە بە حەسەن زیرەک، حەسەنی ماملێ، ڕەسوو نادری، خەلیل سەدیقی، برایمی قادری، سەید عەلی سەردەشتی، قادر مامەندی و … بکەین.

گڵکۆی مامۆستا هاشم نانەوازادەگان

مامۆستا له شاری مەهاباد دوكانی عەتتاری هەبووه و ئەو دوكانه مەكۆی شاعیران و گۆرانیبێژان بووه و زۆربەی دەنگخۆشەكان ئاوازەكانیان داوه به بەڕێزیان تا شێعریان بۆ بنووسێ و ئەوە ش بۆته هۆی خۆشەویستبوونی مامۆستا له نێو هونەرمەندانی سەردەمی خۆیدا.
بەداخەوە له ڕێكەوتی ١٦ی بەفرانباری ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی بۆ هەمیشه چاوی له دنیای فانی بەست و هۆگرانی شێعر و گۆرانی كوردی بۆ هەمیشه بەجێهێشت.

جێگای ئاماژەیه كه تەنیا بەشێك له هۆنراوەكانی له كتێبی “لاله به دەستان” كە ناوی گۆرانێكی خۆش و بەسۆزی مامۆستا ماملێ یه و شێعری بەڕێزیانه چاپ بووه و هیوادارین له داهاتویەكی نیزیك دا دیوانەكەی به سەرجەم هۆنراوه كانی له چاپ بدرێ و بگاتە دەستی لایەنگرانی هونەر و ئەدەبی كوردی .

” شەهیدی ئەو ڕێیەی وێردی زوبانن
مردن بۆ عاشق نێ هەر جاویدانن ”

یادیان بەخێر و هەرمان

بابەتی پێوەندیدار